نامەی سیسیل ئەدمۆندس بۆ #عەلائەدین سەجادی#
دۆستی زانا و خۆشەویستەکەم سەید عەلائەدین
نامەکەی شیرین و پەڕتووکەکەی ڕەنگین «مێژووی ئەدەبی کوردی» کە ناردبووتان گەییشت. زۆرزۆر سپاستان ئەکەم و بە دڵگەرمییەوە پیرۆزباییتان لێ ئەکەم کە لە پاش ئەوەندە ساڵ سرنج و کۆششت توانیتان ئەم کارە بهێننە بەرهەم کە بە لەژێر چاپچوونی ئەم نووسراوە گرنگە ئاواتەخوازە دێرینەکەتان هاتە دی. بەڕاستی ئەمە خزمەتێکی گەورەیە نەک تەنیا بۆ کوردەواری بەڵکوو بۆ گێتیی زانست گشتی و هەموومان کە پێوەندیمان هەیە بە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات منەتداری ئەو مامۆستای پایەبەرز ئەمێنین.
ئیتر هەمیشە تکای تەندرستی و سەرکەوتنتان ئەکەم.
دۆستدارتان
ئەدمۆندس
[واژووی نامەنووس]
دێی هۆکەست کێنت، 19-01-1953
دوو تێبینی:
1. لە ڕستەی یەکەمدا کاری «گەییشت» هەیە کە بە دوو 'ی' نووسراوە: 'یی'. ئەمە جاران بوو. کۆڕی زانیاری [ساڵی 1977] بڕیاری داوە کە ئەم جۆرە چاوگانە بە یەک دانە 'ی' بنووسین. بۆیە ئەمەم باس کرد چونکە ئەمڕۆ چەند نووسەرێک خەریکن بە زۆر بمانگەڕێننەوە سەر شێوەی ساڵانی زوو. وەک دەنووسن: پۆشییوە، بینییوە، تێگەییشتم و ئیدی. من پار دووسێ جار بە کارم هێنا و کە بە دوودا چووم وازم لێ هێنا.
2. وشەی «کۆششت» بە واتای «کۆششی تۆ» نەهاتووە. هەر شێوەیەکی دیکەی وشەی «کۆشش»ە. ئەمە کاری تەوفیق وەهبی بوو کە پیتی «ت»ێی بە هەندێک وشەی کوردییەوە دەکرد. لەسەر ئەوە شێخ سەلامی شاعیر یەکەمین کەس بوو کە ڕەخنەی لە ئەو بیرەی زانای ناوبراو گرتبوو و پێی گوتبوو، ئەگەر وشە وشەی خەڵک بێت، ئەم کلکانەیان لێ بنێیت یان نا، هەر مڵکی خەڵک ئەمێنێتەوە و نابێت بە ماڵی ئێمە. یادی هەموویان بەخێر.
زیاد ئەسعەد. [1]