ناونیشانی بابەت: کەرکووک و نەوتی دزراو
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #12-11-2018#
خەڵکی کەرکووک لەوەتەی نەوت لە شارەکەیان دۆزراوەتەوە، دەڵێن: ئێمە تەنیا دووکەڵەکەیمان بەرکەوتووە. پاریش کە شارەکە پێویستی بە پاراستن بوو، کەسی نێو ماڵی تاڵەبانی لە تەلەڤزیۆنی هێرۆخانەوە دەیانگوت: داکۆکی لە نەوتی دزراو ناکەین. کەچی هەر خۆیان پاش شازدەی ئۆکتۆبەر بڕێکی سواڵکەرانە لە نەوتی دزراویان پێدرا و بە تانکەر ئاودیوی ئێرانیان کرد. ئێستا کە خەریکە #هەولێر# و بەغدا دەگەنە ڕێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی دزراوی کەرکووک لە ڕێگەی هێڵی گواستنەوەی کوردستانەوە بۆ تورکیا، خەریکە دەرفەتێک پەیدا دەبێتەوە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنی سیاسیش لەسەر گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی پێشمەرگە بۆ ئەو شارە. ئەمەش بۆ هەمووان شتێکی باشە و قازانجی کەرکووکییەکانیشی تێدایە، بەڵام ئەوەی تێیدا زیانمەند دەبێ جەماعەتی تانکەرە نەوتەکانن.
لەدوای ساڵی 2003 وە لە کوردستان دوو ئاوتۆریتی بەسەر نەوتەوە هەبوون. یەکێکیان ئاوتۆریتیی حکومەتی کوردستان و سەرۆکەکەی #نێچیرڤان بارزانی# بووە. ئەمەیان ئیشی لەسەر بەدامەزراوەییکردن و پتەوکردنی پایەکانی کەرتی نەوت کردووە، ئاوتۆریتیی دووەمیش ئەو گرووپ و تاقمانەن کە پشکیان ویستووە و حەرەسانەیان وەرگرتووە و پاڵاوگەی نایاساییان داناوە. واتە درووست ئەو کارانەیان کردووە کە ڕێگە دەگرێ لە بەدامەزراوەییکردنی کەرتی نەوت، بەڵام لەبەرئەوەی گەورەکانیان لە حکومەت بەهێزتر بوون، ترسی ئەوەیان نەبووە بزنسەکەیان ڕابوەستێندرێ.
چیرۆکی هاتنی کۆمپانیا گەورە نەوتییەکان و ڕاکێشانی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت و پلانی تەواوکردنی هێڵی گواستنەوەی غازیش ئیشی زۆر گەورە و ڕیسکی مەزن بوون. تاوەکوو ئێستاش ڕەخنەیان لەسەرە و هەندێک لە ڕەخنەکانیش ڕاست و واقیعین، بەڵام بە دیوەکەی دیکەشدا هەر ئەو هەنگاو و هەوڵانەی حکومەتی کوردستان بوون وایانکرد، بەتایبەتیش لە شازدەی ئۆکتۆبەردا، کە ئەم جارە نەوتەکەمان لەجیاتی ئەوەی بمانسووتێنێ، بمانپارێزێ.
ئێستاش مەسەلەی نەوتی کەرکووک ڕاستی و عاقڵانەبوونی سیاسەتی نەوتیی حکومەتی کوردستانی سەلماندەوە. ئەو کەرکووکەی بەغدا و تاران و ئەنقەرە پێیان بکرێ ناهێڵن کورد خەونیشی پێوەببینن، لەم قۆناغە هەستیارەدا تەنیا یەک ڕێگە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی هەیە، ئەویش ڕێگەی هەولێرە. ئەو هەناردەکردنەش هەم بۆ ئەمریکا لە دژی ئێران گرنگە، هەم بەغدا پێویستییەتی و هەم ئەنقەرەش دەتوانێ بەهۆیەوە پێداویستییە نێوخۆییەکانی خۆی لە قۆناغی سزاکانی سەر ئێراندا پێ پڕبکاتەوە و بۆ هەولێریش کارتێکی باشە بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانە بۆ کەرکووک.
ڕەنگە ئێستا کاتێکی گونجاویش بێت بۆ ئەوەی حکومەتی کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە لە هەموو بوارەکاندا بگێڕێتەوە دۆخی جارانی. ڕاستییەکەی هەم لە دۆسێی ئابووری و هەم لە دۆسێی کەرکووکیشدا هەولێر و ئەنقەرە پێویستیان بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نوێی درێژخایەن هەیە. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردووشدا ئەنقەرە بەکردەوە ئەو پەیامەی دایە هەولێر و لە سەختترین ڕۆژەکانیشدا وەک ئێرانی نەکرد و هەموو دەرگاکانی لێدانەخست.
هەرچەندە قسەیەکی دووبارەیە بەڵام دەبێ بیڵێین کە لە ئاییندەشدا وەکوو ڕابردوو نە لە کەرکووک و نە لە ئێراقیشدا کورد بە لێکترازاوی سەرکەوتوونابن. بۆیەش وەک لە وتارێکی پێشووشمدا نووسیبووم، گرنگە لەسەر کەرکووک ڕێککەوتنێکی تایبەتی نێوخۆیی کوردی بکرێت و لەگەڵ هیچ دۆسێیەکی دیکەی وەک پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی حوکمڕانی تێکەڵ نەکرێت. [1]