ناونیشانی بابەت: گەرماوی پاشا لە کفری.. تاکە گەرماوی ژێرزەوییە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە
ئامادەکردنی: #فاتمە قاسم#
#کفری#، یەکێک لە شارە دیارەکانی دەڤەری گەرمیانە و چەندین شوێنەواری دێرینی تێدایە و بە شوێنەوارە مێژوویی و کۆنەکان بەناوبانگە، وەکوو (قەیسەری) و (ئاسیاوەکان) و (ماڵی #مەجید پاشای بابان#) و (سەرا) و (گۆڕدەخمەکان) و چەندین شوێنەواری دیکەیش هەیە، کە تا ئێستا لەژێر زەویدان و کنە و پشکنینیان بۆ نەکراوە.
یەکێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانیشی گەرماوی پاشایە، کە سەردەمی درووستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم و لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە و ئێستا پێویستی بە بڕی 38 ملیۆن دینارە بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی، بەڵام ئەگەر بە زووترین کات نۆژەن نەکرێتەوە، مەترسیی داڕووخانی 90%ی گەرماوەکە هەیە.
سەبارەت بەم بابەتە، عوبێد محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: کفری شارێکی دێرینە و زۆر شوێنەواری لەخۆ گرتووە، گەرماوی پاشای کفری یەکێکە لەو شوێنەوارانەی کە دەکەوێتە باکووری کفری لە گەڕەکی (باوە شاسوار) ، نزیک لە کۆشکی مەجید پاشای بابان و قەیسەریی کفری. ئەم گەرماوە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم، واتە لەنێوان ساڵەکانی 1850- 1860 لە سەردەمی بابانییەکانەوە درووست کراوە، چونکە لەو سەردەمە کفری بەهۆی هەبوونی قەیسەریی تیایدا ناوەندێکی گرنگی بازرگانی بوو، هەر بۆیە بازرگانەکانی گەرمیان و سلێمانی و بەغدا لە کاتی سەردانیان بۆ کفری، لەو گەرماوە خۆیان دەشوشت، بەڵام بەهۆی ئەوەی مەجید پاشای بابان دەستی لە درووستکردنی هەبووە، بۆیە گەرماوەکە هەر لەو سەردەمەوە هەتاکوو ئێستا بە ناوی پاشا دانراوە و بە (گەرماوی پاشا) بەناوبانگ بووە.
$تاکە گەرماوی ژێرزەوی$
عوبێد محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری، گوتیشی: لە سەردەمی بابانییەکان کە ئەم گەرماوە لەسەر دەستی وەستاکانی ئەو سەردەمەی کفری و بە بەکارهێنانی کەرەستەکانی دەوروبەری کفری، کە بریتی بوون لە بەرد و گەچ و قسڵ، درووست کراوە، بەڵام بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵانە گەرماوەکە دەکەوێتە ژێر زەوی و ئێستا گەرماوی پاشا تاکە گەرماوی ژێرزەوییە لە هەرێمی کوردستان. شێوازی درووستکردنی گەرماوەکە گۆمبەزییە و ڕووبەری بینای گەرماوەکە 100 مەتری دووجایە و شێوازی ناوەوەی پێکهاتووە لە ژوورێکی گەورە بۆ پێشوازی و خۆگۆڕین، لە ناوەڕاستی بەشی خۆگۆڕینی گەرماوەکە ژوورێکی دیکە هەیە، دواتر دەچیتە نێو بەشی گەرماوەکە واتە بەشی خۆشووشتن، کە پێکهاتووە لە هۆڵێکی گەورە، کە تیایدا شەش ژووری خۆشووشتن هەن و قەبارەی هەر پەکێکیان (پانییەکەی 2 مەتر و درێژییەکەی 2 مەتر) ە، هەر ژوورێک سێ لای داخراو و یەک لای کراوەیە و لە هەر ژوورێکدا تەنیا شوێنی دوو کەس دەبێتەوە، هەر ژوورێک 2 حەوزی بچووکی تێدایە، لەگەڵ بۆڕیی ئاوی سارد و گەرم. لە ناوەڕاستی هۆڵەکە سەکۆیەک هەیە کە شوێنی مەساج و لیفکەلێدان بووە، هەروەها ژووری حەوتەم لەنێو هەمان هۆڵ، شوێنی حەوزی ئاوی گەرم بووە، کە پێشتر بە نەوتی ڕەشی کفری لەگەڵ دار، ئاوەکە گەرم کراوە.
بەڕێوبەری شوێنەواری کفری ئاماژەی بەوەش کرد: هەموو گەرماوێک پێویستی بە ئاو، گەرمکەری ئاو، ڕێرەوی ئاو هەیە، لەو سەردەمەدا لە کفری چەندین جۆگەئاو هەبووە کە لە باوەشاسوارەوە دەهاتن و دواتر دەچوون بۆ باخی پاشا و لە باخی پاشاوە دەچوون بۆ نێو گەرماوەکە، گەرماوەکەیش خاوەن حەوزێکی ئاو بوو کە لە ڕێگەی نەوتی ڕەش و داری کفری گەرم دەکرا و ڕۆژانە خەڵک سوودیان لە گەرماوەکە دەبینی، تەنیا دوو ڕۆژ لە هەفتەدا (ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە) هەر لە بەیانییەوە هەتاکوو نیوەڕۆ تایبەت بوو بە ئافرەتان، لەدوای نیوەڕۆ هەتاکوو شەو تایبەت دەبوو بە پیاوان و دوای خۆشووشتنی خەڵک ئاوەکە دەچووە نێو کارێزەکانی کفری، کە لەو سەردەمەدا ژمارەیان سێ کارێز بووە، جگە لەمەش، هەر لە کۆندا گەرماوی پاشا بۆ ڕازاندنەوەی بووک و زاوا بەکار هێنراوە.
$هەتا ساڵی 2003 کراوە بووە$
عوبێد محەمەد، تیشک خستە سەر ئەوەی: گەرماوی پاشا لە دوای درووستکردنییەوە هەتاکوو ساڵی 2003 ئیشی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە گەرماوەکە کۆنە و هەروەها بەهۆی پێشکەوتن و دەستەبەربوونی ئامرازەکان، ئێستا هەموو ماڵێک خاوەن گەرماوە، ئەمانە بوون بەهۆی ئەوەی خەڵک بۆ خۆشووشتن سەردانی گەرماوەکە نەکات، بۆیە دوای ساڵی 2003 وەک گەرماو ڕاگیرا، بەڵام چەند جارێک بۆ ماوەی چەند ڕۆژ وەکوو گەلەری بەکار هێنرا، ئێستا ناوەوەی گەرماوەکە بە چەندین تابلۆی هونەرمەندان ڕازاوەتەوە، کە گوزارشت لە ژیانی ئەو سەردەمی کفری دەکات و خۆشبەختانە گەرماوەکە توانیی ببێتە جێی سەرنجی گەشتیارە ناوخۆیی و بیانییەکان.
لە کۆتاییدا عوبێد محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری گوتیشی: مەترسیی داڕمان لەسەر گەرماوی کفری هەیە، چونکە لەدوای درووستکردنی گەرماوەکە لەنێوان ساڵەکانی 1850- 1860 هەتاکوو ئێستا ئەم گەرماوە نۆژەن نەکراوەتەوە، بەڵام وەکوو کاری پاراستن چەند ساڵێک پێش ئێستا تەنیا یەک جار لەلایەن ڕێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانییەوە هەندێک کاری پاراستنی بۆ ئەنجام درا، ئێستا زۆر پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، چونکە ئەگەری داڕووخانی بە ڕێژەی 90% هەیە، ئەگەر بڕووخێت ئەوا مێژوویەک لە مێژووەکانی کوردستان بەگشتی و کفری و گەرمیان، بەتایبەت لەدەست دەچێت و دوای لەدەستچوونی ناتوانین ئیتر درووستی کەینەوە، بۆیە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، لە پارەی نۆژەنکردنەوەی گەرماوەکە یارمەتیمان بدات، کە تەنیا 38 ملیۆن دیناری پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانین بەزووترین کات نۆژەنی بکەینەوە و مێژووی وڵات و شارەکەمان بپارێزین. [1]