ناونیشانی بابەت: نیشتمانێک تاپۆی حیزب و بەرپرسان
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
خەونی ڕزگاری و ئازادی بۆ مرۆڤ ئاواتێکی گرنگ و لەپێشینەیە، بۆ مرۆڤی کورد ئەوخەونە گەورەترە چونکە بەربەست و ڕێگریەکان بۆ گەیشتن بەوئامانجە لە هەموو سەردەمەکاندا زۆر بوون، گەلی کوردیش سەنگەری خەبات و تێکۆشانی چۆڵنەکردووە و بەرگری لە مانەوەی خۆی کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش قوربانی زۆری داوە.
لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاری نیشتمانی گەلی کوردستاندا، هەمیشە ئەم گەلە چاوی لە ترۆپکی ئاسۆی ئازادی بووە و بۆ ئەو ئامانجەش هەزاران قوربانی بەخشیوە، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕۆژی ڕووناکی سەربەستی و ئازادی، جارجارە کە خۆری ئازادی لەسەر خاکی کوردستان خۆی پەخشکردبێت، بەجوانترین شێواز لەلایەن خەڵکی تامەزرۆی ئازادی کوردەوە پێشوازی لێکراوە، نزیکترین نموونەش ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991 بوو، تا هێزی پێشمەرگە دابەزین خەڵک کوردستانی لە دەسەڵاتی ستەمکاری بەعسی شۆڤێنی پاککردەوە، ئیتر ڕاپەڕین و کۆڕەو و جارێکیتر ڕاپەڕین، تا ڕژێم ناچارکرا هەموو دامو دەزگا فەرمییەکانی گواستەوە بۆ ژێردەسەڵاتی قەڵەمڕەوی خۆی بە مەبەستی ناچارکردنی خەڵک بۆ ئەوەی بچنەوە ژێر ڕکێفی بەعس، بەهۆی گیانی کوردپەروەرانە و هەستی بەرزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک، ئەوخەونەی دوژمن نرایە گۆڕ.
لێرەدا وتەیەکی (بنیامین فرانکلین) دێتەوە بیرم کە دەڵێت: (لە کوێ ئازادی هەبێت، نیشتمان هەیە) کەواتە خەڵک لەپێناوی ئازادی لەنیشتماندا قوربانی داوە.
هێزە بەناو شۆڕشگێڕەکان بۆ بەردەوامبوون و مانەوەیان لەسەر داگیرکاری و قۆڕخکاری، وشەی (جارێ حکومەتەکەمان ساوایە) یان بەکاردەهێنا، تا بووە نووکتەیەکی سەمەرەی سەرزاری هەمووخەڵک، ویست و ئامانجی شۆڕشگێڕە دەسەڵاتدارەکان خۆی لەخواستی تایبەت و خۆدەوڵەمەندکردن بینییەوە، حیزبەکان سەرەتاڕێگەیان بۆخۆیان دۆزیەوە تا دەوڵەمەندببن، هەرچی ئامێر و ماکائین و بۆری وئاسن و تەلی کارەبا و زۆریتریان ئاودیوی سنوورەکان کرد تا گەیشتە شۆفڵ و پردەکان شتی تر، ئەوە سەرەتای تاڵانی وێرانکردنی کوردستان دەستی پێ کرد، ئینجا کەوتنە تەخشان و دابەشکردنی زەوی بۆخۆیان و کەسوکاریان، لەم چوارچێوەیەدا سەدان زەویان لەسەرخۆیان تاپۆکرد، دەستکاری جۆری زەوی و زاریان کرد، وەک زەوی کشتوکاڵی و بەردەڵان و لەوەڕگە و پاوانگە، هەموویان کردە باخ و ڤێلا بۆ خۆیان، سەرباری ئەوکارە دزێوانەی لەناو شارەکان کردیان، دەبوایە لە هەموو شتێکدا پشکی ئەوان پارێزراوبێت، وەک دووکان و چێشتخانە وکافێ و ئوتێل و بەنزینخانە و خەتی پاس و هەموو شتێک کە بچێتە بواری پارە و بازرگانییەوە.
هەندێ بازرگانی قەبە هەن ئەوانیان بۆخۆیان قۆرخکرد لەوانە (بازرگانی دەرمان، بازرگانی جگەرە، بازرگانی خواردنەوە کحولییەکان ...) هتد.
لەدوای ئەوانە هاتنە سەربازرگانی بەسووتەمەنی و دەرهێنانی نەوت و غاز بێگومان کەس بۆی نییە باسی ئەوانە بکات، ئەمانە خەریکی ئەو بازرگانی و خۆدەوڵەمەندکردنە بوون، لەولاشەوە مامۆستایان و فەرمانبەران کەلوپەلی ماڵەکانیان فرۆشت تا گەیشتە دەرهێنانی دەرگاو پەنجەرەی ماڵەکانیان، ئەوانیش زۆر بەچاو قایمی خۆیان هاتن و شەڕی خۆبەخۆیان هەڵگیرساند و نزیکی بیست هەزارکەس لەڕۆڵەی خەڵکیان دابەکوشت، دوای ئەوەش وتیان خەتای خەڵک بووە.
لەدوای ئەم هەموو کارەساتە نەیانتوانی دەسەڵاتێکی باش و جوان و ڕەشید دابمەزرێنن، لە دووئیدارەوە بەناو کردیانەوە بە یەک حکومەت، بەڵام هەر خراپتربوو، ئەم جارە مووچەی خەڵکیان بڕی و پاشەکەوتیان داهێنا.
خەڵکێک ئەم هەموو قوربانیەی دابێت، پێویستە بەرهەمەکەی بچنێتەوە، ئەگەر بەباشی و دادوەرانە مامەڵە بکرایە، هەر وەک (وینستن چەرچڵ، دەوڵەتمەدار و سیاسەتمەدار و سەرۆک وەزیران (1874-1965) وتوێتی: (نیشتمان درەختێکی باشە و تەنیا لە خاکی قوربانیدا دەڕوێت و بە ئارەقە و خوێن ئاو دەدرێت) لەمەوە دەردەکەوێت ئەمانە نیشتمانێکی باشیان نەویستووە، بەڵکوو ئەوەیان ویستووە کە خۆیان مەبەستان بووە.
دوای سی و دووساڵ لە حوکمڕانی خۆماڵی کوردی، پێویستە هەمووتاکێکی وشیار ئەوپرسیارە لەخۆی بکات و بڵێ: =KTML_Bold=کامەبوو بەرهەمی خوێن وخەبات و قوربانی و ڕاپەڕین؟=KTML_End=
ئێستا خەڵکی کوردستان هەژار و نەدارن و ئەوانیش خاوەنی هەموو شتێکن، جگە لە خەمی نیشتمان و بەهای بەرز وخزمەتکردن، وتەیەکی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب) گونجاوە کەدەڵی: (سامان و دەوڵەمەندی لەغوربەت و تاراوگەشدا بێت نیشتمانی خۆیەتی، بەڵام هەژاری و نەداری لەماڵەکەی خۆشتدا نامۆبوونە) .
ئەوەی بۆ ئێستا بەرچاوودیارە، لەم هەرێمەدا دەیان و سەدان کۆمپانیای بەناو وەبەرهێنان، خەریکی وێرانکردنی زەوی و خاکی نیشتمانن بە مەبەستی درووستکردنی خانو و شووقە و ڤێلا، بەڵام ئەوەی زەرەرمەندی یەکەمە خەڵکە هەژەرەکەیە، بە بڕێکی زۆر ئەیفرۆشنەوە بەخەڵک، زەویەکەش بەکەمترین نرخ ئەیاندرێتێ.
حکومەت بۆچی ئەوکارە بە کەسانیتر ئەسپێرێ؟ دیارە چونکە زۆربەی ئەو کۆمپانیایانە هی دەسەڵاتدارانن و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی خۆیان، ئەم حیزبانە کارێکیان نەکرد خەڵک لە پێویستیدا لەپێناوی نیشتماندا خۆی بکاتە قوربانی، کۆتایی ئەم وتارەم بە وتەیەکی (تۆماس کارلایل) دێنم کەدەڵێت: (خۆشە مرۆڤ لەپێناو نیشتمانەکەیدا بمرێت، بەڵام لەوە جوانتر ئەوەیە لەپێناو نیشتمانەکەیدا بژی). [1]