ناونیشانی بابەت: بەرهەم شۆو
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #08-10-2018#
=KTML_Bold=راگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە و نە ڕەتکردنەوە و نە ڕەتنەکردنەوەی ئەنجامەکانی، بەشێکە لەو شۆیەی ماوەیەکە بە ماڵی تاڵەبانی بەرهەمدەهێنرێ و بەسوتفەش ناوی ئەکتەرە سەرەکییەکەی ئەم وەرزەی بەرهەمە. شۆیەکە کە پێش شازدەی ئۆکتۆبەر دەستی پێ کردووە و چیرۆکەکەی بەمشێوەیەیە:=KTML_End=
لە و ڕۆژانەدا کە بڕیار لەسەر گشتپرسی دەدرێت، د. بەرهەم کەڵکەڵەی خەونێکی کۆن لەکەللەی دەدات. لێکدانەوە و پەیوەندییەکانی دڵنیایتدەکەنەوە کە کەس پشتیووانی لە گشتپرسی ناکات و ئەوانەی ئەو کارە دەکەن، تووشی خۆکوژییەکی سیاسیی کوشندە دەبن. جا پیاو و قارەمان ئەو کەسە دەبێت کە دوای ئەوە بەسەر پشتی ئەسپێکی سپییەوە نا، بەڵکوو ئەگەر پێویستی کرد، لەسەر پشتی ئابرامزێک یان هەمەرێکی حەشدی شەعبی خۆی بکات بە هەولێردا و هەرێمی کوردستان لە لەنێوچوون `ئینقاز` بکات. چەند ڕۆژێک بەر لە شازدەی ئۆکتۆبەر، وەک کەسێکی ئاگادار لە بەغدا بۆی گێڕامەوە، چەند نوێنەرێکی کۆن و نوێی یەکێتی و گۆڕان دەچنە بەغدا و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی ڕاستەقینەی ئێراق، کە حاجی ئاغایەکی ئێرانیی ناسراوە بۆ هەموومان، دادەنیشن. گۆڕانەکان بیرۆکەی بەهەرێمکردنی کەرکووک و #سلێمانی# و جیاکردنەوەی لە هەولێر ڕەتدەکەنەوە، بەڵام وەک باسدەکەن، لە بەغدا دکتۆری ئینقاز هەمان هەڵوێستی گۆڕانی نەبووە.
لە وەرزی یەکەمی شۆیەکەدا ماڵی تاڵەبانی خۆیان ڕۆڵ دەگێڕن و بە ڕادەستکردنی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بەشی یەکەمی پلانەکە جێبەجێ دەکەن. دوای ئەوان نۆرەی پلانی دووەم دێت کە تێیدا دکتۆر سەر لە چوار لایەنەکە دەدات و بەناوی دژایەتیی پارتی و یەکێتییەوە دەیانخاتە سەر ئەو بڕوایەی کە دەبێ حکومەتێکی ئینقاز درووستبکرێت. لەو ڕۆژانەدا بوو کە بەرپرسێکی گەورەی ئەمریکیم بینی و بەپێکەنینەوە باسی ئەو هەوڵەی د. بەرهەمی بۆ کردم. ئەوکات تێنەدەگەیشتم مەسەلە چییە، بەڵام دوای ئەو ڕاگەیەنراوانەی لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بڵاوکرانەوە و بە دیاریکراوی ناوی #نێچیرڤان بارزانی# و قوباد تاڵەبانی وەک نوێنەرانی دانپێدانراوی کوردستان هاتبوو، تێگەیشتم ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دووشەشی ئێرانیی حکومەتی ئینقازیان لەدەستی ئەو کەسەدا تۆپاندووە کە خۆی بۆ ئەو جێیە خۆشکردبوو و بەئەنقەست ناوی قوبادیشیان هێناوە.
پاش ئەو جووڵەیەی ئەمریکا، ڕووداوەکانی شۆیەکە بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا ڕۆیشتن. دەبووایە ئەوەش ڕووبدات، چونکە خەریک بوو بینەر بێزار دەبوو. بۆیە دەبووایە ئەم جارە د. بەرهەم بیسەلمێنێ کە ڕەقەمە و کاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسی لە کوردستان هەیە و مادام کاک نەوشیروانیش نەماوە، ئەو ڕابەری ئۆپۆزیسیۆنە و بە شتێکی نوێوە هاتووەتەوە کە ناوی هاوپەیمانییه. شتێکی عەنتیکەشە، نە حیزبە و نە ڕێکخراوی خێرخوازییە و نە قوتابخانەیەکی فیکریشە. شتێکە کە هەرکاتێک هیچی لێدەرنەچوو، دەتوانیت وەک تۆپی بلیارد پەرشوبڵاوی بکەیت و ئەگەر بووە شتێکیش، ئەوە چاکتر. بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی ئێراق دەریخست ئەوەش کڕیاری نییە و دکتۆر دیسان لەو تاقیکردنەوەیەش دەرنەچوو.
لەم وەرزەی بەرهەم شۆودا، کە ئێستا پەخشدەکرێت، پاڵەوانی شۆیەکە جارێکی دیکە هەوڵدەدات بینەران ڕابگرێت و نەهێڵێت بێزاربن. بۆیە پشت لە قسەکانی چەند مانگی ڕابردووی خۆی دەکات و بە سیناریۆی ماڵی تاڵەبانیی بەرهەمهێنەری شۆیەکە ڕازی دەبێت، بەوەی کە بە هەر نرخێک بێت، ببێتە سەرۆککۆمار. باربووکەری شۆیەکە و ماڵی تاڵەبانی قازانجی چاک لە شۆیەکی وا پڕبینەر دەکەن و فۆکەسی خەڵک لەسەر مەسەلە جدییەکانی دیکە لە زۆنی ڕەنگاوڕەنگ لادەبەن. ئەکتەرە تۆراوەکەی خۆشیان، کە ماوەیەک سەرکێشیی دەکرد، بەبێ ڕەچاوکردنی حورمەت بۆ ڕابردووی و ئەو کەسایەتییەی لەنێو خەڵکدا هەیبووە، بەوجۆرە دەگەڕێننەوە. بافڵ تاڵەبانیش لە ڕۆژی هەڵبژاردندا هێندەی دیکە حورمەت بۆ ئیشەکە ناهێڵێتەوە و مژدەی ئەوە دەدات کە ئەوانی دیکەش وا وردەوردە دێنەوە!
بەرهەم شۆو لە مێژووی سیاسەتی کوردیدا بێوێنەیە. چونکە لە شەستەکانەوە چەندین شۆی دیکەمان هەبوون و هەمیشە هەرچییەکیش تێیاندا ڕوویدابێت، ڕۆڵگێڕە سەرەکییەکانی کەمێک حورمەتیان لە ئیشەکەدا هێشتووەتەوە، بەڵام شۆی ئەم جارە هەر لە پەیمانشکێنی و پەشیمانبوونەوەوە بیگرە تا دەگاتە خەنجەر لە پشتی یەکدی دان و سڕینەوەی پەرێزی پاکی ڕابردوو بۆ وەرگرتنی پۆستێکی کەمبەها، هەموو ئەو پێکهێنەرانەی تێدایە کە بیکاتە شۆیەکی بێحورمەت. [1]