$شەڕی #داعش# بە ئەزموونی ئیسرائیلی$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#13-08-2014#
هەرچەندە کوردستان لەڕووی دیپلۆماسییەوە سەرکەوتووتر بوو لە بەغدا و توانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بجووڵێنێ، بەڵام ئەگەر پێمانوابێت بە تێکشکاندنی داعش لە فڵان بەرەو دەرپەڕاندنی لە فیسار شارۆچکە شەڕەکە تەواو دەبێت و داعش لەناودەچێت، نیشانەی ئەوەیە هێشتا نازانین چی ڕوویداوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە سنوورەکانی باشوور دەگوزەرێت لە کوورتمەودادا قوورس دەبێت و زیانمان لێدەدات، بەڵام بۆ درێژمەودا بەهێزمان دەکات.
هێشتا دیمەنی ئەو بزە و لێدوانە تەوسئامێزانەم لەبیرە کە کاربەدەستانی کوردستان لەدوای گیرانی موسڵەوە لەسەر سەرکەوتنەکانی داعش بە ڕوخساریانەوە دیاربوو. ئەو لێدوانانە وایان لە خەڵک کردبوو کە هەستبکەن داعش دوژمن نییە. بەیانییەک لەخەو هەڵساین و بیستمان داعشێک کە کەمتر لە ساڵێک پێش ئێستا لەنێوجەرگەی شاری #هەولێر#دا کردەی تیرۆریستیی ئەنجامداوە، دەوڵەتێکی لە دووریی شەست کیلۆمەتر لە هەمان شارەوە درووستکردووە. کەچی ئێمە پێکەنین. وامان دانابوو داعش دەبێتە شەقێکی ئیلاهی و نووری مالیکیمان لەسەر هەڵەکانی بۆ تەمبێ دەکات، کەچی بەیانییەکی دیکە لەخەو هەڵساین و دەنگی بەرەکات عیسای پەیامنێری ڕووداومان بیست کە لە چیای #شنگال#ەوە هەواڵی جینۆسایدکردنی کوردە ئێزدییەکانی لەسەردەستی داعش پێگەیاندین!
دەبێ ڕاشکاو بین، پێشمەرگە بۆ ئەو شەڕە بەرەییەی داعش دەیکات نە ئامادە بوو و نە پێشبینیشی دەکرد ئەوەی ڕوویدا ڕووبدات. لەوەتەی سەدام نەماوە، کوردستان هێزی پێشمەرگەی بەتەواوەتی مەشقپێکراو و پڕچەککراوی بۆ داکۆکیکردن لە سنوورەکانی نەبووە. بەشێکی گەورەی هێزی پێشمەرگە لەوانە پێکهاتبوو کە لەبەرانبەر دەنگدان بە یەکێک لە دوو حیزبە گەورەکەی کوردستان مانگی هەفتەیەک دەوامیان دەکرد و مووچەیەکیان پێوە وەردەگرت. حکومەتی مالیکیش کەمتەرخەمیی نەکرد لە هەڵگوشین و پڕچەکنەکردنیان. بەیانییەک ئەو پێشمەرگانە لەخەو هەڵسان و سوپایەکی مەشقپێکراو و تیرۆریست و پڕچەکیان بەرانبەر خۆیان بینییەوە کە هێرش دەکات.
ئەوەی لە شەڕەکانی ئەم دواییەدا بەسەر پێشمەرگە هات، بۆ کوورتمەودا باش و چاوەڕوانکراو نەبوو، بەڵام بۆ درێژمەودا بەهێزتری دەکات. لەوە گەڕێ کە حیزبەکان و میدیاکانیان دەستیان لە خووی چل ساڵەیان هەڵنەگرتووە و یارییەکی ناشیرینی سنگ دەرپەڕاندن دەکەن لە شەڕەکاندا، بەمەش ناهەقی دەکەن بەرانبەر ئەو پێشمەرگە و گەریلا ماندووانەی وڵاتەکەیان دەپارێزن نەک حیزبەکانیان، بەڵام کاتێک پێشمەرگە لە سنوورە ڕاستەقینەکانی باشووری کوردستاندا شەڕبکات و پڕچەک بکرێت و سەنگەری لێدابێت، کەواتە بۆ قۆناخی دوای داعشیش پێشمەرگە ئامادەیە بۆ پاراستنی ئەو خاکەی سەد ساڵە شۆڕش بۆ ئازادکردنی دەکرێت. ئەمەش کەم نییە.
ئێمە دەزانین “خەلافەتەکەی داعش”، بەو هەڵسوکەوتانەی لەخۆی نیشاندا، بووە منداڵێکی ساوا کە هەر لە بێشکەدا مەحکووم بێت بە مردن، بەڵام کەسمان ناتوانین بڵێین لەدوای نەمانی “خەلافەت”، داعش لەناودەچێت. ئەمریکا سێزدە ساڵە هەڵەی ئەوە دەکات کە دەیەوێ بە ڕێگەی سەربازی قاعیدە لەناوببات، بەڵام تەنانەت بە نەمانی بنلادنیش لەناونەچووە و ناشچێت. وەک لە میدیای ئەمریکیشدا باسدەکرێت، تەنیا ئەمساڵ زۆرتر لە شەست ملیۆن دۆلاری لەبەرانبەر ئازادکردنی هاووڵاتییە ڕفێنراوەکانی داوەتە ئەو ڕێکخراوە. داعش و هاوشێوەکانیشی هەروا دەبن، بەڵام لەجیاتی ئەوەی هەڕەشەی جەنگێکی بەرەیی لەسەر کوردستان درووست بکەن، ڕەنگە لە ئاییندەدا ببنە هەڕەشەیەکی ئەمنیی هاوشێوەی حەماس و گرووپە تووندئاژۆکانی فەڵەستین بۆ سەر ئیسرائیل. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەش ژیری و ئەزموونی ئیسرائیلیمان دەوێت. [1]