$چی لە عەرەب بکەین؟$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#22-12-2014#
#داعش# وایکرد عەرەبدۆستی لە کوردستان ببێتە شتێکی ناوازە. سەدام بە ئەنفال و کیمیاباران نەیتوانی وابکات کورد ڕقیان لە عەرەب بێت، بۆیەش ساڵی 1991 کە ڕاپەڕین کرا، سەربازە عەرەبە بەدیلگیراوەکان بەڕێزەوە بەڕێکرانەوە. بەڵام لە هیچ بەرەیەکی شەڕدا نەمبیستووە داعشێکی عەرەبی سوننە کەوتبێتە دەست پێشمەرگە و بەڕێزەوە بەڕێکرابێتەوە ناو کەسوکاری. ئەم قۆناغە نوێیە بۆ هەردوولا مەترسیدارە. مەترسییەکەش ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر شەڕی کورد و عەرەبیش ڕوونەدات، کۆمەڵگەی عەرەبی و کۆمەڵگەی کوردی لە کوردستان لەجیاتی ئەوەی تێکەڵ بن، دوور لە یەکدی گەشە دەکەن.
$نەمبیستووە داعشێکی عەرەبی سوننە کەوتبێتە دەست پێشمەرگە و بەڕێزەوە بەڕێکرابێتەوە ناو کەسوکاری$
لە کەرکووک سەردەستەیی عەرەبی سوننە وایکردبوو چەندین دەیە تێکەڵاونەبوونی کۆمەڵگەی کوردی و تورکمانی و عەرەبی پەردەیەکی تەنکی بەسەردا بدرێت. بەڵام لەدوای ڕووخانی سەدامەوە، عەرەب و تورکمان و کورد هەر بەناو لە یەک شاردا دەژین. ئێستا کورد و تورکمان لە یەکدی نزیکبوونەتەوە و عەرەب کەوتووەتە بەرەی بەرانبەریان.
گۆڕانکاریی بەزۆری دێمۆگرافی کاتی پێویستە تاوەکوو شوێنی خۆی بگرێت. لە کەرکووک ئەو کاتە پێویستە تێپەڕیوە و تازە دێمۆگرافیاکە گۆڕاوە. چاکیش ناکرێتەوە. واتە نە کورد عەرەبی پێ دەردەکرێ، نە عەرەبیش دەتوانێ چیدیکە ئەوە لەگەڵ کورد بکات. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە لەجیاتی ئەوەی عەرەب و کورد و تورکمان پێکەوە بژین، لە تەنیشت یەکدی دەژین. ئەوان ناچارن هاوسێی یەکدی بن، دەنا نایانەوێ تێکەڵی یەکدی بن.
$گۆڕانکاریی بەزۆری دێمۆگرافی کاتی پێویستە تاوەکوو شوێنی خۆی بگرێت$
هەفتەی ڕابردوو خوێندکارانی کورد و عەرەب لە زانکۆی کەرکووک کردیانە شەڕ. لەوێ ڕقێکی کۆبووەوەی چەندین ساڵە بە ڕوخساری هەردوولاوە دیاربوو. من لەنێو شەڕکەرانی کورددا بووم و قسەم لەگەڵ دەکردن. یەکێکیان دەیگوت: کێشەی کورد و عەرەب لە کەرکووک تەنیا بە زەبری شەق چارەسەر دەکرێت. دەبێ عەرەب بزانن چیدیکە لێرە براگەورە نین. ئەو کەسەی ئەو قسەیەی دەکرد تەمەنی لە بیست ساڵ تێنەدەپەڕی، واتە ڕەنگە ئەوپەڕی شەش ساڵ لەژێر دەسەڵاتی سەدامدا ژیابێت. گەنجێکی تورکمانیش دەیگوت: چارەسەر ئەوەیە کە بۆ ماوەیەکی درێژ عەرەبی کەرکووک بێدەسەڵات بن و ئێمە حوکمیان بکەین، تاوەکوو واز لە لووتبەرزی بهێنن.
لە کەرکووک هەستمکرد کەرکووکییەکان لە سەرنشینانی کەشتییەکەی نووح دەچن، لافاوێک ئەوانی گەیاندووەتە ئەو شارە، بەڵام لەجیاتی ئەوەی پێکەوە بژین، هەریەکەیان ملی ڕێگەیەکی جیاوازیان گرتووە.
$کێشەی کورد و عەرەب لە کەرکووک تەنیا بە زەبری شەق چارەسەر دەکرێت$
ئەم هەستی دژایەتیکردنەی عەرەب لە #هەولێر# زەقتر هەستی پێدەکرێت. لە خاڵەکانی پشکنینی شەوانەدا لەنێو هەولێر، ئۆتۆمبێلەکەت ڕادەگرن، پیاوانی ئاساییش بە کوردی چاکوچۆنییەکت لەگەڵ دەکەن. ئەگەر کورد بووی، بەڕێزەوە بەڕێتدەکەن، ئەگەر عەرەبیش بووی داتدەگرن. وەک بڵێی عەبدولڕەحمان ئەلکوردییەکەی ئەنجامدەری تەقینەوەکەی هەولێر ناوی عەبدولڕەحمان ئەلعەرەبی بووبێت! بۆیە ڕقهەڵگرتن لە عەرەب وەکوو ئەو ڕقهەڵگرتنە نەفامانەیەیە کە ڕژێمەکانی ئێراق بەرانبەر کورد هەیانبووە و هەر لەژێر کاریگەریی ئەو هەستەشدا جینۆسایدیان ئەنجامدا. خۆشی بێ یان ترشی، تازە عەرەب لە کوردستان لەگەڵمان دەژین، بۆیە چاکتر وایە لەجیاتی ئەوەی ڕقمان لێیان بێت، پلانێکمان هەبێ بۆ ئەوەی فێری کوردییان بکەین و بیانگونجێنین. [1]