$شەڕی #داعش# بە زولفەقار$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#10-11-2014#
کورد لەوەدا یەکدەنگە کە دەبێ شەڕی داعش بکات. لەوپەڕی چەپەوە تاوەکوو ئەوپەڕی ڕاست ملەقوتەیەتی بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت لەوانی دیکە شێلگیرانەتر شەڕی داعش دەکات، بەڵام لەوەدا کە چۆن و بە پشتیووانیی کێ شەڕەکە بکات، بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەش بووە. وەکچۆن لە زۆر شتدا دوو ئیدارەیی بە ئاسانی لە باشووری کوردستان هەستی پێدەکرێت، ئاواش پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا لە دوو بەرەی جیاوازدایە.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا سەردانی دوو بەرەی شەڕی دژی داعشم کردووە. بەرەی یەکەمیان لە باشووری کەرکووک بوو. لەوێ پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ میلیشیا شیعەکان شەڕدەکات. لەنێو میلیشیا شیعەکاندا ئۆتۆمبێلی ئێرانی، بە وێنەی ئایەتوڵڵا خامنەئیم بینی. پاسدارێک بە کوردییەکی ڕەوان داوای لێبووردنی لێکردم، چونکە ئۆتۆمبێلەکەی ڕێگەی لە دەرچوونی ئۆتۆمبێلی من گرتبوو. بە شۆخییەوە بە فەرماندەی میلیشیاکانم گوت: ئەی کوان ئەمریکییەکان؟ ئەوان لێرە نین؟ قا قا، پێکەنی و گوتی: ئەوان نایەنە ئێرە. ئەو ناوچەیە بە پشتیووانیی سوپای قودس لەدەست داعش دەرهێنراوە و قاسم سولەیمانی بۆخۆی لەوێ بووە.
بەرەی دووەم کە بینیم بەرەی زوممار بوو. لەوێ پێشمەرگەی کوردستانی لێیە. فڕۆکەی ئەمریکی و بەریتانیش پشتیووانی پێشمەرگەن. لەو شەڕانەدا ئاسەواری خاپوورکاری و بۆمبارانە ئاسمانییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ئاسانی بە ناوچەکەوە دیارە. لەو ناوچەیەدا تاکە پاسدارێکیش نابینیت، بەڵام ئەگەر ئەفسەرێکی بەریتانی یان ئەمریکی ببینیت کە بۆ هەماهەنگی و چاوساخی سەردانی ناوچەکەی کردبێت، زۆر لەلات ئاسایی بێت.
داعش ماڵوێرانییەکی گەورەی بۆ کورد هێنا. گەورەترین ماڵوێرانی ئەو کارەساتە بوو کە بەسەر #شنگال#ییەکانی هێنا. لەو ماوەیەدا کە لە #دهۆک# و زوممار بووم، هەستمکرد هێشتا زۆرمان ماوە تا بەتەواوەتی هەست بە ئازاری کارەساتی شنگال بکەین. برینەکە هێندە قووڵە کە نە قوربانییان و نە میدیاکارانیش نەیانتوانیوە وێنە ڕاستەقینەکەی بەرجەستە بکەن. لەوەش پڕئێشتر کاریگەرییەکانی دوای کارەساتەکەیە لەسەر شنگالییەکان و کوردستان بەگشتی. ئێمە چیرۆکێکی سادە ڕاماندەچڵەکێنێت، لەکاتێکدا چیرۆکی لەوان کاریگەرتر هێشتا نەگێڕدراونەتەوە. پیاوێک پێیدەوتم: بیهێنە پێشچاوی خۆت، هەموو شەوێک لە خەو هەستیت و بیرت بێتەوە کچ و ژنەکەت لەدەست چەکدارانی داعشدان. یەکسەر بیرت بۆ چی دەچێت؟ یەکەم پرسیار کە لەخۆتی دەکەیت چییە؟ نەمدەزانی چۆن وەڵامی بدەمەوە.
سەرەڕای ئەو ماڵوێرانییەش، وەکچۆن کارەساتی #هەڵەبجە# یەکینەخستین، ئاواش کارەساتی شنگال یەکمانناخات. ئیدیعا دەکەین کە یەکین، یەک وەزیری پێشمەرگەمان هەیە، یەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستانمان هەیە، بەڵام ئەوەی بەکردەوە دەیبینین وانییە. باشتروایە ڕاستییەکە بڵێین. ئەویش ئەوەیە کە هەوڵدەدەین یەک بین، هەوڵدەدەین یەک وەزیری پێشمەرگە بەڕاستی وەزیر بێت، قبووڵی دەکەین کە یەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان ئاگای لە ورد و درشتی ئۆپەراسیۆن و هاوپەیمانێتییە سەربازییەکانمانە لە شەڕی دژی داعشدا.
پێشمەرگەی کوردستان لەو شەڕەیدا لە دژی داعش لە زولفەقار دەچێت. ئیمامی عەلی شمشێرێکی هەبوو کە دەڵێن حەشری بە کافران دەکرد. شمشێرەکە یەک تەنی هەبوو و لە دژی یەک دوژمن دەوەشێندرا، بەڵام دوو سەر و نووکی هەبوون. درووست وەکوو سەر و نووکە ئێرانی و ئەمریکییەکەی لای خۆمان! [1]