ناونیشانی هۆنراوە: پەیامێک بۆ ئەسمەر
هەڵبەست نووس: #حەمە ئەحمەد جاف#
ئەسمەرهاتی و شنەی شیعرت خستە دڵی پیریمەوە
دەستت خستە سەرگۆچانی عومری گۆشەگیریمەوە
هاتی و ئاڵای خۆشەویستیت هەڵدا لە وڵاتی مندا
ئەو وڵاتەی ڕۆح ئەبەخشێ لە عیشقێکی کۆنی وندا
هاتی و ملوانکەی ئەوینت کردە ملی دەربەدەریم
گەشەت خستە سنەوبەری بەژن بڵندی پشدەریم
سنەوبەرێک لە قەڵاوە شنەیەک بە سرووشت ئەڵێ
(ئەستێرە)یەک لە گۆیژەوە ، تروسکایی ئەدا بە دڵێ
تروسکەیەک لە ناو دڵی سپی ژنێکی ئەسمەردا
کاڵای عیشقی یوزارسیف و زڵەیخای کردم بەبەردا
هاتی و دووچاوی مەخموریت کردە خولیای شیعرێکی پیر
شیعری ئەو شاعیرەی ژنێک، لەناودڵیا کردی ئەسیر
شاژنێک ..لە ژوانی شاردا ئومێدی بە ژینم بەخشی
دڵ بەنیگای خامەی ئەوین تابلۆی ئەسمەرێکی نەخشی
فرمێسکی خستەوە خەندە ، نیگاوسەرنجی جێژوانم
لە کوێ ولەکێ؟ سڕڕی سیمای سۆمای عیشقی ئەو بزانم!
سیمایەک لە میسلی میسک و شاخێ لە ئەخلاق و شەرم
دڵێکی سەرتاپا سپی و ...ڕووخسارێک ئەسمەرو گەرم !
قژ رەشماڵی خۆشەویستی ، سنگ نیشتمانی دیلانێ
گەرمن نەبم، کێ لە تابلۆی ئەفسانەییت هەڵدەڕوانێ!؟
کێ وەک من، پەڕەی سپی دڵ ، بێ سەواد دەخوێنێتەوە؟
کێ وەک من جوانترین شیعر ، بۆ عیشقت دەهۆنێتەوە؟
باڵا.. بە بڵندیی ئەزمڕ،نیگا.. رۆشنایی سەرشەقام
ڕەشەسمەر ،ئەی شاپەری شۆخ، شەکرە سێوی شیرین کەلام
جەستەو سنگ سپی ،نەرمونۆڵ ،سەرپەنجە ناسک ، مەم عەییار
کەشتییەکی بێ سەرنشیین ، بڵێی کەی بگاتە کەنار !؟
دڵێک پڕ لە عیشقی بێگەرد ، قژ قەترانی و ئەسمەر جەستە
دەست و پەنجەو مەچەک بەفرین ،چاومەست وخومارو دەستە
هاتی و عیشقێکی شیرینت، گەیاندە شاعیرێکی پیر
( مەم ) ت شەیداکرد بە (زین ) و(سەلما) گواستەوە بۆ جزیر
هاتی و شیعرێکی ڕۆمانسیت خستە بەڕکی بەربەرۆکم
شەمامەی بۆنخۆشی سینەت خستە ناودەستی لەرزۆکم
ئەسمەر زوو زانیم، لەزمانی ئەشک و سووتانم تێدەگەی
لە قوتابخانەی خۆشەویستی و تەدریسی عیشقم پێدەگەی
قوتابخانەیەک ، خۆشەویستی، وانەی تێدا بڵێتەوە
دڵنیام ڕۆژێ دێ (نالی)یش بەرەو شارەزوور دێتەوە
ساڵ: ئەیلولی 2022
=KTML_Bold=ئەم هەڵبەستە بە ڕێنووسی نووسەر نووسراوە و کوردیپێدیا بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ڕێنووسەکەی نەکردووە.=KTML_End= [1]