برنج یەکێکە لە خواردنە سەرەکییەکانی سەر خوانی زۆربەی خێزانی کوردی، بەردەوام ئەو پرسیارە دەکرێت چۆن بتوانم برنج بخۆم بێ ئەوەی قەڵەو ببم یان ببێتە هۆی درووستبوونی ورگ.
ئەم ڕێنمیانەی دکتۆر #کامەران ژاژڵەیی#، پسپۆڕی زانستی خۆراک ئەگەر بتوانرێت جێبەجێ بکرێت، ئەوا بە ڕێژەیەکی باش ڕێگە دەگرێت لە قەڵەوی و زیاد بوونی کێش و قەڵەوی ورگ:
1. لە ڕۆژێک دا یەک ژەم برنج بخورێت نەوەک دوو ژەم یا زیاتر.
2. برنجی دەنک درێژ باشترە لە برنجی خڕ، برنجی بۆر و قاوەیی و برنجی کوردی باشترە لە برنجی سپی.
3. بەپڵاو لێبنرێت یاخود بڕێکی کەم بە زەیتی زەیتون، زەیتی کانولا، یان ڕۆنی ئاژەڵ لێبنرێت، واتە هێندە کەم بێت بنکڕ درووستنەکات و گەر بنکڕی لەگەڵ بوو نەخورێت.
4. پێش تێکردنی برنجەکە بە (10-15 خولەک)؛ قاپێکی گەورە زەڵاتەی وەرزی لەسەر سفرە دابنرێت و بخورێت، دوای تەواو بوونی زەڵاتەکە ئینجا برنج و شلەکە بهێنرێتە سەر سفرە نەوەک بە یەکەوە.
5. ڕۆژانە لە (10-12 کەوچک) زیاتر برنج نەخورێت، پێویستە کەیبانوی ماڵ بەقەد ژمارەی ئەندامانی خێزان چێشت لێبنێت.
6. هەموو کەوچێک برنج، دوو کەوچک شلە یان لانی کەمی کەم کەوچکێک شلەی لەگەڵ بخورێت.
7. پێویستە لە ڕۆژێکا یەک ژەم زیاتر برنج نەخورێت، گەر بتوانرێت ڕۆژ نا ڕۆژێک یەکجار بخورێت.
8. خواردنی نان یان سەمون لەگەڵ برنج و شلە ئەگەری قەڵەوی و زۆربوونی کێش زیاتردەکات. [1]