ناونیشانی بابەت: لاپەڕە نوێیەکەی پارتی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #26-11-2018#
=KTML_Bold=لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکاندا هەندێک دەنگۆ بڵاوبوونەتەوە بەناوی ئەو سیناریۆیانەی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت و دانانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دایناون. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هیچیان ڕاست نین. ئەوەی کە هەیە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیە لەسەر ئەوەی کە لە قۆناغی داهاتوودا پارتی چی بداتە لایەنەکانی دیکە لە #هەولێر# و کۆنتاکت پۆینتیان لەنێو پارتیدا کێ و کێ بن.=KTML_End=
ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێدەچوو یەکدەنگییەک لەسەری لە ناوەندی بڕیاری پارتیدا هەبێ، ئەوە بوو کە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش چالاک بکرێتەوە و #نێچیرڤان بارزانی# وەریبگرێت. کە ئەمە تەنیا بۆ پارتی نا، بەڵکوو بۆ کوردستان و بۆ ئێراق و لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش بڕیارێکی ڕاست و گونجاو دەبێ و دەبوو. بەڵام لەنێو سەرکردایەتیی پارتیدا و تەنانەت لەنێو پەڕڵەمانتارە نوێیەکانی پارتیشدا ڕای جیاوازی لەسەرە و لەپەنای ئەوانەی کە پشتیووانی لە بیرۆکەکە دەکەن، هەندێکی دیکە بە منیان دەوت بۆ پارتی باشترە چوار ساڵی داهاتووش هەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیران بێت و پۆستی سەرۆکی هەرێمیش پێویست ناکات لەو چوار ساڵەدا چالاک بکرێتەوە.
ئارگیومێنتی ئەو کەسانە بۆ ئەو بۆچوونەیان ئەوەبوو کە لەنێو پارتیدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتییە نوێیەکان (کە خۆشی بێ و ترشی بێ بەشداردەبن لە حکومەتدا) نێچیرڤان بارزانی بەحوکمی ئیشی ساڵانی ڕابردووی پشوودرێژتر و بەئەزموونتر دەتوانێ لەگەڵیان هەڵبکات، بەڵام وەک گوتم ئەمە تەنیا ڕایە و پێشدەچێ قەناعەتێکی وا یان بیرلێکردنەوەیەکی لەوجۆرە لەنێو ماڵباتی بارزانیشدا لەنێوخۆیاندا گفتوگۆی لەسەرکرابێ و وەک بژارەیەک هێڵدراوەتەوە.
گفتوگۆیەکی دیکە کە لەنێو پارتییەکاندا هەیە سەبارەت بە دەستووری هەرێمی کوردستانە. هەن دەڵێن دەبێ لە چوار ساڵی داهاتوودا تەواوببێت و تا ئەوکاتەی پارتی لە پەڕڵەماندا زۆرینەیە بەوشێوەیەی پارتی دەیەوێت دابڕێژرێت و پەسەند بکرێ. بەڵام هەندێک هەن دەڵێن مەسەلەی دەستوور و ڕۆڵی ئایین تێیدا مژاری زۆر هەستیارن و ئەگەر پارتی سەقامگیریی دەوێت تاوەکوو خولێکی دیکەی پەڕڵەمان، پێویستی بەوە نییە ئەو سەرئێشەی دەستوورە بۆخۆی درووست بکات و باشترە زۆرتر تەرکیزی لەسەر دەرچوواندنی ئەو یاسایانە بێت کە پێیوایە بۆ بەهێزکردنی کوردستان پێویستن.
جا وەک لە گۆشەی هەفتەی ڕابردووشمدا باسمکرد، ئێستا لەنێو پارتیدا بەبێ پەلەپەل ئەو گفتوگۆیدانە هەن و بەپێچەوانەی ئەوەی بەناوی سیناریۆوە لە فەیسبووک و شوێنەکانی دیکە کادیری خوارەوە و نائاگاداری پارتی دەستاو دەستی پێدەکەن، ئێستا پارتییەکان چاویان لەو کەسەیە کە بڕیاری کۆتایی دەدات و ناوی کاک مەسعودە. ئەویش بەو هێمنی و قووڵییەی پێی ناسراوە، گوێی لە گفتوگۆکانی نێو پارتەکەی گرتووە.
سەفەری هەفتەی ڕابردووی سەرۆک بارزانیش بۆ بەغدا نیشانەیەکی دیکەی ئەوەیە کە جارێ پارتی هەموو فۆکەسی لەسەر حکومەتی هەولێر نییە و پێی گرنگە زۆرتر ئەوەی لە حکومەتی بەغدا دەیەوێت پەلە لە گەرەنتیکردنیدا بکرێت. هەڵبەت شێوازی پێشوازی و جۆری سەردان و دیدارەکانی کاک مەسعود لە بەغدا پیشانی دەدا کە لە پەنای گرنگیی پرۆتۆکۆڵیبوونی سەردانەکە، پارتییە براوەکەی کوردستان دەیەوێت بە نەیارە چەندین ساڵەکانی لە بەغدا بڵێت کە لە ئەوجی هێزدا هاتووەتە لایان و دەیەوێ لاپەڕەیەکی نوێیان لەگەڵ هەڵبداتەوە. ئەگەر ئەو بیرکردنەوەیە نەبووایە کەسی وەک عەبادی و تۆران و ئەوانیدیکە بەخەونیش چاویان بە سەرۆک بارزانی نەدەکەوت.
بەڵام ئەوەی گرنگە و پێویستە دوای سەردانەکەی بەغدا ڕووبدات، هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێشە لەنێوخۆی کوردستاندا. بۆ نموونە دیدارێکی کاک مەسعود و ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، یان بینینی د. بەرهەم لەلایەن بارزانییەوە لەڕووی دەروونییەوە بۆ خەڵکی کوردستان کاریگەریی گەورەتری دەبێ لە دیدار لەگەڵ مالیکی و عەبادی. مادام پارتیش بەهێزترینە، ئێستا ئەو جۆرە دیدارانە لە لاوازی و ناچارییەوە نابن و خزمەتی سەقامگیرکردن و بەهێزکردنی کوردستانەکەی نێو خەیاڵی بارزانیش دەکەن. [1]