ناونیشانی بابەت: یەکێتی نابێ زیز بێ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #05-02-2019#
گۆڕانکاریی خێرا لە دەوروبەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەن، کە #هەولێر#یش ڕۆڵی تێیاندا دەبێت، بەڵام هەست ناکرێ زۆرینەی چینی سیاسی هەستیان بەوە کردبێ. ئەمەش بە دواخستنی کۆبوونەوەکان و پەڵپ و بیانووگرتنەکانی هەفتەکانی ڕابردووەوە دیارە. بڕیار وایە ئەم هەفتەیە سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و گرنگیشە زوو خۆیان یەکلایی بکەنەوە. ئەو پەیامەی #نێچیرڤان بارزانی#ش لە وتاری یادی کارەساتی یەکی شوباتدا گەیاندی، ئەوە بوو کە پارتی و یەکێتی نابێ چیدیکە ئیشی ئەمڕۆیان بخەنە سبەینێ. چونکە سبەی ئیشی گەورەتر چاوەڕوانی کوردستان دەکات.
وتارەکەی سەرۆکی داهاتووی هەرێمی کوردستان هەندێک دەستەواژەی باڵکێشی تێدابوون کە کەمتر چاودێران لەسەری ڕاوەستان. بەتایبەتیش بیرهێنانەوەی ئەوەی کە پارتی و یەکێتی بۆ سەرخستنی کوردستان خوێنیان تێکەڵاو بووە، ڕوونیکردەوە کە پارتی دەیەوێ شەریکە چەندینساڵەکەی لە حوکمڕانیدا دڵنیا بکاتەوە لەوەی لە درێژەدان لە شەراکەتدا لەگەڵیان جدییە و دەبێ ئەوان زوو وەرەقە نێوخۆییەکانیان کۆبکەنەوە و جارێکی دیکە لەگەڵ پارتی و لەم قۆناخە نوێیەدا شان بدەنەوە بەر بەرپرسیارییەتی.
وەک دەردەکەوێ لە ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزیی نێوان تورکیا و #پەکەکە# لەسەر ڕۆژاوای کوردستان، هەولێر تەماشاکەر نابێ و ڕۆڵی گەورەی دەبێت. بۆ قۆناخی پاش گێڕانەوەی ئێران بۆ نێو قاڵبە سرووشتییەکەی خۆی دیسان لە هەولێر ناگەڕێن تەنیا تەماشاچی بێت و جوگرافیاکەی و ئیدارەکەشی ڕۆڵیان دەبێت. لە مەسەلەی گێڕانەوەی هەژموونی ئەمریکاش بۆ ناوچە دابڕاوەکان و لەویش واوەتر ناوچە سوننەنشینەکان، بۆ کلک و باڵکردنی #حەشدی شەعبی#، دیسان پێشمەرگە ڕۆڵی دەبێ و بەبێ ئەویش ئەمریکا ئەوەی پێناکرێت کە دەیەوێت. وەکچۆن هەفتەی ڕابردوو لە مووسڵ بینیمان کە حەشد ئەگەر بەقسەش بێت چاوی ڕەشی ئەمریکییەکانی کاڵکردەوە و پێیگوتن تەراتێن لە ساحەی ئێمەدا مەکەن.
جا بۆ هەموو ئەو گۆڕانکارییانە و زۆری دیکەش کە بەڕێوەن، پێویستە پارتی و یەکێتی پەلە بکەن و واز لە ماندووکردنی یەکدی بهێنن. هاوکات گرنگە بەشداریی گۆڕان و تەنانەت کۆمەڵیش لە حکومەتدا بە هێند وەربگیرێت و هەوڵ بۆ گەرەنتیکردنی حوکمڕانییەکی سەقامگیر بۆ چوار ساڵی داهاتوو بدرێت تا بتوانێ ئەو خەڵکەی ماندووی جەنگ و قەیرانەکانن جارێکی دیکە بگێڕێتەوە سەر ڕێگەی خۆشژیان.
لەو شتانەش کە گرنگە لە چوار ساڵی داهاتوودا ڕێککەوتنیان لەسەر بکرێ و کوردستان لەسەریان یەکدەنگ بێت، مەسەلەی پەیوەندییەکانی کوردستانە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێش. بۆ نموونە ڕۆڵی کوردستان و پێشمەرگە لە درووستکردنی زۆنێکی ئارامی هاوبەشی ئەمریکی و تورکی لەسەر سنوورەکانی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان چی دەبێت؟ مادام بەشار ئەسەد دەمێنێتەوە دەبێ کوردستان چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکات؟ سەرئێشەی درووستکراوی پەکەکە بۆ هەرێمی کوردستان چۆن بڕەوێندرێتەوە؟ چۆن بەو شێوازە نوێیەی کورد دەگەڕێتەوە ناوچە دابڕاوەکان کاری هاوبەش بکرێ و ئەو ناوچانە بکرێنەوە زۆنی قووڵایی ستراتیژی بۆ هەولێر؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی ئابووریی کوردستان لە چوار ساڵی داهاتوودا قەڵەمبازێکی گەورەتر لەوانەی پێشتری بدات؟ ڕاستییەکەی ئەوەی دەبێ عاقڵمەندانی حیزبەکانی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ یەکدیدا سەرقاڵ بکات ئەو مژارانەن، نەک ئەوەی کە بۆچی ڕۆژنامەیەک لە هەولێر ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆسێیەکی تاوانکاری هەڵداوەتەوە و بەوهۆیەوە شاندی دانووستاندنکاری یەکێتیی لە کۆبوونەوەکان زیز کردووە! [1]