$تاران نیوەی ڕێگایە$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#22-01-2018#
ئەو کرانەوە سیاسی و دیپلۆماسییەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەنێوان #هەولێر# و بەغدا و هەولێر و تاران ڕوویداوە، بەرهەمی پشوودرێژیی چەند مانگی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە، سەختترین و تووندترین گوشاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لەسەر بووە. سەفەری شاندی حکومەت بۆ بەغدا و لەوێشەوە بۆ تاران، هەڵگری پەیامێکی سیمبۆلیک بوو، ئەویش ئەوەبوو کە نیوەی ڕێگەی وەسەرپێخستنەوەی هەولێر بە بەغداا تێدەپەڕێ، بەڵام نیوە کاریگەرەکەی دیکەی دەچێتە تاران.
نیگەرانی و نائومێدیی خەڵکی باشووری کوردستان لە مانەوە لەگەڵ ئێراقدا کە هەیە و هێشتاش نەڕەویوەتەوە، لەسەر جێبەجێنەکردنی دەستوور و پابەندنەبوون و بێبەڵێنیی ئەو بەغدایەیە کە لەژێر هەژموونی ئێراندایە. کەواتە ئۆباڵی ئەو ڕووداوانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی گشتپرسییەوە ڕوویاندا، چەندە لەئەستۆی بەغدا بێت هێندەش لەئەستۆی تارانە. دەرکەوت ناکرێ تاران چاوەڕوانیی لە هەولێر هەبێت کە یەکپارچەیی ئێراق بپارێزێت، بەڵام هیچ شتێک نەکات بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی هەولێر لەو ئێراقەی بەکردەوە ئەرکەکانی خۆی بۆ بەیەکپارچەیی هێشتنەوەی بەجێناهێنێت.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە، تورکیا زیرەکانەتر مامەڵەی لەگەڵ کەیسی هەرێمی کوردستاندا کرد و زۆرتریش لە ئێران قازانجی کرد. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو پەیوەندییە مێژووییەی حیزب و سەرکردەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ ئێران هەیانبووە، بەراورد ناکرێت بەو پەیوەندییە نوێیانەی لەگەڵ ئەنقەرە هەیانبووە. لەپاش ڕاپەڕینەوە، تاران مامەڵەی لەگەڵ قەوارەی هەرێمی کوردستاندا وەک هاوپەیمان و شەریکێکی خۆی کردووە، کەچی لەڕووی ئابوورییەوە کەمتر لە تورکیا قازانجی لەو پەیوەندییانە کرد. ئەمەش پێدەچێ تەنیا لە سیاسەتی ئێران بەرانبەر هەرێمی کوردستاندا ڕاست نەبێت، بەڵکوو لە هەردوو کەیسی ئێراقی و سووریشدا ڕاستە.
ئێستا لەنێو میدیای ئێراندا لەسەر ئەم مەسەلەیە دەنگ بەرزبووەتەوە. ئەو ڕێککەوتنە بازرگانییانەی دیمەشق و بەغدا لەگەڵ کۆمپانیا ڕووسی و بەریتانی و ئەمریکی و فەرەنسییەکاندا بۆ قۆناغی پاش #داعش# کردوویانە، زۆر گەورەترن لەوانەی لەگەڵ ئێرانییەکاندا دەیکەن. ئەوانەی لە بڕیاری سیاسیی تارانەوە نزیکن یان بەشێکن تێیدا، نیگەرانن لەوەی کە، وەک خۆیان دەیڵێن، بەسەرپێوەمانەوەی حکومەتەکانی سووریا و ئێراق بەهۆی پشتیووانییە بێسنوورە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەکانی ئێرانەوە بووە، کەچی لەدوای تەواوبوونی شەڕی داعش، تاران بە کەمترین دەستکەوتەوە لە یارییەکە دێتە دەرەوە.
جەختکردنەوەی بەرپرسانی باڵای ئێرانی لەکاتی دیداریاندا لەگەڵ شاندی حکومەتی کوردستان لەسەر گرنگیی پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان، هەروەها دەستکردن بە پڕۆژەیەکی گەورە لە بواری پیشەسازیی ئاسندا کە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت، نیشانەی ئەوەیە کە تاران و هەولێر سیاسەتێکی نوێ و جیاواز لە جارانیان بۆ یەکدی هەیە.
مژارێکی هەستیار کە تاران زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە و هەولێر دەبێ باش بیر لە کردنەوەی گرێکوێرەکەی بکاتەوە، مژاری ئاییندەی خەباتی چەکداریی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 25 ساڵ چاوەڕوانی هەولێریان کرد و خەباتی چەکداریی خۆیانیان بۆ خاتری باشوور هەڵپەسارد. ئێستا کە ئەو خەباتەیان دەستپێکردوەتەوە، دیارنییە سەرکردەکانیان چۆن دەتوانن نە باری هەولێر بەرانبەر تاران لاربکەن، نە جەماوەری خۆشیان هێندەی دیکە بێزاربکەن. [1]