ناونیشانی بابەت: چی دەزانی دەربارەی فرمێسک؟!
نووسین و ئامادەکردن: #ڕاستی عەبدوڵڵا ڕەزا# (ئیکسپێغ)
فرمێسک ئەو دەردراوە شلە ڕوونەیە کە چاوەکانت بۆ چەند مەبەستێکی جیاواز و بەبەردەوامی دەریان دەدات، ساڵانە چاوی هەریەکێکمان بەتێکڕایی تا نیو بەرمیل فرمێسک بەرهەم دەهێنێت (100 لیتر ساڵانە) ، پێکهاتەی فرمێسک وەکوو ئەوەی کە دەیزانین سوێرە بەڵام جگە لەبوونی خوێ تێیدا پێکهاتەی دیکەیشی تێدایە وەکوو (ئەنزایم و چەوری و میتابۆڵیت و ئەلکترۆلایت) کە هەموو ئەمانە پێکەوە شێوەیەکی تاڕادەیەک لینج بە فرمێسکەکە دەبەخشن.
=KTML_Bold=گرنگی فرمێسک چییە؟!=KTML_End=
1- چاوت پاکدەکاتەوە ئەمەش یارمەتیت دەدات بە ڕوونی ببینیت.
2- هاوتا لەگەڵ شلەکانی دیکەی چاو یارمەتیی شێدار هێشتنەوەی چاو دەدات و ناهێڵێت چاو وشک ببێتەوە.
3- دەتوانن یارمەتیدەربن بن لە گەیاندنی هەستەکان بۆ نموونە (خەمباری).
=KTML_Bold=جۆرەکانی فرمێسک چین؟=KTML_End=
فرمێسک سێ جۆری هەیە:
1- فرمێسکی بنەڕەتی: بەردەوام لە چاوەکانتە بۆ چەورکردن و خۆراکدان و پاراستنی برژانگەکان دەردەدرێت، فرمێسکی بنەڕەتی وەک پارێزەرێک بەردەوام لەنێوان چاو و جیهانی دەرەوە کاردەکات و پیسی و پاشماوەکان دوور دەخاتەوە.
2- فرمێسکی ڕێفڵەکس (کاردانەوە)
کاتێک درووست دەبێت کە چاوەکانت پێویستیان بە شۆردنی خێرا هەبێت تا لە ماددە زیانبەخشەکان بیپارێزێت، وەک: (دوکەڵ، دەنکەهەڵاڵەی گوڵ، پەروانەی تۆز (خۆڵ) ، یاخود لەکاتی لەتکردنی پیازدا....)
لەم حاڵەتەدا چاوەکانت بە ڕێژەیەکی زیاتر لە ڕێژەی فرمێسکی بنەڕەتی شلە دەردەدەن هەروەها لەوانەیە دژەتەنی زیاتریان تێدابێت بۆ یارمەتیدانی بەرەنگاربوونەوەی بەکتریاکان.
3- فرمێسکی سۆزداری: لە وەڵامی هەستەدەروونییەکان (خۆشی و دڵتەنگی و ترس و حاڵەتە سۆزدارییەکانی تردا) بەرهەم دێت. هەندێک لە زاناکان ڕایان وایە کە فرمێسکی سۆزداری هۆرمۆن و پرۆتینی زیادەی تێدایە کە لە جۆرەکانی دیکەدا نییە.
=KTML_Bold=چینەکانی فرمێسک چین؟=KTML_End=
سێ چین فرمێسک بوونی هەیە:
1- چینێکی لینج (ناوەوە)
2- چینێکی ئەستووری ڕوون (ناوەڕاست)
3- چینێکی چەور (دەرەوە)
=KTML_Bold=ئەوسا پرسیارە گرنگەکە بابکەین، چۆن فرمێسک درووست دەبێت؟=KTML_End=
ڕژێنەکانی فرمێسک لە سەرووی هەر چاوێکەوە بوونیان هەیە ئەم ڕژێنانە فرمێسکەکانت بەرهەم دەهێنن و لە ماوەیەکی کەمدا فرمێسکەکان بەسەر ڕووی چاودا بڵاودەبنەوە. پاشان فرمێسکەکان دەڕژێن بۆ ناو دەرچەیەک پێی دەوترێت: (پۆنکتا) ، کە قەبارەیان تا 1 میللی مەترە ئەم دەرچە بچوکانە لە گۆشەی پێڵوەکانی سەرەوە و خوارەوەدا بوونیان هەیە، پاشان فرمێسکەکانت بە جۆگە بچووکەکاندا دەڕۆن و بۆ خوارەوەی بۆرییەک و لەوێوە دەردەدرێن.
=KTML_Bold=ئایا هیچ نەخۆشییەک هەیە پێوەندیدار بێت بە فرمێسکەوە.؟=KTML_End=
بەڵێ، گیرانی بۆری فرمێسک و وشکبوونەوەی چاو باوترین جۆری نەخۆشی پەیوەستن بە فرمێسکەوە.
سەبارەت بە یەکەمیان، هەندێک جار کۆرپە بە گیرانی بۆری فرمێسک لەدایک دەبێت، حاڵەتێکە کە بەزۆری خۆی چارەسەر دەبێت، لە تەمەنی گەورەییشدا حاڵەتی گیرانی بۆری فرمێسک بەدی دەکرێت کە نیشانەکانی هەردووکیان بریتین لە (هەوکردنی چاو، هەڵاوسانی چاو، بوونی برین یان وەرەمێک لە چاودا) .
هەرچی وشکبوونەوەی چاویشە کێشەیەکی باوی ئەو کەسانەیە کە گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکانیاندا ڕوودەدات، بەتایبەتی خانمان لەکاتی دووگیانی و وەستانی سوڕی مانگانەدا. هەروەها بەکارهێنانی (عەدەسە-هاوێنە)ی چاو و بەکارهێنانی هەندێک دەرمان دەبنە هۆی وشکبوونەوەی چاو. [1]