$دووربینی و بێ بەنزینی$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#23-06-2014#
هێشتا میدیاکاران و چالاکڤانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تێرقسە نەببوون لەسەر #داعش#، کەچی بێ بەنزینی هەموو شتێکی لەبیربردنەوە. سەرکردەکانی کوردستان بە شانازییەوە لە هەڤپەیڤین و لێدوانەکانیاندا باسی ئەوەیان دەکرد کە دووربینانە پێشبینیی ئەو ڕووداوانەیان کردبوو کە لە موسڵ و ناوچە سوننەنشینەکانی دیکە ڕوویاندا، بەڵام ئێستا کە بەنزین نییە، پێمان ناڵێن کێ کوورتبین بووە لە پێشبینیکردنی ئەو قەیرانەی بەهۆی بێبەنزینییەوە درووستبووە؟
داعش گۆمە مەنگەکەی ئێراقی خراپ شڵەقاند. بە جۆرێک کە ئەو منداڵەی لە لاکۆڵانیش یاری دەکات لەجیاتی ئەوەی بۆ ترساندنی هاوڕێکەی بڵێت “پخخخ” پێیدەڵێت: “هەڵێ داعش هات”. ئەو هات و نەهاتی داعشە تەنیا بەوە دڵخۆشی نەکردین کە ناوچە دابڕاوەکان بە “پخخخ”ێک کەوتنەوە دەست پێشمەرگە. تەنیا ئەوەشی نەکرد کە ئەمریکا لە کەلی شەیتان بێتە خوارەوە و بڕوا بەوە بکات کە مالیکی لەجیاتی ئەوەی بەشێک بێت لە چارەسەر بۆخۆی بەشێکە لەو هەڵەیەی ئێراقی گەیاندووەتە ئەمڕۆ. بەڵکوو جموجۆڵێکی ترسناکیشی خستە بازاڕەوە.
بەرلەوەی داعش سەروگوێلاکی لە موسڵ پەیدابێت، کەس لە کوردستان نەیدەزانی بۆ وەرگرتنی بەنزین نۆرەگرتنێکی سێ کیلۆمەتری و پێنج کاژێریت پێویست دەبێت. بەندەش نەیدەزانی بۆ پەیداکردنی بەنزین دەبێ بچێتە نزیک گوێر و لە هۆڵێکی چاوەڕوانیی “ڤی ئای پی”دا، چوار کاژێر بەدیار گەیشتنی تەنکەرێکی بەنزینەوە بوەستێت، کە خوا دەیزانی بەدزییەوە بۆ داعش دەبردرێت یان کوڕی بەرپرسێک بەنرخی چەند قات بە کەسانی کەمکات و خووگرتوو بە بەنزینی وەکوو بەندەی دەفرۆشێت.
ئەگەر داعش نەبووایە غازفرۆشەکان بیریان چووبووەوە چاوچنۆکی بکەن، میوەفرۆشەکان بە قازانجی کەم ڕازی بوون و بریکارانی بەشە خۆراکیش دەستیان لەوە شووشتبوو هەندێک کەس بێن و داوای بەشە ئاردی خۆیان بکەن. لە شارۆچکەیەکی نزیک #سۆران# شۆفێرێک بەنزینی نێو ئۆتۆمبێلەکەی بەنرخی چوارقاتی ئەوەی لە بەنزینخانەکاندا دەفرۆشرێت پێفرۆشتمەوە. کاتێک ڕۆیشتیش نە هەستی بە بێویژدانی کرد و نە ئاوڕێکی لەدوای خۆی دایەوە. منیش مەمنوون بووم و دوعای خێرم بۆ چاکەکانی ئەو و داعش کرد!
حکومەتی کوردستان ئیشی چاکیکرد کە لە ساڵانی ڕابردوودا ئیشی بۆ پشتبەخۆبەستوویی لە بواری وزەدا کرد، بەڵام ئەو قەیرانەی لەبەر بێ بەنزینی لە کوردستان درووستبوو، سەلماندی کە دڵنیاکردنەوەکانی حکومەت سەد لە سەد ڕاست نەبوون و هێشتا دەست لە “ملان” درێژترین بۆ ڕۆژی ڕەش. دەریشیخست کە بۆ دوور زۆر دووربینین بەڵام بۆ نزیک زۆر کوورتبینین.
ئێمە چاومان لەوە بوو دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنین. بەدزییەوە چەقەنەمان بۆ “برایانی داعش” لێدەدا و دەمانوت ئەوەی بە توندوتیژی لێیانستاندین هەر بە توندوتیژیش لەدەستیان بەربووەوە و لێمان وەرگرتنەوە، بەڵام نەماندەزانی ئەوەی خۆمانی پێوە بادەدەین و ئەو بێمنەتییە درۆیینەیەی بۆیان درووستکردووین، تەنیا نیوەی ڕاستییە.
ئێستاش دەزانین ئەو ڕەوشە بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ ناگۆڕێت. بێبەنزینی سەرەتای دەرکەوتنی عەیب و عارەکانی دیکەی ئیدارە پشتبەخۆبەستووەکەمانە. دەزانین باجی ماڵجیاکردنەوە و فرۆشتنی ئەو خانووەی ناومان لێنابوو ئێراق و سێ خاوەنی هەبوون دەبێ بدەین و باجەکەشی گەورەیە. بەڵام دڵمان بەوە خۆشە کە چیدیکە شەرم ناکەین لەوەی ئێراقین. دەشزانین چیدیکە نیگەران نابین لەوەی کە سەدامێکی نوێمان لێ قیت دەبێتەوە و عەبدولئەمیر زەیدییەکمان لێ دەکاتە کەڵەگا یان شەهرستانییەکمان لێدەکاتە ئاگری بن کا. [1]