ناونیشانی بابەت: مانگە هەنگوینییەکەی #پەکەکە# و یەکێتی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #11-12-2018#
بڕیاری قەدەغەکردنی تەڤگەرە سێبەرەکەی پەکەکە لە زۆنی سەوز ڕووداوێکی نوێ نەبوو، چونکە لەدوای ڕاپەڕین و لە کۆتاییەکانی شەڕی پارتی و یەکێتی و لە زۆر قۆناغی دیکەدا یەکێتی شەڕی دژی پەکەکە کردووە. بڕواناکەم کەسی ئاگادار هەبێت وتارە بەنێوبانگەکەی #مام جەلال#ی لەبیرچووبێتەوە کە لە پەڕڵەمانی کوردستان بۆ قایلکردنی لایەنەکان بۆ دەرکردنی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دای. ڕاستییەکەی بەدرێژایی ساڵانی ڕابردووش پەیوەندییە بە ڕواڵەت باشەکەی یەکێتی و پەکەکە مانگێکی هەنگوینی بوو کە دەبووایە کۆتایی بێت دوای ئەوەی ئێران بۆ لاوازهێشتنەوەی پارتی و سنووردارکردنی کاریگەریی بارزانییەکان بەسەر بەشەکانی کوردستانەوە بەکاری هێنا. بەڵام ئێستا چی گۆڕاوە کە یەکێتییە نوێیەکان دەگەڕێنەوە سەر ڕێبازی مام جەلال و دژی ئەو هێزە ڕادەوەستنەوە کە چیرۆکی خەیاڵییان بۆ دەهۆنییەوە و گوایە بە ئاسماندا هێزیان دەنارد بۆ #عەفرین# تا بەرگرییان لێبکەن؟
هۆی یەکەم مەسەلەی فڕۆکەخانەی #سلێمانی#یە، بەڵام بەو تێگەیشتنەوە نا کە زۆرمان لەسەری هەمانە. تورکیا لە ساڵانی نیگەرانیدا لە پشتیووانیی یەکێتی لە پەکەکە، بژارەی سزادان یان گوشارخستنە سەر یەکێتیی کەم بوو، بەڵام بیرۆکەی داخستنی ئاسمانی کوردستان و لەگەڵیدا سلێمانیش هەلێکی زێڕین بوو بۆی تا بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێ. لەلایەکەوە بۆ نێوخۆ وەک کاردانەوەیەک دژی گشتپرسی لێکدرایەوە و دواتر ئەردۆغان لە گۆڕینی سیستمی سەرۆکایەتیدا بەرهەمەکەی چنییەوە، لەلایەکی دیکەشەوە یەکێک لە شادەمارەکانی داهاتی یەکێتیی کەوتە دەست و تا ڕادەی وشککردنی برد. هەرچەندە دەگوترێ داهاتی فڕۆکەخانەکان دەچێتەوە بۆ حکومەت، بەڵام وەک کەسێکی زۆر ئاگاداری گۆڕان بۆی باسکردم، داهاتی فڕۆکەخانەی سلێمانی کەمتر لە بیست لە سەتی ئاشکرایە و دەچێتەوە بۆ حکومەت، ئەویدیکەی بۆ یەکێتییە. کەواتە هەرچەندە قەبارەی کەتنەکە بچووکترە بەڵام دەتوانین بڵێین وەکچۆن لە شازدەی ئۆکتۆبەردا کەرکووک بە چەند تەنکەرێک نەوت گۆڕدرایەوە، ئەمجارەش یەکێتی هاوپەیمانەکەی خۆی بە گەڕاندنەوەی چەند دۆلارێکی فڕۆکەخانەی سلێمانی گۆڕیوەتەوە.
هۆی دووەم ئەوەیە کە یەکێتی لەسەرەتاوە لەو دۆستایەتییەی لەگەڵ پەکەکە تووشی سەرئێشە ببوو. چونکە پەکەکە بە سوودوەرگرتن لەو دۆستایەتییە لە ناوچەکانی پشدەر و بیتوێن و #هەڵەبجە# و #پێنجوێن# و تەنانەت #گەرمیان#یش جگە لە ئیشی ڕێکخستن، بەردەوامیش بوون لە بردنی مێردمنداڵی باشوور بۆ نێو ڕیزەکانیان، زۆرجار کەسوکاری ئەو مێردمنداڵانە کادیری باڵای یەکێتیش بوون. ئەم بابەتە لەبەر هەستیارییەکەی زۆر بەکەمی بایەخی میدیایی وەرگرت، بەڵام من خۆم کەیسم لەلایە کە لە زۆنی سەوز ڕوویداوە.
سەرئێشەیەکی دیکە کە پەکەکە بۆ یەکێتیی درووستکرد، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوودا بوو کە زۆرجار ڕێکخستنەکانی پەکەکە توندتر لەوانەی گۆڕان پشێوییان دەنایەوە و دۆخەکەیان لە یەکێتیی هاوپەیمانیان کە دەسەڵاتداری ناوچەکە بوو، ئاڵۆزتر دەکرد. کار گەیشتە ئەوەی لە هەندێک لەو ناوچانەدا هەڕەشەی جاڕدانی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریش بکەن. بە سنووردارکردنی چالاکییەکانی تەڤگەرەکەی پەکەکە، یەکێتی دەیەوێ سەقامگیری بگێڕێتەوە بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی و ڕێگە لە پەلهاویشتنی زیاتری پەکەکە بگرێت لەو ناوچانە.
هەرچەندە هەندێک کەس باسی ڕێککەوتنێکی تاکتیکی دەکەن لەنێوان پەکەکە و یەکێتی بۆ چاوبەستکردنی تورکیا و ڕێگەخۆشکردن بۆ ڕێگەدان بە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام کەسی ئاگاداری نێو یەکێتی دەڵێن بەپێچەوانەوەیە و یەکێتی بەڵێنی بە تورکیا داوە دەستی پەکەکە لە ناوچەی خۆیدا سنووردار بکات و لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەکردەوە ئەمە پیشان بدات.
بەهەر شێوەیەک بێت زۆنی سەوز یان ڕەنگاوڕەنگ لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی خراپ ئیدارەدان و ئەو هەڵبەز و دابەزانەی بەهۆی جیابوونەوە و باڵباڵێنەکانی نێو یەکێتییەوە تووشی بوو، مەینەتی و ئێشی زۆری بینی. بۆیە باش دەبێ یەکێتی و پەکەکە بە هەڵایساندنی شەڕ و ئاڵۆزی، بەتایبەتیش لە پشدەر، خەڵکی ناوچەکە لەوەی هەیە پەرێشانتر نەکەن. ڕێگەی ڕاستیش ئەوەیە پەکەکە ڕێز لەو دۆخە نوێیە بگرێت کە لە هەرێمی کوردستان درووستبووە و هیچ نەبێت بۆ جارێکیش بێت پشتیووانی بەهێزبوونی حوکمڕانیی باشوور بێت. [1]