$دووفاقیی حکومەتی کوردستان$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#02-09-2014#
حکومەتی کوردستان لە شەڕی دژی #داعش#دا سیاسەتێکی دووفاقییانە بەرانبەر هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان پەیڕەو دەکات. لەلایەکەوە دەست بەڕووی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتەوە دەنێت و هاریکارییان ڕەتدەکاتەوە، لەلایەکیشەوە ڕێگە دەدات گەریلاکانی PKK تێریتۆریای تایبەت بەخۆیان لە باشوور دابمەزرێنن و باسی درووستکردنی خۆبەڕێوەبەریی #شنگال# و کەرکووک بکەن.
ئەگەر بڕیار بێت حکومەتەکەمان کوردستانییانە بیربکاتەوە و پێویستی بە هاوکاریی هەمووان بێت، نابێ دەستی هاریکاریی ڕۆژهەڵاتییەکان ڕەتبکاتەوە، ئەگەر بڕیاریش وایە مامەڵەی دەستووری لەگەڵ هێزەکانی پارچەکانی دیکە بکات و چیدیکە هاوکارییان پێویست نەبێت، نابێ چیدی ڕێگە بدات گەریلا لە باشوور بمێنن.
لەو دیبەیتە تەلەڤزیۆنییەدا کە هەفتەی ڕابردوو لە #سلێمانی# لەگەڵ نوێنەری هەندێک پارتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردم، لە تۆنی دەنگی میوانەکانەوە هەستم بە نیگەرانی دەکرد بەرانبەر بڕیاری کێشانەوەی پێشمەرگەکانیان لە بەرەکانی شەڕدا. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان داکۆکییان لە بڕیارەکەی حکومەتی کوردستان دەکرد و وەک خۆیان دەیانگوت، لە “هەستیاریی هەڵوێست”ی ئەو حکومەتە تێدەگەن. ئەوکات بیرم بۆ ئەوە چوو کە زۆرتر لە بیست و سێ ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. بەدرێژایی ئەو بیست و سێ ساڵەش حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان یان ناچاربوون یان ناچارکراون ئاگایان لە “هەستیاریی هەڵوێست”ی حکومەتە تاقانەکە بێت.
ئەمە بۆ ئەوان بەمانای بێدەنگیی خنکێنەر و پووکێنەر بووە لەنێو جەماوەری خۆیان لە بەشە کوردستانەکەی خۆیاندا، بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو بێدەنگییەیان لە میدیاکاندا نەتەقاندەوە. بیست و سێ ساڵە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەکی لەشانە، کەچی هەمیشە یان بۆ بەرگری لەخۆکردن بەکاریهێناوە، یان لەبەر “هەستیاریی هەڵوێست”ی برا باشوورییەکانی بۆ ماوەی درێژ گوللەیەکی پێ نەتەقاندووە. بۆیە پێم عەیب نەبوو لە یەکێک لە میوانەکانی دیبەیتەکە بپرسم: “بەر لە شەڕی داعش، چەند دەبوو پێشمەرگەکانتان تەقەیان نەکردبوو؟”
کاتێک دیسان ئاوڕ لە بیست و سێ ساڵی ڕابردوو دەدەینەوە، دەبینین PKK لە هیچ قۆناغێکدا ڕەچاوی “هەستیاریی هەڵوێست”ی حکومەتی کوردستانی نەکردووە. ئایا تاوەکوو ئێستا ئەو حیزبە لەو هەستیارییە تێنەگەیشتووە یان نەیویستووە لێی تێبگات؟ لە ویکیلیکسدا زۆر بەڵگە هەن دەریدەخەن لە قۆناخی جیاجیادا گوشاری گەورەی ئەمریکی و تورکی لەسەر بارزانی و حکومەتی کوردستان هەبوون بۆ ئەوەی PKK لە باشوور بێدەنگ بکەن، بەڵام ئەو گوشارانە ئەنجامیان نەبووە. لەو بەڵگەنامانەدا دەردەکەوێت کە حکومەتی کوردستان هەوڵیداوە لە “هەستیاریی هەڵوێست”ی PKK و ئەو نوشوستییەی دوای گیرانی ئۆجەلان تووشی بووە تێبگات، نەک بەپێچەوانەوە! واتە ئەوەی ڕۆژهەڵاتییەکان لەبەرخاتری باشوور نەیانکردووە، PKK بەبێ خاترگرتنی باشوور کردوویەتی و بۆشی چووەتە سەر.
زەکی شنگالی کە یەکێکە لە سەرکردە باڵاکانی PKK، بەمدواییانە بە ڕۆژنامەنووسانی گوتووە “شنگال و کەرکووک پێویستیان بە خۆبەڕێوەبەریی خۆیان هەیە”. واتە ئەو دوو ناوچەیە پێویستیان بە کانتۆنەکانی هاوشێوەی ڕۆژاوای کوردستان هەیە کە تەنیا لەلایەن PKKەوە بەڕێوەدەبردرێن. ئەمەش بەو مانایەیە کە گەریلای PKK بۆ هاوکاریی پێشمەرگە و پاراستنی هاونیشتمانییانی نەهاتووەتە باشوور، بەڵکوو بۆ ئاڵۆزترکردنی کێشەی ناوچە گەڕێندراوە پێشتر دابڕێندراوەکان هاتووە. بۆیە ڕاستوایە #هەولێر# کۆتایی بە سیاسەتی دووفاقیانەی بەرانبەر هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بهێنێت. ئەویش بەوەی کە یان ڕێگە بە بەشداریی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات لە شەڕی دژی داعش، یان بەرلەوەی گەریلا گێچەڵێکی نوێ بنێتەوە بڕیاربدات مانەوەی نایاساییان لە باشوور کۆتایی پێبهێندرێت. [1]