ناونیشانی بابەت: زلهێزەکان دێنەوە #هەولێر#
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #07-01-2019#
=KTML_Bold=بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم هەفتەیە پۆمپێیۆ گەشتێکی درێژی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دەبێت. ناوی ئەو وڵاتانەش نووسراوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانیان دەکات و ئێراقی تێدا نییە، بەڵام وەک من ئاگادارم دەچێتە ئەوێش و کۆتایی هەفتەی داهاتووش هەم پۆمپێیۆ و هەم وەزیری دەرەوەی فەرەنسا میوانی کوردستانن و لە هەولێر دادەبەزن.=KTML_End=
سەردانی پۆمپێیۆ پێش بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشاندنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و ئەجێندای سەردانەکەی ئەویش گۆڕانی بەسەرداهاتووە. کاتی خۆی ئۆباما لە قاهیرە وتارێکی دا و تێیدا هەوڵی دا وێنە جوانەکەی ئەمریکا بە وڵاتانی موسڵمان و بەتایبەتیش عەرەب پیشانبدات. پۆپمێیۆ دیسان لە قاهیرە هەمان کار دەکاتەوە، بەڵام بەشێکی دیکەی سەردانەکەی بۆ تەواوکردنی ئەو سەردانەیە کە جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا، بۆ ئیسرائیل و تورکیا کردوویەتی و ئامانج لێی سنووردارکردنی ئەو زیانەیە کە بڕیارەکەی ترەمپ لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای داوە. لە ڕۆژانی ڕابردووشدا پاشەکشەیەکی بەخشکەیی بە بڕیارەکەی ترەمپەوە دەرکەوتووە، بەتایبەتیش بۆ کوردی ڕۆژاوا، وێنەی هاوپەیمانێکی بەجێهێڵدراو خەریکە کاڵ دەبێتەوە و هەم بۆڵتن و هەم پۆمپێیۆش ئەوەیان بەئاشکرا پشتڕاست کردووەتەوە.
هاتنی پۆمپێیۆ و لەگەڵیشیدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەولێر، تەنانەت ئەگەر بەناوی هەماهەنگی بۆ درێژەپێدان بە شەڕی #داعش#یش بێت، بەڵام لەڕووی سیاسی و مەعنەوییەوە بۆ کوردی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان سەردانێکی گرنگ دەبێت. فەرەنسا بە سەرۆک و وەزیری دەرەوەیەوە لە ساڵ و نیوی ڕابردوودا هەڵوێستی کورددۆستانەی زۆری هەبووە. هەرچەندە لودریانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەر لە ئەنجامدانی گشتپرسی هۆشداریی دایە هەولێر و داوای کرد دوابخرێ، بەڵام هەم وەک وەزیری پێشووی بەرگریی فەرەنسا لە قۆناخی دەستپێکردنی شەڕی داعش و هەم وەک وەزیری نوێی دەرەوەی فەرەنساش کۆششی زۆری کرد بۆ ئەوەی پاش شازدەی ئۆکتۆبەر هەموو دەرگاکان، بەتایبەتی لەڕووی دیپلۆماسییەوە، بەسەر هەولێردا دانەخرێن.
ئێستاش کە فەرەنسا و ئەڵمانیا بەئاشکرا باسی جیاکردنەوەی ڕێگەی خۆیان لە سیاسەتی بەرگری و دەرەوەیاندا لە ئەمریکا دەکەن، فەرەنسا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا وەک هێڵی نێوەڕاست و نێوانکار لەنێوان ڕووسیا و ئەمریکادا دەردەکەوێت.
پۆمپێیۆش کە داکۆکیکارێکی سەرسەختی سیاسەتەکانی ترەمپە و بەپێچەوانەی تیلەر#سنە#وە کۆتایی بە بانێک و دوو هەوای سیاسەتی دەرەوە لەنێوان کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەتایبەتیش سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هێناوه، وەک کەسێکی بڕوادار بە دژایەتیی ئێران و لە هەندێک هەڵوێستی لێزاندراویشیدا وەک دۆستی کورد ناسراوە. بۆیە سەردانی ئەو دوو کەسە بۆ هەولێر، لەم دەستپێکی ساڵی 2019 یەدا، سەردانێکی گرنگ دەبێت.
ئەوەی لە وتاری گۆڕدراوی ئەمریکادا لەدوای بڕیارەکەی ترەمپەوە دەخوێنرێتەوه، ئەوەیە کە دەیانەوێ تورکیا ڕازی بکەن، بەڵام دەشیانەوێ کوردی ڕۆژاوا پارێزراوبێت. واتە ناڵێن دەبێ #یەپەگە# یان پەیەدە یان #هەسەدە# پارێزراوبێت. کاتێک پۆمپێیۆش گوتی: نامانەوێ کورد لەلایەن تورکەکانەوە قەتڵوعام بکرێن، نەیگوتبوو نامانەوێ ئەو هێزانەی سەر بە #پەکەکە#ن لە سووریا لە شەڕدا بەرانبەر تورکیا بدۆڕێن. ڕەنگە بۆ هەموو لایەکیش باشتربێت کە لە کۆتاییدا ڕێگەیەکی نێوەڕاست بدۆزنەوە هەم تورکیا ڕازی بکات و هەم کوردیش ئەوەی هەیانە لەدەستیان نەچێت.
لەوەشدا، ئەگەر پەکەکە هەنگاوی هەڵە نەهاوێژێت، دەکرێ هەولێر هەم بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەنقەرە و هەم بۆ هەماهەنگیش لەگەڵ ئەمریکا و فەرەنسای دۆستی کورد ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت. ئەمەش تەنیا بەوە دەکرێت کە پەکەکە تێبگات لەوەی چیدیکە ناتوانێ درێژە بە حوکمی تاکحیزبی بدات لە ڕۆژاوا و دەبێ هەم هەولێر ڕازی بکات و هەم بیانووش بۆ ئەنقەرە نەهێڵێتەوە تا دژایەتیی بکات.
[1]