ناونیشانی بابەت: پێکهاتن لەگەڵ شیعە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #23-10-2018#
ژماردنی پێچەوانە بۆ ڕاگەیاندنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دەستی پێ کردووە. لەنێو ئەو گەنگەشە بێهوودە فەلسەفییەی لەسەر جائیزبوون یان جائیزنەبوونی دانانی سەرۆکوەزیرێک کە هیچ فراکسیۆنێکی پەڕڵەمانیی تایبەت بەخۆی نییە و گومان هەیە بەشداریشی کردبێت لە هەڵبژاردندا، دوو پرسیار بۆ ئێمەی کورد گرنگن: یەکەم، بەشداری لە کابینەی عەبدولمەهدیدا بکەین یان نا؟ دووەمیش، ئەگەر کردمان دەبێ بە چی ڕازی بین؟
وەڵامی پرسیاری یەکەم بەلای منەوە ڕوون و بێ پێچ و پەنایە: کورد و بەتایبەتیش پارتی نابێ مەیدانی بەغدا چۆڵ بکەن و دەبێ هاتنی عەبدولمەهدیش وەک چانسێک ببینن بۆ گەڕانەوەیەکی بەهێز بۆ بەغدا . ناشبێ بەو دڕدۆنگی و تووندییەی لەگەڵ مالیکی مامەڵەیان کرد، وابکەن عادل عەبدولمەهدیش لە دۆستەوە ببێتە دوژمن . چونکە بینیمان هەمان ئەو عەبادییەی لەپاش گشتپرسیش کاک مەسعود لە کۆنفرانسە میدیاییەکانییدا دڵی نەدەهات قسەیەکی زبری ڕاستەوخۆی بەرانبەر بکات، ڕووداوەکان وایان لێکرد کە شتێک بکات مالیکی بەو خراپییەی خۆشییەوە بیری لە ئەنجامدانی نەکردبێتەوە.
مادام دەزانین بەشداریکردن باشترە لە نەکردن، دێینە سەر پرسیاری ئەوەی کە کام پۆست گرنگن کورد وەریانگرێت. وەک لە سەرچاوەی بڕواپێکراوی ئێراقییەوە لە بەغدا بیستوومە، شیعە ئەجێندایەکی ڕوونیان داناوە کە چ دەدەنە سوننە وەک یەک پاکێج و چیش دەدەنە کورد وەک حیزبە گەورەکان و بەتایبەتیش پارتی. بۆ سوننەکان هەرچەندە شەش پۆستی گرنگ دانراون، بەڵام بۆ تاقەتکاری هەر کەسێکی سوننە ببێتە وەزیر یان هەر پۆستێکی گرنگی دیکەی پێبدرێت، دۆسیەیەکی هاوشێوەی ئەوەی تارق هاشمی بۆی ئامادەیە و بەڕاشکاویش شیعە بە سوننەکانیان گوتووە کە ئەگەر قاچتان خوار دابنێن ئەو وەزیرانەتان دەنێردرێنە بەردەم دادگا . واتە بەشداریی سوننە لە حکومەتی داهاتووشدا بەشدارییەکی بەترس و زەلیلانە دەبێت.
ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، دوای دەستبەکاربوونی #بەرهەم ساڵح# وەک سەرۆککۆمار، یەکەمین چالاکی مێژوویی ئەو پیاوە ئەوە بووە کە هەوڵیداوە لە مەسەلەی ناردنی سووتەمەنیدا هەرێمی کوردستان وەک یەک یەکەی یەکگرتوو سەیر نەکرێ و تەنیا ئەوەی #سلێمانی# بدرێت . وەک دۆستێکی ئاگاداری شیعە بۆی باسکردم، جەنابی سەرۆککۆمار زۆر بەلایەوە گرنگ بووە ئەو جیاوازییە بکرێت.
دەربارەی پشکی پارتی لە حکومەتی داهاتووی ئێراقدا، ئەو دۆستە ئاگادارە شیعەیە باسی ئەوەی کرد کە بەو دواییانە شیعە لە بەغدا بەڕاشکاوی بە پارتییان گوتووە، پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی یان جێگری سەرکوەزیرانێک کە هاوکات وەزیری داراییش بێت و دۆسیەی ئابووریی هەموو ئێراقی لەدەستدابێت بۆ کورد و پارتی دانراوە. جگە لەوەی کە جێگری وەزیری نەوت و دارایی و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانیش بۆ کورد و پارتی یەکلایی بوونەتەوە. ئەو دۆستە شیعەیە باسی ئەوەی دەکرد کە گوشاری سەرۆک بارزانیش بۆ درووستکردنی ئەنجوومەنی فیدراڵی ئەنجامی هەیە و شیعەش نەک هەر پێی قایلن، بەڵکوو هەوڵدەدەن کاک مەسعوود ڕازی بکەن بەوەی یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو ئەنجوومەنە باڵایە بێت و خۆی چاودێری جێبەجێکردنی دەستوور لە قۆناخی داهاتوودا بکات. یەکێتی کە پۆستی سیادیی کورد (سەرۆککۆمار) ی بردووە ، باسی ئەوە دەکات کە وەزارەتی دادیشی لە بەغدا پێدەدرێت .
جا وەک پێشتریش گوتم، ئەگەر دەنگێکیش هەبێت لە کوردستان و بەتایبەتی لەنێو پارتیدا کە دژی بەشداری بێت لە حکومەتەکەی عەبدولمەهدی، دەبێ ئەوەی بۆ ڕوون بێت کە #هەولێر# و کوردستان گرنگە لەگەڵ بەغدا لە ڕێککەوتندا بن و بەغدا چۆڵ نەکەن. دواییش لە ساڵانی داهاتوودا بۆ بەهێزیی کوردستان زۆرتر لە هەر شتێک ، گرنگ ڕەخساندنی سەقامگیری و دڵنیاییە تاوەکوو کوردستان بتوانێ بەهێزترببێتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندی کورد و ئێراق و هەموولایەکە لەوانەش ئێران، بەتایبەتی دوای لێکترازانی ماڵی شیعە لە بەغدا. وەک بەرپرسێکی ئەمریکیش پێیوتم: ئێمە کوردستانێکی ئاراممان دەوێت تاوەکوو بتوانین وەبەرهێنانی تێدابکەین و بەهێزبێت. ئەمەش وەک لە ئەزموونی ساڵانی ڕابردووماندا دەرکەوت، بە ئیحراجکردنی حکومەتی بەغدایەک نابێت، کە وەک توێژەرێکی بەغدایی لە پانێلێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداودا گوتی: نە بڕیاری درووستکردنی دەوڵەتی کوردستانی بەدەستە، نە بڕیاری ڕێگەلێگرتن و ڕووخاندنیشی!. [1]