ناونیشانی بابەت: پارتی دەبێ پەلە بکات
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #06-11-2018#
پارتی براوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەڕڵەمانی کوردستانە، بۆیەش بەرپرسیارییەتیی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی دەکەوێتە ئەستۆ. وەک خاوەنکار و ئەهلی بازاڕ بۆیان باسکردووم، ئەم دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتە کاریگەریی خراپی لە بازاڕ کردووە و هەندێکیان بەگاڵتەوە دەڵێن: ئەم ماوەیە ئیشەکانمان بە تەوقیتی بەغدا دەکەین، چونکە جارێ لە #هەولێر# دیارنییە کاژێر چەندە! پێدەچێ ئەنجوومەنی دادوەریش هەستی بەوە کردبێت، بۆیەش بڕیارێکی هەرێمیی بۆ دەستنیشانکردنی یەکەمین کۆبوونەوەی پەڕڵەمانی نوێ دا. کۆبوونەوەکەش لەکاتێکدا دەکرێت کە هێشتا پارتی یەکلایی نەبووەتەوە کێ و کێ دەکاتە شەریک و بۆخۆیشی کێ و کێ دەنێرێتە کابینەی نوێوە.
حیزبەکانی دیکە وردەوردە یەکلایی بوونەتەوە و چاوەڕوانی وەڵامی پارتین. بۆ نموونە #بزووتنەوەی گۆڕان# حەزدەکات و هەوڵیش دەدات لە کابینەی ئەمجارەدا بەشداربێت. حەزیش دەکات پۆستێکی گرنگی وەک جێگرێکی سەرۆکوەزیران وەربگرێت. وەک هەڵسووڕاوێکی باڵای گۆڕان باسیکرد، ئێستا گۆڕان خەریکی نووسینەوەی بەرنامەی بەشداریکردنییەتی لە حکومەتدا و دەیەوێ لەسەر بنەمای ئەو وەرەقەیە لەگەڵ پارتی ڕێککەوێت. ئەو ڕێککەوتنەش بەرلەوەی قازانجی پارتیی تێدابێت، بۆ گۆڕان دەروویەکی باش دەبێت بۆ دەرچوون لە شۆکی (پۆست- نەوشیروان) کە هێشتاش بزووتنەوەکەی بەرنەداوە و تووشی قەیران لەدوای قەیرانی دەکات. بۆ پارتیش ڕێککەوتن لەگەڵ گۆڕان ئەو قازانجەی تێدایە کە دەتوانێ لەگەڵ یەکێتی بەپێی قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی ڕێکبکەوێ و ناچارنییە وەک جاری ڕابردوو بیکاتە برابەشی هەموو شتێک.
ئەوەی پەیوەندیی بە کۆمەڵەوە هەیە، هیچ مەیلێک لەلایەن پارتییەوە بۆ بەشدارکردنیان نییە. چونکە ئەنجامی دەنگدانی ئەمجارەش دەریخست کە کۆمەڵ بەو دووفاقییەی بەشداری لە حکومەتدا و هاوکات ئۆپۆزیسیۆنبوونی عەیار بیست و چوار، دەنگی زۆری کۆکردەوە. ڕاستییەکەشی ئەوەبوو کە وەزیرەکەی کۆمەڵ بەهۆی پشتیووانیی بێسنووری #نێچیرڤان بارزانی#یەوە توانیی وەک وەزیرێکی سەرکەوتوو دەرکەوێت نەک بە ژیری و دیرایەتی ئەو زۆرینەی سەرکردانەی کۆمەڵ کە وتاری ئاگرینیان لە دژی حکومەت دەدا.
پێدەچێ لەو نێوانەدا یەکێتی تەنانەت لە پارتیش ئامادەتر بێت بۆ بەشداری لە حوکمڕانیدا. جا نوکتە خۆشەکەش ئەوەیە کە ئەو حیزبەی فەلسەفەی دامەزراندنی دژایەتیکردنی حوکمی بنەماڵە و خێڵگەرایی بوو، جووتێک تاڵەبانی بۆ دوو پۆستی گرنگی سەرۆکی پەڕڵەمان و جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادە کردووە. جا ئەمە تاچەند تەباییە چەند هەفتەییەکەی باڵ و ماڵەکان یان ماڵباتەکانی نێو یەکێتی دەهێڵێتەوە و بۆ نموونە ماڵباتی کاک کۆسرەتیش داوای یەکێک لەو دوو پۆستانە بۆ کاندیدێکی خۆیان دەکەن یان ناکەن، ئەوە جارێ پرسیارە. دیاریش نییە پارتی هەردوو پۆستەکەیان دەداتێ یان بۆ نموونە تەنیا سەرۆکی پەڕڵەمانیان پێدەدات.
یەکگرتوو لەو نێوانەدا بڕیارێکی عاقڵانە و وەک هەمیشە بەرپرسیارانەی داوە و بەپێچەوانەی گۆڕان و کۆمەڵەوە ڕەفتاری کردووە. بۆ پارتیش و بۆ چوار ساڵی داهاتووی کوردستانیش کە سەقامگیری و خۆبەهێزکردن لە هەر شتێکی دیکە گرنگترن، زۆر گرنگە حیزبێکی وەک یەکگرتوو سەرکێشیی ئۆپۆزیسیۆن بکات و باڵانسێک بەرانبەر وتاری پۆپۆلیستانەی نەوەی نوێ درووستبکات، کە وەک دەزانین هیچ چانسێکی نییە بۆ ئەوەی پارتی سواری کەشتییەکەیان بکات.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دیسان ئەوەی گرنگ بێت پەلەکردنی پارتی و کاک مەسعودە لە یەکلابوونەوە لەسەر پەیکەربەندیی دەسەڵاتدارێتیی داهاتووی کوردستان. چونکە وەک ئەهلی بازاڕیش باسیان دەکرد، درووستکردنەوەی ئومێد و گەشبینی بەوە دەبێت کە ببینن هەرچی زووە سەرۆکی حکومەت بۆ چوار ساڵی داهاتوو، لە پەڕڵەمانەوە ڕوونیبکاتەوە چۆن پارتی دەیەوێ کوردستانە بەهێزەکە درووستبکات. [1]