$خۆری خەلافەت بەرەو ئاوابوونە$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#09-09-2014#
خۆری خەلافەتەکەی #داعش# بەرەو ئاوابوونە. ئەمە پڕوپاگەندەی کاتی جەنگ نییە. بۆ بەرزکردنەوەی ورەی کەسیش ئەم ڕستانە نەنووسراون. بەڵکوو لێکدانەوەی ئەو داتا و فاکتانەن کە لەبەردەستن. داعش کێشەی زۆرن و ناتوانێ بەرگەی هەموویان بگرێت. وەکچۆن مالیکی نابێتەوە حوکمڕانی وڵاتێک کە ناوی ئێراقە، ئاواش ئیبراهیم عەواد، ناسراو بە ئەبووبەکر بەغدای، عەبای خەلیفایەتیی موسڵمانان بەسەرشانیەوە ڕاناوەستێت.
کێشەکانی داعش بە ئەنجامدانی هەڵەی ستراتیژی و هێرشکردنە سەر باشووری کوردستان دەستیانپێنەکرد. بەڵکوو بەوە دەستی پێ کرد کە پەلەیکرد لە جاڕدانی خەلافەتە ئیسلامییەکەی. ئەمە وایکرد شتێکی لە جیهاندا بەناوی دۆستەکان و دوژمنەکانی داعشەوە نەهێشتەوە. ئێستا گرووپە تووندئاژۆ ئیسلامییەکان، لە نایجیریاوە تاوەکوو پاکستان هەمان ئەو هەڵوێستەیان بەرانبەر داعش هەیە کە “ئەمریکای کافر” و “ئێرانی شیعەی بەلارێداڕۆیشتوو” هەیەتی. پێشناچێت لە مێژوودا قەت حاڵەتێکی وا هاتبێتەپێشەوە کە دوژمنێکی وەکوو داعش هەموو جیهانی بە جیاوازییەکانی کۆکردبێتەوە و هەڕەشەکانی وایلێکردبن هەڵوێستەکانیان لێک نزیک بکەنەوە.
$داعش کێشەی زۆرن و ناتوانێ بەرگەی هەموویان بگرێت$
زۆرکەس وادەزانن ئەو بوێرییەی فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری ئێراق، لە ڕانەسپاردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران نواندی، ئازایەتیی خۆی بوو، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەبوو کە کاتێک بەڕێز مەعسووم پێداگیریی لەسەر ڕەتکردنەوەی مالیکی دەکرد، پشتئەستوور بوو بە ڕێککەوتنێکی نهێنی کە لەنێوان ئەمریکا و ئێران بۆ گۆڕینی مالیکی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی داعش کرابوو. ڕێککەوتنەکە لەدوای کۆنترۆڵکردنی مووسڵ و ناوچەکانی دیکەوە لەلایەن داعش، لە شاری عەممان-ی پایتەختی ئوردن کرابوو. هەریەکە لە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقا و جەیک سوللیڤان، ڕاوێژکاری جۆو بیدن، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ئەندازیارانی ڕێککەوتنەکە بوون. هەر لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنەش بوو کە ئەمریکا چاوی نووقاند لە هاتنی “سنووردار”ی سوپای قودس بۆ شەڕی #جەلەولا# و پێشی ئاسایی بوو قاسم سولەیمانی لە ئامرلی ڕێگەبدات وێنەی خۆشحاڵییەکانی بگرن. بەستەڵەکی سی و پێنج ساڵەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە هەڵە و هەڵەشەییەکانی داعش شکا.
$بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران بە هەڵەشەییەکانی داعش شکا$
هەر لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنەش بوو کە ئەمریکا چاوی نووقاند لە هاتنی “سنووردار”ی سوپای قودس بۆ شەڕی جەلەولا و پێشی ئاسایی بوو قاسم سولەیمانی لە ئامرلی ڕێگەبدات وێنەی خۆشحاڵییەکانی بگرن. بەستەڵەکی سی و پێنج ساڵەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە هەڵە و هەڵەشەییەکانی داعش شکا.
داعش چەک و پارەی هەیە و شارەزایی باشیشی لە بواری سەربازیدا پەیداکردووە. ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیشی عاقڵانە بەڕێوەدەبات. ئێستا خەلافەتەکەی داعش بەسەر چەند ویلایەتێکدا دابەشکراوە. لە هەریەکە لەو ویلایەتانەدا فەرمانڕەوایەک حوکمدەکات کە دەسەڵاتی بێسنووری هەیە. هەر ویلایەتێکیش، درووست وەک سیستمی هەرێمە فیدراڵییەکان، سیاسەتی نێوخۆیی و ئابووریی تایبەت بەخۆی هەیە و تەنیا دەبێ پابەندبێت بەو هێڵە گشتییانەوە کە لە ڕەقەوە بۆ دەوڵەتداری دانراون. بۆیە سەیرنییە کە کاتێک لە بەرەی مووسڵ شەڕی خەست لەگەڵ پێشمەرگە دەبێت، لە بەرەی کەرکووک خاوی دەبیندرێت. دەکرێ والیی کەرکووک کاری گرنگتر لە شەڕی هەبێت! ئەم شێوازی حوکمڕانییە وایکردووە دانیشتووانی مووسڵ و ناوچەکانی دیکە، زۆرتر لە ئەبووبەکر بەغدای بڕیار لەسەر وردەکاریی ئیدارەدانی ناوچەکانی خۆیان بدەن.
لە سەد ساڵی ڕابردوودا هیچ سەرکردەیەکی تووندئاژۆی ئیسلامی نەیتوانیوە بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەمیرولموئمینینی هەموو جیهانە
هەرواش ئەگەر داعش بەرگەی شەڕی دوژمنەکانی وەکوو ئەمریکا و کوردستان و ئێران و ئێراق و سووریا و ئەوانی دیکەش بگرێت، ناتوانێ بەرگەی ئەو بەرپەرچدانەوە تووندە بگرێت کە لە جیهانی ئیسلامیدا بەهۆی جاڕدانی خەلافەتەکەیەوە درووستیکردووە. لە سیستمی ئیسلامیدا دەبێ یەک خەلافەت و یەک ئەمیرولموئمینین هەبێت بۆ ئەوەی هەموو موسڵمانان یەکبخات، بەڵام لە سەد ساڵی ڕابردوودا هیچ سەرکردەیەکی تووندئاژۆی ئیسلامی نەیتوانیوە بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەمیرولموئمینینی هەموو جیهانە. هەر لە نموونەی پادشای مەغریبەوە بگرە کە خۆی پێ ئەمیرولموئمینینی وڵاتەکەی خۆی بوو تاوەکوو دەگاتە مەلا عومەری تاڵیبان کە دەیوت ئەمیرولموئمینینی ئەفغانییەکانە، کەسیان قاچیان هێندەی ئەبووبەکر بەغدای لە بەڕەی خۆیان درێژتر نەکردووە. بۆیەش ئێستا لەپڕ لە نایجیریاوە خەلیفەیەکی نوێ خۆی دەناسێنێ و لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامیشەوە خەلیفەی نوێ بەڕێوەن. لەوەش گەڕێ کە ڕێبەری ئەلقاعیدە داعشی هەر قبووڵ نییە. وەلحاسڵ داعش لەجیاتی ئەوەی ببێتە شانەیەک بۆ کۆکردنەوەی زەرگەتە تووڕە ئیسلامییە تووندئاژۆکانی جیهان، لە ئاییندەدا لەلایەن ژەنگە سوورەی تووندئاژۆترەوە دەکرێتە ئامانج. ئەنجامی ئەو فرەدوژمنییەش ئاوابوونی خۆری خەلافەت دەبێت. [1]