#قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ وەفدێکی پەڕڵەمانی ئێراق کە پێکهاتبوو لە ئەندامانی لیژنەی ئەوقاف و عەشایر بەسەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی کۆبووەوە و پێکەوە دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ئێراق و چۆنییەتی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و #بەغدا#یان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی #13-05-2023# لە دەباشان بەڕێوەچوو، دکتۆر مەحمود مەشهەدانی ڕۆڵی سەرۆک مام جەلالی وەبیرهێنایەوە لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی و تەبایی و یەکریزی لەنێوان لایەنە ئێراقییەکان و سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکاندا و ڕایگەیاند لە قۆناغی سەخت و هەستیاری دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس مام جەلال وەک پێشەوایەک لە سیاسەتی ئێراق دەرکەوت کە بەبێ جیاوازی کۆکەرەوەی سەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بوو.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگی قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە کە ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە، ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەموولایەکمان بە هەمان شێوازی مام جەلال کار بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو ئاشتەوایی و یەکڕیزی نیشتمانییدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و #بەغدا#ش جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند؛ هەموو کات وتوومانە بەغدا قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە، هەرچەندە ئێستا پەیوەندییەکان لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام دەبێ بە هەموو لایەکمانەوە کاربکەین لەپێناو ئاشتەوایی و تەبایی زیاتر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی و درێژخایەن چارەسەر بکرێت. [1]