$دانیشتن لەگەڵ شەیتان$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#11-12-2014#
سەرەنجام ئاشکرابوو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکەوە دانیشتوون. سەرنجڕاکێشیش ئەوەیە کە وەزیری ئیتیلاعات نهێنییەکەی ئاشکرا کردووە و دەڵێت ئەگەر پێویستی کرد لەگەڵ تیرۆریستانیش دادەنیشین.
ئەو دانیشتنانە هەرچییەکیان تێدا گوترابێت دانیشتنی مێژوویین، چونکە هەردوولا جاران یەکدییان بە شەیتان دەزانی، متمانەکردنیش بە شەیتان ئاسان نییە. مەرجیش نییە بەرهەمدار بێت.
$حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جیاواز لەگەڵ ئێرانییەکان دانیشتوون$
لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ کاربەدەستێکی ئێرانیی ئاگادار قسەمکرد. ئەو دەیوت ئێستا لەنێو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دوو ڕوانگە لەبارەی کێشەی کوردەوە درووستبووە.
گرووپێک لەو بەرپرسانە پێیانوایە ناکرێ چیدیکە ئێران وەکوو چل ساڵی ڕابردوو هەڵسوکەوت لەگەڵ کێشەی کورد بکات. ئەوان پێیانوایە لە باشوور و ڕۆژاوا و باکووری کوردستان ڕەوشی کورد زۆر گۆڕاوە، بۆیەش ئەگەر تاران وەخۆنەکەوێت بۆمبە تەوقیتکراوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتەقێتەوە. ئەو کاربەدەستە ئاگادارە دەیوت لەبەرانبەردا گرووپێکی دیکە هەن کە دەڵێن بۆیە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو بەشەکانی دیکەی کوردستانی لێنەهاتووە چونکە سیاسەتی چل ساڵی ڕابردووی ئێران لەبارەی ڕۆژهەڵاتەوە ڕاست و گونجاو بووە. بۆیەش ئەو گرووپە لەگەڵ گۆڕانکاری لەو سیاسەتەدا نین.
لەو نێوانەدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ کەسانێک دانیشتوون کە وەکوو نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆیان ناساندووە. ئەو کاربەدەستە ئێرانییە دەیگوت: حیزبە کوردییەکانی ئێرانیش دەزانن فرەمەرجەعی لە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە. زۆرجار وەزارەتی ئیتیلاعات شتێک دەکات، کەچی دەزگایەکی دیکەی دەستڕۆیشتوو شتێکی تەواو پێچەوانە دەکات و بڕیارەکەی ئیتیلاعات ڕەتدەکاتەوە. تاکەکەس کە لە تاران قسەی یەکلاکەرەوە دەکات ئایەتوڵڵا خامنەئییە.
$ئەگەر تاران وەخۆنەکەوێت بۆمبە تەوقیتکراوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتەقێتەوە$
گریمان قسەکانی ئەو کاربەدەستە ڕاست نین و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کردەیی لەگەڵ نوێنەری خامنەئیدا دانیشتوون (کە واش نەبووە و ئەوە ڕووینەداوە) ، بەڵام هێشتاش ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە کە ئایا ئەو دانووستاندنانە بەرهەمدار دەبن؟ بەتایبەتیش کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جیاواز لەگەڵ ئێرانییەکان دانیشتوون و هەریەکەیان باسی ڕوانگەی خۆیان کردووە بۆ چارەسەری کێشەی ڕۆژهەڵات. وەک دەشزانین جیاوازیی زۆر لە ڕوانگەی ئەو حیزبانەدا هەیە بۆ ئەو مەسەلەیە.
ئایا لەو حاڵەتەدا تاران لەگەڵ کام حیزبەدا ڕێکدەکەوێ و کامەیان ڕەتدەکاتەوە؟
باسی ئەوە هەیە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەمنزیکانە کۆبوونەوەیەک بکەن و خاڵی هاوبەش دابنێن. ئەمە ئەگەر بۆ خۆئامادەکردن بێت بۆ دانووستاندن کارێکی باشە. چونکە هیچییەک لەو حیزبانە بەتەنیا ناتوانێ و لەبەر جەماوەرەکەشی ناوێرێ لەگەڵ تاران ڕێکبکەوێت.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئێران جددییە لەو دانیشتنانەی لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەیکات؟ وەک ئەو کاربەدەستە ئێرانییەش دەیگوت: ئەم دانیشتنانە نیشانەی تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بەخۆداچوونەوەی تارانە سەبارەت بە کێشەی کورد؟ وەڵامی ئاسان بەڵێیە، بەڵام هەندێک ئاماژە هەن کە دەریدەخەن مەرج نییە ئەو لێکدانەوەیە ڕاست بێت.
حیزبی دیموکرات دوو ئەزموونی تاڵی لە دانیشتن لەگەڵ ئیتیلاعاتدا هەیە. لە ئەزموونی یەکەمدا قاسملۆ لەسەر مێزی دانووستاندن تیرۆرکرا و لەوەی دووەمیشیاندا شەرەفکەندی. ئەوەی کە دوای سێ دەیە، دیسان وەزارەتی ئیتیلاعات دێتەوە مەیدان بۆ دانووستاندن، وادەکات مرۆڤ بە دوودڵییەوە لە ئەنجامداربوونی دانووستاندنەکان بڕوانێت. بەڵام گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیشانیدەدەن گۆڕانکاری لەو بەشەی کوردستاندا بووەتە شتێکی حەتمی، بۆیە یان دەبێ دەوڵەت بێتە پێشەوە یان دەبێ چاوەڕوانی شڵەژانێکی چاوەڕوانکراو بێت.
$لەنێو بەرپرسانی ئێران دوو ڕوانگە لەبارەی کێشەی کوردەوە درووستبووە$
پوختەی مەسەلەکەش ئەوەیە کە خەڵک لە ڕۆژهەڵات لە ناچالاکی و بێدەنگیی حیزبەکانیان بێزاربوون. هێندە بێزار کە ڕەنگە چیدیکە گوێ لەو حیزبانە نەگرن و بۆخۆیان دەست بە جووڵانەوە بکەن. نموونەی ئەمەش لە ڕۆژاوای کوردستان ڕوویدا، کە لە سەرەتای شۆڕشەکەدا تەڤگەرا جوانێن کورد سەرپەرشتیی هەموو کارەکانیان کرد و بەدوای ئەواندا حیزبەکانی ڕۆژاوا کەوتنەخۆ. بۆیە باشترین تاکتیکی دەوڵەتی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەوشەکە دەوربەخشینە بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی دانووستاندنێکەوە کە لەئێستاوە دیارە ئەنجامی خێرای لێ وەدینایەت. [1]