ناونیشانی بابەت: سیری جەلالی و زوڕنای گەل
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #18-02-2019#
ئەگەر جەلالییە نوێیەکان نەبان، دەمێک بوو حکومەتی کوردستان پێکهاتبوو. ئەمە قسەیەکی عاتیفی نییە، بەڵکوو واقیعییە. لە هەموو دنیادا پێوەر هەن بۆ شارەزایی لە حوکمڕانی و بەشداریی سیاسی و ڕێزگرتن لە ڕای دەنگدەر. لە کوردستان جەلالییە نوێیەکان هەموو ئەو پێوەرانەیان خستووەتە بەر ڕەحمەتی عەنتەرییەکی زیانبەخش: هێزم هەیە و ڕێسا بۆ یارییەکان ناهێڵم! ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، دوایین چرکەکانی دێدلاینی هەفتەنامەی ڕووداوە بۆ نووسەری گۆشەکانی، بەڵام هەر ڕستەیەک دەینووسم ڕەنگە بەهۆی ناسەقامگیریی بڕیاری سیاسیی جەلالییە نوێیەکانەوە ڕۆژی دواتر گۆڕانی بەسەردا بێت.
چەندین مانگە هەڵبژاردن کراوە و پارتی بردوویەتییەوە. کەیفی خۆتە تێبینیت لەسەر هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانی هەبێت، بەڵام ئەوە بزانە کە لە کۆتاییدا هەمووان دانیان پێداناوە و نوێنەرەکانیان لە پەڕڵەمانن. ئێستا قسە لەسەر ئەوەیە کە چۆن لە چوار ساڵی داهاتوودا ئەم وڵاتە بەڕێوەببرێت، بەڵام جەلالییە نوێیەکان شەڕی ئەوەیانە کە چۆن زۆرتر لە قەبارەی خۆیان پۆست وەرگرن و باڵانسی نێوان زلخاوەن بەرژەوەندییەکانی نێو ئەو شتەی خۆیان بپارێزن کە نە حیزبە و نە حیزبیش نییە. ئەم میللەتە گیری خواردووە بەدەست ئەوانەوە کە دوێنێ کەرکووکیان فرۆشتووە و ئەمڕۆ بەردی دڵسۆزی بۆ کەرکووک لە سنگی خۆیان دەدەن. دەیانەوێ تۆڵەی ئەو کڵاوەی شیعە و لە شیعەی ئێراق گەورەترەکان لەسەر کەرکووک لەسەریان نان، لە پارتی بکەنەوە. ئەوان کە هەر خۆیان بۆ تەحەدای پارتی #بەرهەم ساڵح#یان کردە پادشای عەرشی کەلاوە، هاتوونەتەوە و لە مەرجەکانی دانووستاندنیاندا بەرهەمیان کردووەتە کەیسێکی بێبایەخ و چیدی بە مەرجی دانانێن بەرانبەر پارتی.
هەفتەی ڕابردوو شاهیدی دوو ستایلی جیاوازی دانووستاندن بووین کە کۆنە جەلالییەکان (واتە گۆڕان) و جەلالییە نوێیەکان (واتە ئەو گەڕەلاوژێ سیاسییەی ناوی لێنراوە یەکێتی) لەگەڵ پارتی کردیان. لەگەڵ گۆڕان پارتی لەسەر بەرنامە و پۆست و ڕوئیا بۆ چوار ساڵی ئاییندە گفتوگۆی کرد و گەیشتنە ئەنجامی باش. لەگەڵ یەکێتی بەداخەوە پارتی زۆر نەرمیی نواند و ئەو وێنەیەی لای ئەوان درووستکرد کە هەرچۆنێک بێت هەر لەگەڵیان ڕێکدەکەوێ. ئەوەی #بافڵ تاڵەبانی# وەک شۆخی بە میدیاکارانی خۆی وت کە یەکێتی زۆر جەخت لەسەر کەرکووک دەکاتەوە، پەیامێکی سیاسی بۆ پارتی و جەماوەری خۆیان، ئەمما پڕ نەنگیی تێدابوو: کەرکووکمان بە بەغدا فرۆشت، بەڵام ئێستا بە هەموو نرخێک لە پارتی دەمانەوێتەوە. دەرکەوت بەرهەم ساڵح و دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و هەموو پرسەکانی دیکە لای جەلالییە نوێیەکان هیچ نرخیان نییە، ئەوەی نرخی هەیە ئابڕوویەکی تکاوە کە لە کەرکووک ڕژاوە و دەبێ پارتی لەوێ بۆیان چاکبکاتەوە.
من لەجیاتی پارتی بم لێرەوە بۆ ماوەیەک لەگەڵ یەکێتی ڕادەوەستم و هێزی زۆرتر دەدەمە بەتینکردنی پەیوەندی و هاوکاریم لەگەڵ ئەو حیزبانەی دژی دوو ئیدارەیین و حیزبی خۆبەخاوەنزانن بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان. گۆڕان و کۆمەڵ لە حکومەتدا و یەکگرتووش وەک ئۆپۆزیسیۆن دەتوانن بەشداری سەقامگیر و خاوەن پرەنسیپ بن. ئەو پۆستانەی بۆ یەکێتی دانراون با بە وەکالەت پڕبکرێنەوە و هەرکاتێک گەڕەلاوژێکە تەواوبوو، با ئەوانیش بەخێربێن. یەکێتی وای لە سیاسەت کرد لە کوردستان کە هەموو کەس قێزی لێببێتەوە. دەمانزانی سیاسەت پیسە، بەڵام هێندە نا کە ببێتە گەڕەلاوژێ و بە میللەت بگوترێ: من چۆنم بوێ ئاوا دەبێ، تۆش سیر بخۆ و زوڕنا لێدە! [1]