ناونیشانی بابەت: سەرۆک و سەرۆکوەزیرانێکی نوێ
نووسەر: هێمن عەبدوڵڵا 2
ڕۆژی دەرچوون: 03-12-2018
پاش چاوەڕوانییەکی چەندین هەفتەیی، پارتی خۆی یەکلاییکردەوە کە دەیەوێ پێکهاتەی حوکمڕانی لە چوار ساڵی داهاتوودا چۆن بێت. ئەم جارە پارتی ئامادەیە بۆ قۆناخێکی نوێ ، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کارا دەکرێتەوەو نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان ، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی کوردستان بڕیاری لێدراوەو، مەسروور بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات .
ئەو گەنگەشەیەش کە لەنێو پارتیدا هەبوو لەسەر چالاککردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەواوبووە. نێچیرڤان بارزانی لە چوار ساڵی داهاتوودا سەرۆکی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەبێت لە کوردستاندا . وەک سەرۆک بارزانیش هەفتەی ڕابردوو لە دانیشتنێکیدا بە میدیاکارانی کوردستانی گوت، لە چوار ساڵی داهاتوودا کوردستان دەبێتە خاوەنی دەستووری خۆیشی.
دوای ئەو یەکلاییبوونەوەیەی پارتی و کردنەوەی گرێکوێرەکە، دوو پرسیار پێویستیان بە وەڵامە: یەکەم، شەریکەکانی پارتی لە چوار ساڵی داهاتوودا چۆن بەشداردەبن؟ دووەمیش کوردستانە بەهێزەکەی پارتی لە چوار ساڵی داهاتوودا چۆن وەدیدێت لە قۆناخی سەرۆکێکی تازەی هەرێمی کوردستاندا؟
وەڵامی پرسیاری یەکەم دەکەوێتە سەر ئەوەی کە هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕان بە کام لەو پۆستانەی بۆیان دانراوە ڕازی دەبن و کامیان چی بەردەکەوێ؟ بۆ نموونە وەک کەسێکی ئاگادار لە دانووستاندنەکانی نێوان پارتی و یەکێتی باسیکرد، یەکێتی داوای لە پارتی کردووە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕان بێت و ئەوان جارێکی دیکە جێگری سەرۆکی حکومەت وەربگرنەوە، بەڵام لەوەشدا یەکێتی بەتەما نییە قوباد تاڵەبانی لەو پۆستە دابنێتەوە و تەمای هەیە حاکم قادر دابنێت.
پاساویشیان بۆ ئەو گۆڕانکارییە ئەوەیە کە حاکم قادر بەحوکمی ئەوەی پارتی بەربژێری سەرۆکی حکومەتی گۆڕی ، ئەوانیش دەیگۆڕن و دەیکەنە کەسێکی ئەمنی و، باشتر لە قوباد تاڵەبانی دەتوانێ لەگەڵ سەرۆکی نوێی حکومەتدا بگونجێ و ئیش بکات. ئەگەر وەک یەکێتی داوایکردووە گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و یەکێتی بتوانێت گۆڕان لە بوونی دوو جێگر لەسەرۆکایەتی حکومەت دوورخاتەوە ، ئەوکات ڕەنگە یەکێتی لەجیاتی بێگەرد تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەڕڵەمان بەربژێر بکات و هێمن هەورامی ببێتە جێگری .
چونکە هەردووکیان لە هەڵبژاردنی ئەو دواییەدا سەرۆکی لیستی حیزبەکانیان بوون و ئێستاش پەڕڵەمانتارن . بەڵام لەو نێوانەدا دیار نییە پشکی ماڵباتی کۆسرەت ڕەسووڵ چی دەبێت و بەو دابەشکردنە ڕازی دەبن؟ چونکە ئەوانەی لەوەوە نزیکن لەجیاتی حاکم قادر باسی دەرباز کۆسرەت دەکەن کە ببێتە جێگری سەرۆکی حکومەت . وەک دەشزانین ئێستا یەکێتییە نوێکان بەرەو کۆنگرە دەڕۆن و سێ باڵەکەی ناوی هەریەکەیان خەریکی جێپێ قایمکردنن بۆ کاتی کۆنگرە و پێیان گرنگە لەنێو حکومەت و حوکمڕانییەوە هەژموونیان بۆ قۆناخی پاش کۆنگرە بچەسپێنن.
بۆ وەڵامی پرسیاری دووەمیش بەشی هەرە گرنگی ئەوەیە کە هەرچەندە پارتی بە دانانی مەسروور بارزانی، ڕووخسارێکی نوێ دەداتە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی و خوێنێکی نوێیان تێدەگەڕێنێت . پارتی بە دانانی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە درووستکردنی کوردستانە بەهێزەکە پێویستی بە ئەزموون و شارەزایی و کەسایەتیی کاریگەریی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکایەتیی وڵات هەیە. ئەمەش درووست ئەو شتەیە کە نەک هەر شەریکە ئاییندەییەکانی پارتی بەڵکوو لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش چانسی کرانەوەی زۆرتر و بەهێزبوونی کوردستان زیاتر دەکات.
هەڵبەت کوردستانی بەهێز تەنیا بە گۆڕین و دابەشکردنی پۆست و کەسەکان ناکرێ و پێویستی بە هەنگاوی گەورە و بوێرانەشە . لەم ڕۆژانەدا لە سوید ئەندازیارێکی کوردی زۆر سەرکەوتوو باسی ئەو پڕۆژەیەی بۆ دەکردم کە لە ئەفریقیا ئیشی لەسەردەکات و کەڵک لە وزەی خۆر وەردەگرێ و دەیگۆڕی بە کارەبا و بە کێبڵ لەژێر دەریاوە دەیگەیێنێتە ئەوروپا.
ئەو دەیوت کاتێک دەست بە پڕۆژەکە کراوە، زۆربەی خەڵک لە ئەوروپا پێکەنینیان پێهاتووە و گوتوویانە سەرناگرێ، بەڵام ئەو دەیوت سەرکردە بوێرەکان لە ئەوروپا ئیشەکەیان کرد و سەریشیگرت. لای ئێمەش نموونەی وامان هەبوو و کاتی خۆی پڕۆژە نەوتییەکەی پارتی بە خەون دەزانرا، بەڵام دواتر دەرکەوت بوێریی نێچیرڤان بارزانی سەریگرت و کوردستانی خستە سەر نەخشەکە و بەهێزی کرد ، هەر ئەوەش زۆر یارمەتیدەری بوو کە دوای گشتپرسی و 16ی ئوکتۆبەر ، هەرێمی کوردستان بهێڵێتەوە . جا پێم وایە قۆناخی داهاتوو بوێرییەکی نوێی پێویستە و دەکرێ ئەم جارە لەپەنای پەرەپێدانی کەرتی نەوت ، لە بواری پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا و ئابووریی نانەوتیدا بێت، کە هەموو دنیا خەریکیەتی و ئەوانەی زووتر دەستیانپێکردووە وڵاتەکانیان زۆرتر بەهێزکردووە. [1]