$سوپایەکی ئێزدییان پێویستە؟$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#05-08-2014#
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق هۆشداریی داوە کە “تراژیدیایەکی مرۆیی” بۆ کوردانی ئێزدی بەڕێوەیە. ئەم تراژیدیایەی ئەو باسیدەکات یەک سەدەیە لە کوردستان ڕوودەدات و ئێستا بەشێکی دووبارەدەبێتەوە. ئەوکات و ئێستاش پشت و پەنای کورد هەر خۆی بووە. کوردیش بەو سوپایەوە کە ئێستا هەیەتی ناتوانێت پشت و پەنایەکی چاکی خۆی بێت.
چیرۆکی پەنابردنی کوردە ئێزدییەکانی #شنگال# بۆ شاخی تەنیشت شارۆچکەکەیان لە چیرۆکی دووبارەبووەوەی نێو ڕۆمانەکان دەچێت. کورد هەمیشە کە تووشی تەنگانە دەبێت دەڵێت “تەنیا چیاکان لە پشتمانن”. هاونیشتمانییەکی ئێزدی لە چیای شنگالەوە بە قورگی پڕ لە گریانەوە دەیگوت: “چیا نابێتە نان و ئاو، منداڵەکانم گوناهیان چییە کە کوردن و ئێزدین؟ چیا بەتەنیا ئێمەی پێ ناپارێزرێت”. ئەوە ڕاستە کە تەنیا چیا ناتوانێت ئێزدییەکانی شنگال بپارێزێت، بەڵام چی دەیانپارێزێت؟
میری ئێزدییان پێشتر داوای چەکدارکردنی ئێزدییانی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە. وەک خۆیشی باسدەکات وەڵامی ئەو داواکارییەی وەرنەگرتووەتەوە. ئایا کارێکی ڕاستە بارزانی ڕەزامەندی بدات لەسەر درووستکردنی یەکەی سەربازیی تایبەت بە ئێزدییان؟ ئایا ڕاستە بەدوایدا کریستیانەکانیش داوای یەکەی سەربازیی تایبەت بەخۆیان بکەن؟ ئینجا شەبەکەکانیش هەمان داوا بکەن و کاکەییەکانیش، کە لە #گەرمیان# و بەتایبەتیش لە دەوروبەری #خانەقین# لەژێر هەڕەشەدان، هەمان داواکارییان هەبێت؟ ئەمە دەرگا ناکاتەوە بۆ درووستبوونی میلیشیا و نامانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی ڕژێمی بەعس کە بە درووستکردنی فەوجە خەفیفەکان بۆ ئاغای عەشیرەتەکان، ناوچەگەرایی زەقتربووەوە و کورد پەرتەوازەتر بوو؟
پێم وایە هەڵە دەبێت سوپای تایبەت بە ئێزدییەکان درووست بکرێت. ئەمە هەم هەستەوەریی ئایینی لەنێوان پێکهاتە ئایینی و ئەتنییەکانی کوردستان بەهێزدەکات، هەم سوپای کوردستانیش دەکاتە سوپایەکی لاواز.
کەواتە چارەسەر چییە؟ چارەسەر لە تێگەیشتندایە لەو ڕەوشە نوێیەی لە باشووری کوردستان درووست بووە. شۆڕشەکانی نیو سەدەی ڕابردوو لە باشووری کوردستان لەسەر وازنەهێنان لەو ناوچانەی جاران پێماندەگوتن “ناوچە دابڕاوەکان” تێکچوون. ئێستا کە ئەو ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدان، پاراستنیان و هێشتنەوەیان پێویستی بە ئامادەکاری و باجی گەورە هەیە. هەر بۆیەش بوو بارزانی لە ڕۆژانی جەژندا لەگەڵ پێشمەرگە ئەوەی دووبارە دەکردەوە کە ئەوان “مێژوو تۆماردەکەن”. هەر بۆیەشە ئەوانەی لەو بەرانەدا گیانیان لەدەستدەدەن، وەک هەندێککەسی سادە باسیدەکەن، “لەخۆڕایی” و “لەپێناوی هیچدا” ئەو قوربانییە نادەن. ئەو ڕەوشەی ئەمڕۆ بەسەر کوردە ئێزدییەکان هاتووە پیشانیدەدات کە پاراستنی خاکی کوردستان “لەخۆڕایی” و لەپێناوی هیچدا” نییە، بەڵکوو شەڕی پاراستنی شکۆمەندیی نەتەوەیەکە.
بە بڕوای من سوپای کوردستان، بەو ڕەوشەوە کە ئێستا هەیەتی سوپایەکی ئامادەنییە بۆ پاراستنی ئەو سنوورە فراوانەی دەبێ بیپارێزێت. چونکە ئەو ڕەوشەی ئێستا ئەو سنوورانە هەیانە جیاوازە لەو سنوورەی شەش مانگ پێش ئێستا تەنیا دەبووایە پێشمەرگە حزووری تێیاندا هەبێت. بۆیە سوپای کوردستان پێویستی بە پێشمەرگەی زۆرتر و چەکی چاکترە. گەنجانی ئێزدیش دەتوانن ئەو پێویستییە پڕبکەنەوە و ببنە پێشمەرگە بۆ پاراستنی هەموو کوردستان، نەک تەنیا بۆ شنگال. [1]