$پەکەکە دەگۆڕێت$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#28-10-2014#
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا وەرچەرخانێکی خێرا لە سیاسەتی PKK دا ڕوویداوە. ئەویش دوورکەوتنەوەی وردەوردەیە لە بەرەی تاران-دیمەشق و نزیکبوونەوەیە لە بەرەی واشنتن-برۆکسەل، کە بێگومان #هەولێر# لە بەرەی دووەمدا ڕۆڵێکی میحوەریی هەیە. ئەم هەنگاوەی PKK لە قازانجی دۆزی کورد و یەکڕیزیی نەتەوەییدایە، بۆیە دەبێ هانبدرێت و چەپڵەی بۆ لێبدرێت.
بێگومان هەولێر لە بەرەی دووەمدا ڕۆڵێکی میحوەریی هەیە
کاتێک #داعش# #شنگال#ی گرت و بەدوایدا کوردی ئێزدی و موسڵمانی شنگالی ڕەشەکوژ کرد، مژاری گەرمی پایتەختە ئەوروپاییەکان ئەوەبوو کە چەک بدەنە پێشمەرگە یان نا. لەوکاتەدا جەمیل بایک، دەستڕۆیشتووترین کەسی ناو PKK، بە ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانیی دەوت نابێ چەک بدرێتە پێشمەرگە و دەبێ بدرێتە گەریلا. چونکە وەک ئەو دەیگوت: ڕەنگە ئەو چەکانە وەکوو چەکەکانی سوپای ئێراق بکەونە دەست داعش.
بایک لەوکاتەدا لە وەتەرێکی هەستیاری دەدا و ئەمە درووست ئەو ئارگومێنتە بوو کە لە ئەوروپاش لایەنگرانی نەناردنی چەک بۆ کوردستان پشتیان پێ قایمکردبوو. بەڵام لەپەنای ئەو بانگەشەیەی بایکدا پەیامێکی دیکەش خۆی مەڵاسدابوو، ئەویش ئەوە بوو کە PKK دەیەوێت بەرەی تاران- دیمەشق بەخشکەیی بەجێبهێڵێت و بێتە بەرەی بەرانبەرەوە. بەرەگۆڕینێک کە هەم بۆ ڕێبەرایەتیی PKK لە #قەندیل# پێویستە و هەم بۆ مانەوەی کانتۆنەکانیشی لە ڕۆژاوای کوردستان گرنگە.
$پەکەکە دەیەوێت بەرەی تاران- دیمەشق بەخشکەیی بەجێبهێڵێت$
نزیکەی حەڤدە ساڵە PKK لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە. هەروەها دوانزدە ساڵ زیاتریشە کە لەژێر گوشاری دەوڵەتی تورکیادا کەوتووەتە لیستی هەمان ئەو ڕێکخراوانەوە لە یەکێتیی ئەوروپا.
بەدرێژایی ئەو حەڤدە ساڵەش PKK وازی لە هەوڵە بێئاکامەکانی نەهێناوە بۆ سڕینەوەی ناوی لەو هەردوو لیستە، بەڵام هیچکات هێندەی ئەم چەند مانگەی دوایی چانسی بەئاکامگەیشتنی ئەو هەوڵانە بەهێز نەبووە. ئاماژە سەرەتاییەکانیش لە واشنتنەوە دەرکەوتن. ئەویش کاتێک کاربەدەستێکی باڵای ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت: بەپێی یاساکانی ئەمریکا PYD و PKK وەکوو یەک نین.
PKK لەم ماوەیەی دواییدا کاری باشی زۆری کردووە. لەدوای ڕوودانی کارەساتی شنگال، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژاوای کوردستان خستە خزمەت پێشمەرگەوە تاوەکوو فریای کوردی ئێزدی بکەون. هەروەها هاوکاریی گواستنەوەی ئەو کوردانەی کرد بۆ باشووری کوردستان.
$پەکەکە لەم ماوەیەی دواییدا کاری باشی زۆری کردووە$
ڕاستە دیمەشق لە کەیسی کۆبانێدا پشتی PKKی بەردا، بەڵام هەولێر لەکاتی خۆیدا هاتە سەرخەت و نەیهێشت PKK لەبەرانبەر داعشدا پشتی بکەوێتە زەوی. وەک سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو پێیگوتم، ئەمریکاییەکان بە PYDیان گوتووە کەناڵی پەیوەندییان لەگەڵ ئەو حیزبە و کوردی ڕۆژاوا، #مەسعود بارزانی# و هەولێر دەبن. پێدەچێت PKKش ڕازیکردنی ئەو کەناڵەی پێ گرنگ بێت، بۆیە لەژێر چاودێریی بارزانیدا ڕێککەوتننامەیەکی گرنگی لە شاری دهۆک لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ڕۆژاوای کوردستان واژۆکرد.
هەرچەندە ژمارەی ئەوانەی بە گەشبینییەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی دهۆک دەڕوانن زۆر نین، بەڵام ئەرکی نیشتمانیی هەموولایەکە هانی PKK، وەک دەسەڵاتداری ڕاستەقینەی ڕۆژاوای کوردستان بدەن کە نەهێڵێت ڕێککەوتنەکە تەنیا مەرەکەبی سەر کاخەز بمێنێتەوە.
$پێویستە PKK جارێکی دیکە خۆی لە هەولێر زویر نەکاتەوە$
PKK کارێکی باش دەکات کە ڕێگە دەدات سوپای ئازادی سووریا لە تەنیشت #شەڕڤان#ان و پێشمەرگەدا داکۆکی لە کۆبانێ بکەن. چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت لەنێوان هەردوو بژارەی پشتیووانی لە ئەسەد یان داعشدا، بژارەی سێیەم لە سووریا درووست بکات.
PYD دەتوانێت لەو بەرەی سێیەمەدا ڕۆڵگێڕێکی سەرەکی بێت و ڕۆژاوای کوردستان ببێتە هاوشێوەی بنغازی لە قۆناخی بەر لە ڕووخاندنی قەزافیدا. واتە بنکەی سەرەکیی پڕچەککردن و خۆئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە دیمەشق بێت. بەڵام بۆ وەدیهاتنی ئەمە و دەرکەوتنی ناوی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، پێویستە PKK جارێکی دیکە هەولێر لەخۆی زویر نەکاتەوە. [1]