$خەتای مالیکی نییە$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#14-07-2014#
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا بە نووری مالیکی دەڵێت تووشی هیستریا بووە و تەوازوونی لەدەستداوە. ئەم ڕستەیە لە میدیای جیهانیدا دەنگیداوەتەوە و زۆر قسەی لەسەرکراوە. ڕاستە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەنتەری دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان نییە، بەڵام لە پێناسەکردنی هەڵسوکەوتی ئەمدواییەی مالیکیدا خراپی نەپێکاوە.
مالیکی لە یەکێک لە مشکەکانی تاقیکردنەوەیەکی دەروونناسی دەچێت کە چەند ساڵ پێش ئێستا لە ئەوروپا ئەنجامدرا. ئامانجی تاقیکردنەوەکە ئەوەبوو کە بزانن کاریگەریی سەرکەوتن لەسەر هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان لەدوای بردنەوە چییە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پێناسەکردنی هەڵسوکەوتی ئەمدواییەی مالیکیدا خراپی نەپێکاوە
هەروەها لە پێچەوانەکەشی کۆڵدرایەوە. بەپێی تاقیکردنەوەکە کاتێک مشکێک دەیتوانی لە شەڕدا بەسەر زۆرتر لە مشکێکدا زاڵ بێت، لەخۆی بایی دەبوو و پەلاماری مشکی زۆرتری دەدا. بەڵام کاتێک یەکێک لە مشکەکان دەیشکاند، وردەوردە مشکە لەخۆباییەکە دەشێوا و دۆڕان لەدوای دۆڕانی بەسەردەهات.
بیرکردنەوەیەکی هەڵە هەیە کە پێیوایە ئەوانەی وادەکەن کەسێک ببێتە دیکتاتۆر، خەڵکی وڵاتانن نەک کەسەکان خۆیان. هەڵە لەم بیرکردنەوەیەدا ئەوەیە کە سرووشتی خۆویستانە و دەسەڵاتخوازیی بێسنووری مرۆڤ لەبیرکراوە. ئەوەش لەبیرکراوە کە دەسەڵات مرۆڤەکان دەگۆڕێت. سەیری نموونەی هیتلەر، مۆسۆلینی، قەزافی، سەدام و زۆر دیکتاتۆری دیکە بکەن. هەموو ئەوانە مرۆڤی ئازیز و جەماوەرداربوون لە کۆمەڵگەکانیاندا، بەڵام سەرکەوتنەکانیان و نەبوونی دەسەڵاتێکی لەخۆیان بەهێزتر، کە بەسەرسەریانەوە بێت و سنوور بۆ حەزی بێسنووری دەسەڵاتدارتربوونیان دابنێت، ئەوانی گۆڕی.
مالیکی شۆڕشگێڕێک بوو لە پیرە #هەولێر#ی پایتەختی باشووری کوردستان خوێندی و ژیا
مالیکی پیاوێکی چاک بوو. شۆڕشگێڕێک بوو لە پیرە هەولێری پایتەختی باشووری کوردستان خوێندی و ژیا. کاتێک گەڕایەوە بەغداش، بە پارە و پاسەوانی سەرکردەیەکی کوردستان گەڕایەوە. مالیکی وەکوو مشکی نێو تاقیکردنەوەکە بە سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی لەخۆی بایی بوو. ئەو لەخۆباییبوونەش لە واقیع دووریخستەوە. ئەو ئەوکاتە لەخۆباییبوونەکەی گەیشتە لوتکە کە توانیی میلیشیا شیعەکان بەتەواوەتی کۆنترۆڵ بکات، لەلایەکەوە ئەمریکا لە ئێراق دەرپەڕێنێت و لەلایەکی دیکەشەوە پشتیووانیی سەد لەسەدی ئێران وەدەستبهێنێت.
کاتێک کەللەڕەقیی کرد و هەر سەرۆک وەزیرانی ئێراق مایەوە، ئەمریکاش نەیتوانی دەستی لێ بەربدات، هێندەی دیکە لەخۆبایی بوو و تێگەیشت دەتوانێ مشکی زۆرتر ببەزێنێت. چ شیعارێک جوانتر و پیرۆزترە لەوەی کە هەوڵ بۆ چەسپاندنی دەوڵەتی یاسا بدەیت؟ دەوڵەتێک کە بەرەبەرە بووە دەوڵەتی یاسای دارستان و زاڵترەکانی بەسەر لاوازترەکاندا سەرخست.
ئێستا مالیکی بەو قۆناخەدا تێدەپەڕێت کە مشکەکەی تاقیگە لە یەکەم شکستیدا تێیدابوو
ئێستا مالیکی بەو قۆناخەدا تێدەپەڕێت کە مشکەکەی تاقیگە لە یەکەم شکستیدا تێیدابوو. ئەو شکستەی بەرانبەر #داعش# تووشی بوو، وەکوو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەسفیکردووە، تووشی هیستریای کردووە. پیاوێک کە لەوەتەی فەرمانڕەوای ئێراقە شکستی نەناسیوە، لەپڕ سوپاکەی تەفروتونا بوو و هەڕەشەی دەرپەڕاندن لە بەغداشی لێکرا. ئەو مشکەی دەبووایە مشکە ڕکابەرەکانی دیکەی یەک بە یەک ببەزێنێت و ئێستاش بەو نەفەسەوە قسەدەکات، لەپڕ داعشی لێ قیتکرایەوە و لەپەنای دەوڵەتی یاسای دارستانەکەی دەوڵەتێکی ئیسلامی سەری وەدەرنا.
مالیکییەک کە گاڵتەی بە گازندەکانی کوردستان دەهات و جێگرە سوننەکەی سەرۆککۆماری وڵاتەکەی، کە دەزگای سەرووی خۆیەتی، لە وڵات دەردەپەڕاند، لەپڕ سوپاکەی بووە مایەی گاڵتەپێکردنی هەمووان. ئەمە تەوازوونی جەنابی سەرۆکوەزیرانی تێکدا.
سیستمی ئێراقی ڕێگە بە درووستبوونی مالیکییەکی نوێ دەدات
ئێستا سەرکردایەتیی کوردستان مەرج دادەنێت بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسیدا لە بەغدا. یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە کە مالیکی لە دەسەڵاتدا نەمێنێت. هەرچەندە ئەگەر ئەمە ڕوویدا، کۆتایی بە دەسەڵاتی بێسنووری مالیکی دەهێنێت، بەڵام دەکرێ مالیکییەکی نوێ شوێنی بگرێتەوە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە سیستمی ئێراقی ڕێگە بە درووستبوونی مالیکییەکی نوێ دەدات.
#رەجەب تەیب ئەردۆغان# زۆر نیشانەی پاوانخوازی و دەسەڵاتویستیی وەکوو مالیکیی تێدا دەرکەوتوون، بەڵام سیستمی تورکیا ڕێگەی پێنادات وەکوو ئەوی لێبێت. بۆ ئەوەی ئێراق بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە سیستمێکی وەکوو ئەوەی تورکیای پێویستە. لێ ئەو سیستمە بە ساڵێک و دوو ساڵ و دە ساڵ درووست نابێت. کولتوورێکە دەبێ بچەسپێت. پێشناچێت تازە ئێراق کاتی بۆ چەسپاندنی ئەو کولتوورە مابێت. [1]