$ئەستێرەی بەختی عەبادی$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#03-11-2014#
زۆرکەس بە حکومەتەکەی عەبادی دەڵێن کابینەی ئینگلیزی. هۆیەکەشی ئەوەیە کە زۆر لە وەزیرەکانی و تەنانەت بۆخۆیشی هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانین و لەو وڵاتە ژیاون. هەن ئومێدی زۆریان بەو پیاوەیە و دەڵێن مادام هەم ئێران پشتیووانیی دەکات و هەم بەو باکگراوندە ڕۆژاواییەوە ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکە لە پشتین، کەواتە دەتوانێت قەیرانەکانی ئێراق چارەسەر بکات، بەڵام بڕواناکەم عەبادی هێندە خۆشبین بێت و بڕوای بەوە کردبێت کە قەبارەکەی هێندەی سێبەرەکەیەتی.
هەفتەی ڕابردوو لە #خورماتوو# وێنەی قەیرانەکانی ئێراقم بەتەواوەتی دیت. تێشگەیشتم ئەو قەیرانانە لەوە گەورەترن ئێراقییەکان دەسەڵاتیان بەسەردا بشکێ و بۆیان هەبێت چارەسەریان بکەن. کە دەڵێم ئێراقییەکان مەبەستم عەبادی و لەویش باڵاتر، واتە سیستانییە.
موحسین بەتات، نوێنەری سیستانی لە کەرکووک پێیگوتم مەرجەعی باڵا زامنی پاراستنی برایەتیی کورد لەلایەک و شیعەکانی ئێراق لەلایەکی دیکەیە. ئەو نموونەی بە فتواکەی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەکیم هێنایەوە کە لە شەستەکاندا شەڕکردنی لە دژی پێشمەرگە حەرامکرد. بەو نوێنەرەی سیستانیم وت خەڵکی کوردستان گلەیی لە مەرجەعی باڵاتان دەکەن و دەڵێن نزیکەی ساڵێکە ئەو بەغدایەی شیعە حوکمی دەکات بودجەی کوردستانی بڕیوە و ئەو لێی بێدەنگە. بەتات کەمێک داما و گوتی: ئاخر مەرجەعییەت تەدەخول لەو وردەکارییانەدا ناکات و لەسەر هێڵە گشتییەکانی ئیدارەی وڵات ڕادەوەستێت. هەردوولامان بێدەنگ بووین، دوای کەمێک دواتر بەردەوام بوو و گوتی: ڕاستیت پێبڵێم وەزیرەکانی حکومەتی ئێراق لە مەرجەعییەت یاخی دەبن. ئینجا نموونەی بە وەزیری پێشووی پەروەردە هێنایەوە کە شیعە بووە و سیستانی هەندێک ڕێنمایی دەرکردووە لەسەر نێوەڕۆکی پەڕتووکەکانی خوێندن، بەڵام وەزیر یاخی بوو و بەقسەینەکرد.
ئەو قسەیەی نوێنەری سیستانی هی ئەوەیە دڵەڕاوکێ درووست بکات. چونکە دەردەکەوێت ئەگەر سیستانی دۆستی کوردیش بێت، تەنیا تاوەکوو ئەو شوێنە قسەکانی لەلای سیاسییە شیعەکانی ئێراق بڕدەکەن کە قازانجی بۆ پەزەکان هەبێت. بۆ نموونە کاتێک فتوای دەرکرد پیاوانی شیعە لە دژی #داعش# چەک هەڵبگرن، بەناوی پابەندبوون بەو فتوایەوە چەندین میلیشیا درووست بوون و زیندووکرانەوە.
سادەترین چاوەڕوانی کە خەڵکی کوردستان تاوەکوو ئێستا لە عەبادی هەیبێت ناردنی بودجەی کوردستانە، بەڵام وەک کەسێکی ئاگادار بۆی باسکردم عەبادی لە دانیشتنێکی چەند ڕۆژی ڕابردوویدا لەگەڵ ئەمریکییەکان گوتوویەتی ناتوانین بودجەی کوردستان بنێرین، چونکە پارە لە بانکەکاندا نییە. بەرلەوەی وەزیری دارایی ئێراق، کە کوردە، دەستبەکاربێت، گوتەبێژەکانی عەبادی دەیانوت هۆکاری نەناردنی بودجە ئەوەیە کە کوردەکان وەزیرەکەیان دانانێن و تەنیا ئەو دەتوانێ بودجە بنێرێت. ئێستا کە ئەو بیانووە نەماوە، بیانوویەکی نوێ دۆزراوەتەوە. کەسیش لە عەبادی ناپرسێت: مادام پارە بۆ کوردستان لە بانکەکاندا نییە، ئەی مووچەی فەرمانبەرانی ئێراق بە کام پارە دەدرێت؟
هەرچەندە عەبادی شوێنی مالیکیی گرتووەتەوە، بەڵام هێشتا دەستخەت و واژۆی مالیکی بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراقەوە دیارە. سەرکردایەتیی یەکێتیش ئەم ڕاستییە باش دەزانن، بۆیە هەفتەی ڕابردوو، لەجیاتی ئەوەی بچنە لای عەبادی، شاندێکی باڵایان لە دەرگای مالیکیی دا.
گرفتی ئێراق یەک و دوو نین. داعش یەکێکە لە گرفتەکان، بەڵام گرفتی لەو گەورەتر سێبەری ئەو سیاسییە ئێراقییە دەستڕۆیشتووانەیە کە هەریەکەیان ئەجێندای یەک دەوڵەت یان زۆرتر لە وڵاتەکەی خۆیدا جێبەجێ دەکات. ئەجێندای ئەو دەوڵەتانەی مەیدانێکی چاکتر لە ئێراق نادۆزنەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکانیان. بۆیە لەم قۆناخەدا سەرۆکوەزیری لە وڵاتێکی وەکوو ئێراقدا زۆرتر لەوەی درەوشانەوەی ئەستێرەی بەخت بێت نەگبەتییە.
[1]