ناونیشانی بابەت: ترەمپ درۆی لەگەڵ نەکردین
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #24-12-2018#
دۆناڵد ترەمپ بە بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و بەتایبەتیش لە ڕۆژاوای کوردستان ئیشێکی چاوەڕواننەکراوی نەکردووە، بەڵکوو ئەوەی کرد کە لەسەرەتاوە ویستوویەتی بیکات و چەندین مانگە دەستوپێوەندەکەی هەوڵیاندەدا دوایبخەن و ئیدی قسەیەکیان بۆ دواخستنی نەمابوو. بۆیەش ئەگەر کوردێک هەبێت بە و بڕیارە شۆک بووبێت، نیشانەی ئەوەیە لەسەرەتاوە ترەمپی نەناسیوە و لەوەش واوەتر مێژووی بێوەفایی هەمیشەیی ئەمریکییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی نەبیستووە یان لەبیرچووەتەوە. ڕاستییەکەی ئەوەی دەبێ وەک کورد لەسەری ڕابوەستین ئەوەیە کە مادام زانیومانە ئەمڕۆژە هەر دێت، بۆ خۆمان بۆ ئامادە نەکرد؟
ئەو ڕۆژانەی شەڕی سارد کۆتاییدان پێدەهات و ئەمریکییەکان مەستی گەیشتنە خەونی سەروەریی دنیا بوون، دۆناڵد ترەمپی گەنجی بازرگان لەسەر شاشەی کەناڵێکی ئەمریکی چاوپێکەوتنی دەکرد و دژی ئەوە بوو ئەمریکا هێندە خۆی بە ئەودیوی سنوورەکانی خۆیەوە سەرقاڵ بکات. هەر ئەو پیاوە لە ساڵانی ڕابردوودا بەبەردەوامی کە باسی سیاسەتی وڵاتەکەی کردبێت، وەک بازرگانێک کە دەیەوێ حیسابی ماڵی زۆرتر بێت لە حیسابی بازاڕ قسەی کردووە. بناخەی کەمپەینی هەڵبژاردنەکەشی لەسەر ئەو مۆتۆیە دانا کە دەیگوت: ئەمریکا لەپێش هەمووان.
پار کە خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر ڕوویدا و هەرێمی کوردستان کەوتە بەر هەڕەشەیەکی جدی، ڕۆژنامەڤانێک لەنێو کۆشکی سپی پرسیاری ئەوەی لە ترەمپ کرد کە چۆن دەهێڵن هاوپەیمانی سەرەکییان لە شەڕی دژی #داعش#دا ئاوا هەڕەشەی لێبکرێت؟ وەڵامی ترەمپ، کە بە ماڵباتەوە بەپەلە دەبووایە سواری فڕۆکەکەی بێت، ئەوە بوو کە ئەو قەت لەگەڵ ئەوە نەبووە ئەمریکا خۆی بە و شتانەوە سەرقاڵ بکات و لەبنەڕەتدا هەر لە ئێراقیش بێت، ئێستاش ئەوەی ڕوودەدات دەبێ ئێراقییەکان لەنێوخۆیاندا چارەسەری بکەن.
ترەمپ لەو قسانەیدا ڕاستگۆ بوو، جاڕی قۆناخێکی نوێی لە مێژووی ئەمریکادا دەدا. ئەو دەیوت ئەمریکا پێویستی بە کوێخایەتیی دنیا نییە و ئەو وزەیەی لەوێ سەرفی دەکات دەبێ لەنێوخۆی ئەمریکادا بۆ خۆبەهێزکردن و باشترکردنی ژیانی خەڵکەکەی خەرجی بکات. دوای کوژرانی ڕۆژنامەڤانە سعودییەکەش، ترەمپ لە تویتەکانییدا پاساوی بەردەوامیی پشتیووانیکردنی لە شازادە محەمەد بن سەلمان بەوە دەهێنایەوە کە لە سعودییەوە بە فەردە پارەی هێناوەتەوە و هەلی کاری زۆری لەنێو ئەمریکادا ڕەخساندووە. واتە بە ناڕاستەوخۆ دەیوت ئەوەی لە نزیکەی حەفتا ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا بەناوی بڵاوکردنەوەی پرەنسیپەکانی دیموکراسییەوە کردوویەتی توورێکی تەڕ ناهێنێت و لەمەودوا ژیانێکی خۆش بۆ ئەمریکییەکان گرنگترە لەوەی لەودیوی سنوورەکان دیموکراسی هەیە یان نییە. دیسان لەوەشیاندا ترەمپ ڕاستگۆیە و بازرگانێکی ڕاشکاوە کە پاساو بۆ هەڵهێنانی هەر هەنگاوێکی لەسەر بنەمای قازانج و زیانی نێو باخەڵی ئەمریکییەکان دەهێنێتەوە.
لە و نێوانەدا دیسان ئێمەین کە شاعیرانە و ئەڤیندارانە چاو لەو دڵشکانە دووبارەیەمان لەگەڵ ئەمریکا دەکەین. بەتایبەتیش لە ڕۆژاوا لە یەکەمین ڕۆژەوە وتاری ئەمریکییەکان ئەوە بووە کە کورد ئەو هێزە شەڕکەرە هاوپەیمانەی ئەمریکان لەسەرزەوی شەڕی دژی داعش دەکەن. ئێستا کە شەڕەکە تەواو بووە، ئەمریکا بەشێوەیەکی دینامیکی بە و هاوپەیمانییەدا دەچێتەوە و دەشزانێت کورد بشفرۆشێت هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی درووستنابێت. بەپێچەوانەوە ڕازیکردنی تورکیای سەردەمی ئەردۆغان لەجیاتی زیان دەتوانێ قازانجساز و یارمەتیدەر بێت بۆ ئەو هەڵمەتە نوێیەی لە دژی ئێران دەستی پێ کردووە.
هێشتا دیار نییە ترەمپ چەند بۆی دەچێتە سەر کە نەزمێکی نوێ لە جیهاندا بسەپێنێ، بەڵام هەرچییەک ڕووبدات بۆ ئێمە ئەو ڕووداوانەی ئەمدواییە دوو وانەی گرنگیان تێدایە: یەکەمیان ئەوەیە کە بەداخەوە دۆزەکەمان هێندە بۆ دواوە گەڕاوەتەوە، بۆ پاراستنی خۆمان و لەپێناوی ئاییندەی نەوەکانماندا ناچارین لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی تێیاندا دەژین خۆمان بەهێزبکەین و بگونجێنین و باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانی هەر پارچەیەکدا هەبێ، دووەمیش ئەوەیە کە دەبێ بزانین دۆستایەتیی ئەمریکا بەس نییە بۆ مانەوەمان لەم ناوچەیەدا. چونکە وەک لە کەیسی سووریادا دەیبینین، ڕووسیا و ئێران تا کۆتایی لە پشت هاوپەیمانەکەیان ڕاوەستان و مانەوەی ئەسەد یانیش بەزۆر دەرنەکردنیان کردە دێفاکتۆ، بەڵام ئەمریکا هاوپەیمانە کوردەکەی خۆی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا فرۆشت. [1]