ناونیشانی بابەت: پۆست شازدەی ئۆکتۆبەر
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #15-10-2018#
هێزێک نییە بتوانێ ئازاری بیرەوەرییەکی یەکساڵە وەک خۆی بخاتە سەر کاخەز. شازدەی ئۆکتۆبەر گەورەترە لەوەی بە گۆشەیەک باسی بکرێت. لە مێژووی هەر میللەتێکی دیکەشدا بووایە، ئەو ڕۆژە دەبووە ڕەشترین ڕۆژی مێژوو: ڕۆژی فرۆشتنەوەی دڵ و قودسی کوردستان بە چەند تەنکەرێک نەوت. بەڵام ساڵێک دواتر و پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستان، پێدەچێ ئەو پەنجانەی دوێنێ یەکدییان دەشکاند، گەیشتبنە قۆناخی پۆست شازدەی ئۆکتۆبەر و جارێکی دیکە بەگەرمی یەکدی بگوشنەوە.
لەپێش شازدەی ئۆکتۆبەرەوە و بەدرووستیش دوای مەرگی #نەوشیروان مستەفا# و بەدوایدا مەرگی تاڵەبانیش، قۆناخێکی نوێ لە سیاسەتی باشووری کوردستاندا دەستی پێ کرد و دوو بەرە کەوتنە بەرانبەر یەک. بەرەی پارتی و کوردستانخوازەکان و بەرەی یەکێتی و ئێراقخوازەکان. بۆ هێزی وەکوو گۆڕان و لایەنەکانی دیکە خۆساخکردنەوە لەو نێوانەدا قوورسە. چونکە ئەگەر ڕاستییەکە بڵێن و کوردستانخواز بن، دەکرێنە پارتی و ئەگەر بەپێچەوانەکەی بن، دەکرێنە یەکێتی. ئەمەش درووست بەپێچەوانەی ئەوەیە کە گۆڕانی لەسەر دامەزراوە.
یەکێتیی نوێ لە ڕۆژی شازدەی ئۆکتۆبەر و دواترەوە سەری لە ئەهلی سیاسەت لە کوردستان شێواند. چونکە زۆر لایەن هەن لەگەڵ یەکێتیش و پارتیش نین، بەڵام ئەوەی یەکێتی دەیکات، وایان لێدەکات درووست ئەوە بڵێن کە پارتیش دەیڵێت. بەڵام نایانەوێ وا دەرکەون کە هاوڕای پارتین. بۆیەش بێدەنگ دەبن و لەو نێوانەدا بێڕەنگیش دەبن و لە کۆتاییشدا کە هەڵبژاردن کرا، وەک ئەم جارە دەدۆڕێن.
پاش هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستان، ئەو دەنگانەی لەنێو پارتیدا داوای ماڵجیایی لە یەکێتی دەکەن و پێیانوایە نابێ چیدیکە لێیان قبووڵ بکرێت، هەروا بەرزتر دەبنەوە. یەکێک لە ئارگیومێنتەکانیشیان ئەوەیە کە یەکێتی چەند ساڵە هەم شەریکی پارتی بووە و هەم نەوتیشی بەو ئاگرەی دژایەتیکردنەی پارتی و بارزانیدا کردووە کە لە زۆنی ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە هەبووە و پارتییەکان ناویان لێناوە ئیرهابی فیکری. ڕاستییەکەی ئیرهابی فیکریش شتێک نییە جگە لە هەوڵێکی زیرەکانەی یەکێتی بۆ لابردنی فۆکەس لەسەر کەموکووڕییەکانی ئیدارەی خۆی و سڕینی دەستی چەپەڵی گەندەڵیی زۆنی سەوز بە کراسی پارتی و بەڕێوەبەرانی زۆنی زەرد.
ئەو پارتییانەی پێیانوایە نابێ چیدیکە پارتی شەریکی یەکێتییە نوێکان، بەسەرکردایەتیی ماڵباتی تاڵەبانی بێت، هانی ئەوە دەدەن شەریکی جێگرەوەی یەکێتی ببێتە #بزووتنەوەی گۆڕان#. گوایە بەوهۆیەشەوە، ئەگەر گریمان دووئیدارەییش پەیدابوو، یەکێتی ناوچەکانی خۆی وەک پارتی پێ بەخێوناکرێ و ئەنجامەکەشی بەهێزبوونی شەریکە نوێیەکە (واتە گۆڕان) دەبێت. بەڵام ئەمە چەندە ڕاستە و چەندەش زۆرتر لەوەی واقیعبینانە بێت، لێکدانەوەیەکی ڕۆمانسییە؟
بەبڕوای من زۆرتر ئەوەی دووەمیانە. چونکە ئێستا کە باسی گۆڕان دەکەین، باسی گۆڕانی سەردەمی نەوشیروان مستەفا ناکەین. بەڵکوو باسی گۆڕانێک دەکەین کە دۆخی زۆر خراپترە لە یەکێتیی پاش #مام جەلال# و تەنانەت یەکێتیی ڕۆژی شازدەی ئۆکتۆبەر و دواتریش. بۆیەش من بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش نەخشەی سیاسیی کوردستانم وادەبینی کە جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی شەراکەتی پارتی و یەکێتی و هێڵی نێوان زۆنەکانیش تۆختر دەبنەوە.
هەرچەندە لە میدیادا پارتی دڵێکی خۆش بە تاڵەبانیزادەکان پیشان نادات، بەڵام وەکچۆن لە سەردەمی بەرەی کوردستانیدا و پاش ڕاپەڕین و پاش ڕێککەوتنی واشنتنیش کردی، دواجار پارتی شەریکێکی بەهێزی وەک یەکێتیی پێویستە بۆ ئیدارەدانی ئەوەی کە ماوە. واتە هەرچەندە مەرج نییە ئەم جارە کێکەکە وەک جاران نیوە بە نیوە بەش بکات، بەڵام دیسان پشکێکی گەورەی لەسەر قاپێکی ئاڵتوون لە بەردەم ڕووداوسازەکانی شازدەی ئۆکتۆبەردا دادەنێت. [1]