ناونیشانی هۆنراوە: قەڵەمی گڕ و کتێبی نەورۆز
هەڵبەست نووس: #حەمە ئەحمەد جاف#
کە هاتیتەوە... نەورۆز
نامەیەکی کراوەم لە سەرماوەزو..
خاکە لێوەو ڕێبەندانەوە، بۆ بهێنە!
ئەرشیفی گیرفانەکانی بەهار
پڕکە لە باو بروسکەو باران
با..... بۆ درەخت و..
بروسکە... بۆ گڕو ..
باران ...بۆ نێرگزو سرووشت
کە هاتیتەوە ...نەورۆز
گۆرانی رەشەبا ..بۆ سلێمانی و ...
حەیرانی باران ...بۆ هەولێرو ..
لاوکی بەفر ....بۆ بادینان و ...
مەقامی گڕ..بۆ کەرکووک و ...
چڵێ نێرگز بۆ دیاربەکرو...
بەستەی (عیشق و ئازادی)ش
بۆ چوارچراو ...
قاقای بەفر بۆ قەندیل و..
لایلایەی ئەسرین
بۆ نیگا گریاوەکانی عەفرین !
کە هاتیتەوە.... نەورۆز
خۆڵەمێشی تەختی سووتاوی ئەژدەهاک
بکەرە خورجینی ( ئاسنگەرێکی پیر) و....
دەستنوێژی تەمەنی ،
بیستویەکی ئازارو رەشەمێ
بە فرمێسکی ئاگر بشۆ!؟
کە هاتیتەوە ..نەورۆز
ئامێزی پیرۆزەییی سروشت
لە گەردنی پەپوولە باڵسووتاوەکانی هەڵەبجەو ...
ڕیشۆڵە باڵ تەزیوەکانی ،
نیشتیمانی بەفرانبار ، بئاڵێنەو...
چەکوشی ئاگرینی (کاوە)
بە سیا سۆمای ئەهریمەن و ...
پشتی قۆقزی ئەژدەهاکی خوێن تاقیکەوە و ...
لەگەڵ ( ئەمڕۆژی ساڵی تازە ) دا
ڕووخسەت لە... با ... بۆ باران
لە باران
بۆ بەهار و نێرگزو نەورۆز بخوازە
ئێستا ..کاوە
چوار هێشوو نێرگز
لە گیرفانی بەهار ئەدزێ و...
بە دار عەساو مەشخەڵێکەوە
بەرەو یارە ڕێ دەکاو ...
لەوێ ...لەمڕۆژی ساڵی تازەیەدا
لەگەڵ (هاوار )
حیکایەتی ژیان بۆ پەڕە سێلکەکانی،
سەر دار ئەرخەوانەکانی سەیوان ئەگێڕێتەوەو ...
ڕۆژژمێری (ژیان ) و ( ژین ) و ڕۆژێکی نوێ
بۆ پیرە مێرد بەدیاری دێنێ !
لەوێ ...قەسیدەی ئاو
بۆ کارێزی وەستا شەریف و..
موناجاتی شێخ بۆ دیلان دەخوێنێتەوەو..
سروودی دوانزە سوار بۆ یارە دەڵێتەوە!
لەوێ... کاوە
لەکووانووی دڵی سەیواندا
گڕی نەورۆز دا ئەگیرسێنێ و...
شەونم ...
کتێبی نەورۆز
بە تیشکی ئاگر ئەنووسێتەوە و..
پیرە مێرد ماچی گڕ...
بۆ نالی وجزیری و..
وەلی و مەولەوی و ئەسیری ئەنێرێ !
ئەسیری ئەسرین بۆ کەرکووک و
وەلی تیشکێ بۆ شەم و..
جزیری گوڵێ بۆ سەلماو ...
مەولەوی دڵێ بۆ عەنبەرخاتون
نالیش چڵێ ریحانە
بۆ پەرچەم و لاجانگی حەبیبەی ماڵیاوا
منیش بۆ تۆ
تۆش کۆڵانەکانی چاوشارکێی مناڵیم
پڕدەکەی لە ڕابردوو...
ڕابردووش ....میللەتێک
بە زەردەشتی
خاک و باو ئاوو ئاگر ئەسپێرێ !
خاک... بۆ ئاڵا
با... بۆ ژیان
ئاو...بۆ ئاوەدانی
ئاگریش بۆ نەورۆز
نەورۆزیش ، کتێبێ بۆ مێژوو
لە ڕۆژێکی نوێدا
بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دەنووسێتەوە!
کە هاتیتەوە...نەورۆز
چیتر مەهێڵە
قابیل و هابیل
بە دەستی یەکدی بکوژرێن !
چیتر مەهێڵە
خوێن لە (قەڵادزێ) بچۆڕێ و...
پەپوولە باڵڕەنگینەکانی سرووشت
لە کۆبانێ و
هەڵەبجەیەکی تردا بسووتێن !
چیتر مەهێڵە
خانەقین تەعریب و...
گەرمیان ئەنفال بێتەوە ! ؟
مەهێڵە
ڕەز.....
بێ بۆنی من و مەی هەڵقرچێ !
لوتکە بێ هەڵۆو
چیا بێ کەڤرو..
سروشت بێ گڕوپەپوولەو...
بەفروگوڵ هەڵتوتێ!
مەهێڵە
شەمشەمەکوێرە کانی شەو
بۆ نیشتیمانی (رۆژ) ڕێ کەن !
مەهێڵە ...چیتر ..
حەرفە پەمەییەکانی ماچ
گومان بخەنە سەرلێوی ئاگرینی
جانتای سەفەری خورماتوو
*٭٭٭
کە بەهارێکی تر و ....جارێکی تر...
هاتیتەوە... نەورۆز
سیمای شەقار شەقاری ( با ) و ...
وێنەی ئاوێنەیی ،
شەونمە شکاوەکانی باران
لە ئارابخا پێکەوە لکێنەو ...
ئاگر...
لە تەلاروڤێللاکانی ئەوان بەردەو ...
لە نیشتیمانی چوارچراوە
بەبەر باخەڵی یارەدا گوزەرکەو...
بەرەو مەملەکەتی نێرگزو ،
چنگی پڕلە مەشخەڵی پیرە مێرد ڕاخزە و...
بە قەڵەمی گڕ....
کتێبێ بۆ داستانی کاوەو ..
شیعرێ بۆ نەورۆز وەنووسە! [1]
=KTML_Bold=ئەم هەڵبەستە بە ڕێنووسی نووسەر نووسراوە و کوردیپێدیا بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ڕێنووسەکەی نەکردووە.=KTML_End=