$خەڵاتی #داعش# بۆ میلیشیا$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#02-12-2014#
هەرچەندە ئێستا لە دوو بەرەی دژ بە یەکدان، بەڵام پەیدابوونی داعش و پێشڕەوییەکانی بەرەو بەغدا دیارییەکی ئیلاهی بوو بۆ بەهێزبوونی میلیشیا شیعەکان لە ئێراقدا. لەم ڕۆژانەدا کە لە ئێران یادی زۆرتر لە سی ساڵ دامەزراندنی هێزە خۆبەخشەکان (بەسیج) دەکرێتەوە، هێزە خۆبەخشە شیعەکان لە ئێراق (میلیشیای شیعە) بەرەو یادی یەکساڵەی دامەزراندنیان دەڕۆن. دوو هێز لە دوو وڵاتی جیاوازدا، بەڵام دامەزراو بە هەمان بیرکردنەوە و هەمان مەبەست.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە کۆتایی ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو، دامەزرێنەرانی کۆمارە ئیسلامییە نوێیەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای سەردەمی شاهەنشاهییان نەدا. ئەو سوپایەی ئەفسەرەکانی چەند مانگێک پێشتر خزمەتکاری ئەعلا حەزرەت بوون، دەستیان بەسەر سنگەوە دەنا بۆ حەزرەتی ئیمام. بەڵام ئایەتوڵڵا خومەیینی متمانەی بەو دەست لەسەر سنگانە نەکرد و فتوای سازکردنی سوپایەکی هاوتەریبی بەناوی بەسیج دا. ئەو سوپایە لەو گەنج و پیرە خۆبەخشانە پێکهات کە خەڵکی ئێرانیان هاندەدا بەشداری لە شەڕ دژی ڕژێمی سەدام بکەن.
ئەوکات پێشبینی دەکرا لە ئاییندەی زۆر نزیکدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئێران دەتوانن چەک هەڵبگرن بگاتە بیست ملیۆن کەس، بۆیەش خومەیینی ناوی لەو سوپا خۆبەخشە نا (ئەرتەشی بیست ملیۆنی) . ئەرتەشێک کە دوای زۆرتر لە سی ساڵ، ئێستاشی لەگەڵدابێت جێدەستی بەسەر ڕووداوە سیاسی و ئەمنی و تەنانەت ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیشەوە لە ئێران دیارە.
ئێستا بەسیج لەنێوەوەی ئێران لە سەرکوتکردنی جووڵانەوە ناڕەزاییئامێزەکان، لە ئامادەکردنی گرووپە میلیشیاییە شیعەکانی دەرەوەی ئێران و لە هەر ئەرکێکی دیکەدا کە ئامانج لێی پاراستن و فراوانکردنی هەژموونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت بەشداری دەکات. واتە هێزێکە چیدیکە وەکوو هێزێکی کاتیی درووستکراو بۆ قۆناخی جەنگی ئێران و ئێراق تەماشای ناکرێت.
لە ئێراقیش نموونەیەکی هاوشێوەی ئێران دووبارەبووەوە. ئەویش دوای ئەوەی داعش هەڕەشەی جدیی لەسەر ئاساییشی بەغدا درووستکرد و بەکۆمەڵ گەنجی ئێراقیی شیعەی کوشتن، ئایەتوڵڵا خومەیینی نا، بەڵکوو ئایەتوڵڵا سیستانی فتوای پێکهێنانی (#حەشدی شەعبی#) ی دا، کە مانا عەرەبییەکەی دەقاودەق هەمان مانای بەسیجە فارسییەکەیە. جیاوازییەکە تەنیا ئەوەیە کە بەسیجییەکان وێنەی خومەیینییان بەرزدەکردەوە، بەڵام میلیشیا شیعەکان وێنەی سیستانی بەرزناکەنەوە و لەجیاتی ئەو وێنەی خامنەییان بەرزکردووەتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا بۆ دوو کاری ڕۆژنامەڤانی چوومەتە نێو میلیشیا شیعەکانی ئێراق. هەردووجار بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی کە: ئایا ئەوانە لە ئاییندەدا دەبنە مەترسی بۆ سەر باشووری کوردستان یان نا، چوومەتە لایان. ئەوانم وەکوو مرۆڤی میواندار و بەڕێز ناسیوە کە لەسەر ئاستی خوارەوە برایەتی و دۆستایەتیی پێشمەرگەیان پێخۆشە. بەدووریشیان زانیوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لوولەی تفەنگەکانیان لە کوردستان بکەن، بەڵام هیچ جارێک بەشی ئەوەندە دڵنیاییم لە سەرکردەکانیان وەرنەگرتووە کە وابکات بێگومان بم لەوەی ئیرادەی فەرماندەکانیان و ئەجێندای سیاسییەکانیان بەسەر خۆشەویستیی سەربازەکانیاندا بەرانبەر پێشمەرگە سەرناکەوێت.
ئەزموونی بەسیج لە ئێران و حیزبوڵڵا لە لوبنان پیشانیدەدەن کە لە هەر وڵاتێکدا شیعە لەگەڵ پێکهێنەرەکانی دیکە بژیت، متمانەی تەواو بە سوپای ئەو وڵاتە ناکات و هەمیشە سوپایەکی هاوتەریبی شیعە درووستدەکات. بۆیە دڵنیام لە ئێراقیشدا حەشدی شەعبی دەبێتە شتێکی هاوشێوەی ئەو دوو هێزەی ئێران و لوبنان. ڕەنگە لە ئاییندەدا ئەوەش بە کورد بگوترێت کە مادام قبووڵمان بێت پێشمەرگە لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی ئێراقدا هێزێکی دەستووری بێت، کەواتە دەبێ قبووڵمان بێت حەشدی شەعبیش بۆ شیعەکانی ئێراق هەمان ڕەوشی هەبێت. ئیتر ئەوکات خوا ڕەحممان پێبکات ئەگەر ئەو دوو هێزە، لە ئاییندەدا دەستوورییە، لە شەڕی داعش ببنەوە و شیر و تیر لەیەکدی بسوون. [1]