ناونیشانی بابەت: وەزیری ناوخۆ پەشیمان نەبێتەوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #12-02-2019#
یەکێک لە خۆشییەکانی سەردانی شاری #هەولێر# سواربوونی تەکسییە. نازانم لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش وایە یان نا، بەڵام شۆفێری تاکسی لە هەولێر مرۆڤی زۆر تایبەتن. هەم هۆشیارن و هەم سادە و ڕاستگۆن. دانیشتووی شارن، بەڵام گەرموگوڕیی خەڵکی لادێیان تێدایە. بۆیە هەمیشە کە لە هەولێرم، هیچ دەرفەتێک لەدەستنادەم بۆ سواربوونی تاکسی.
هەفتەی ڕابردوو لە هەولێر بووم. بەپێچەوانەی جارەکانی ڕابردووەوە ئەم جارە شۆفێری تاکسییەکان زۆرتر باسی کێشەکانی کوردستانیان نەدەکرد و باس باسی بڕیارەکەی #وەزارەتی ناوخۆ# بوو بۆ ڕێکخستنەوەی ئیشی تاکسی. من سەرەتا هەواڵەکەم لە ڕووداوەوە بینی و وایتێگەیشتم کە هەمووان پێی دڵخۆشن. بۆیە کە کاردانەوەی کۆنە دادوەرێک و پەڕڵەمانتاری پێشووی گۆڕانم بینی ڕێگەی یاسایی دەدۆزییەوە بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارەکە، هەستمکرد دیسان بەزمە چەندین ساڵەکەیە و دووبارە دەبێتەوە: پارتی بڵێن ماست ڕەشە، ئێمە دەبێ بڵێین سپییە. بەڵام لە #سلێمانی#ش گردبوونەوە کران و تایە سووتێنران و تەنانەت هەندێک کەس داواشیان لە وەزیری ناوخۆ دەکرد واز لە ئیشەکەی بهێنێت.
لەوکاتانەدا مرۆڤ لەخۆی دەپرسێت کە تۆبڵێی ئەوانەی ناڕازین هەقیان نەبێ و ئەو بڕیارەی دراوە هەڵە نەبێ؟ من وەڵامی ئەو پرسیارەم لە دوو شۆفێری تاکسی وەرگرت کە کارمەندی هێزە ئەمنییەکانن و دەبێ دەستبەرداری ئیشی تاکسی بن. ئەوان نیگەرانییەکەیان بەوشێوەیە بوو: مانگانە هەشتسەد هەزار دینار وەک مووچە وەردەگرین. ڕۆژانە دەوامێکی چەند کاژێریمان هەیە و هەرکاتێک حەزبکەین و تاقەتمان هەبێ بۆخۆمان ئیشی تاکسی دەکەین و پارەی زیاترمان دێتە باخەڵ. کرێچین و مووچە بەتەنیا بەشمان ناکات. حەزیش ناکەین دوای کار ئیشی دیکەی قوورس بکەین و ئیشی تاکسی لە هەمووی ئاسانترە. لەبەرانبەر ئەو ڕاحەتتەڵەبییەی ئەو برادەرانەدا، ئەو کەسانەی سەرچاوەی بژێوییان تەنیا ئیشی تاکسییە و هیچ داهاتێکی دیکەیان نییە، لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا دەژین و تاکسی هێندە زۆرن کە ڕۆژی وا هەیە تەنیا بیست هەزار دینار ئیش دەکەن. لە کۆتایی مانگیشدا ئەو ئیشە کەمە بەشی خەرجییە سەرەکییەکانیشیان ناکات. واتە چیرۆکەکە درووست ئەوەیە کە جەماعەتێک هەن لە میوانییەکدا ژەمێک نانیان خواردووە، کەچی هاتوون و بوونەتە شەریکی جەماعەتێکی دیکە کە نانیان نەخواردووە و خواردنێکی کەمیش لەسەر سفرەکەیە. کێشەکە ئەوەیە کە یەک ژەم خۆرەکان پێیان ئاساییە لە هەموو کون و کەلەبەرێکی ئەم وڵاتە بەنگلادیشی و فلیپینی و عەرەب ئیشی قوورس بکەن، بەڵام ئەوان خۆیان ماندوو نەکەن و نانی خەڵکی دیکە بخۆن یانیش ئەگەر ئیشی تاکسی هێندە باشە، واز لە کار و مووچە مانگانەکانیان بهێنن و تەنیا ئیشی تاکسی بکەن.
دەزانم هەندێک کەس دەڵێن لە وڵاتان کارمەندی دەوڵەت پێویستی بە ئیشی دیکە نییە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. چونکە لە وڵاتان لە ماڵێکی گەورەدا ژن و پیاو ئیش دەکەن و دوو سەرچاوەی داهات هەن و باجی داهاتیش دەدەنە دەوڵەت. کەسیش بەتەمای مووچەیەکی پۆلیسی پێنج منداڵ بەسەرەوە درووست ناکات. بۆیە بەو دیوەدا ڕەخنەگرتن لە بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆ ڕاست نییە، بەڵام نیگەرانبوون لەوەی کە ئەو بڕیارە دەرگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەندێک کۆمپانیا نرخی تاکسی ببەنە سەرەوە و بەرپرسانیش لە پشتیان بن لەجێی خۆیدایە. بۆ نموونە من لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ دوو شوێنی دیکە کە تەنیا سێ کیلۆمەتر دوورن لە فڕۆکەخانەوە پەنجا دۆلاریان لێسەندم و دەشمزانی قۆڵیان بڕیوم، بەڵام هیچم پێنەدەکرا.
ئێمە هەمیشە سەری زمان و بنی زمانمان باسی چاکسازییە، بەڵام درووست وەک قسەکەی عەلی وەردی ئەوەی بە دەم دەمانەوێ بەکردەوە ئیشی پێناکەین. بۆیە پێمباشە وەزیری ناوخۆ لەژێر هیچ گوشارێکدا لەو بڕیارە پەشیمان نەبێتەوە و با یەکەم هەنگاوی نوێ بێت بۆ چاکسازی. بڕینی چەندین مایلەکەش هەر لەو هەنگاوی یەکەمەوە دەستی پێ کردووە.
[1]