ناونیشان: یەکێتی پەشیمان دەبێتەوە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #11-03-2019#
هەرچەندە یەکێتی واژۆی لەسەر ڕێککەوتنێک کردووە لەگەڵ پارتی، بەڵام تا ئەم چرکەیەش هیچ گەرەنتییەک نییە کە پێیەوە پابەند بێت. لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تاوەکوو ئێستا پابەندنەبوون بە ڕێککەوتن بەشێک بووە لە خەسڵەتی یەکێتی. پێویست بە هێنانەوەی نموونەی مێژوویی ناکات، تەنیا قسەیەکی کاک عومەری سەید عەلی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا کردبووی قسەکەم دەسەلمێنێ.
ئەو باسی ڕێککەوتنەکانی #بزووتنەوەی گۆڕان# و یەکێتیی کردووە، کە چوار ڕێککەوتنن و بریتین لە ڕێککەوتنەکانی دەباشان و ئەوەی هوتێلەکەی فاروقی مەلا مستەفا و ڕێککەوتنەکەی دیکەیان لەسەر ئیدارە خۆجێییەکان و ڕێککەوتنێکیش لەسەر #هەڵەبجە#. کاک عومەر باسی ئەوەی کردووە کە یەکێتی هەر چوار ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە، لەکاتێکدا یەکێکیان واژۆی #مام جەلال#ی بەسەرەوە بووە و دووشیان #نەوشیروان مستەفا#ش واژۆی کردوون. بیرتان نەچێ عومەری سەید عەلی پێش ئەوەی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بێت، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی بووە و برینداریش بووە و لە ئێمەمانان باشتر دەیانناسێت.
ئەوەی لە هەفتەی ڕابردووەوە لە پشت پەردەوە زانراوە، ئەوەیە کە بەشێک لە یەکێتییە تاڵەبانییەکان پەشیمان بوونەتەوە لەو ڕێککەوتنەی کراوە و بەتایبەتیش نیگەرانن لەوەی کە، بەقسەی ئەوان، کۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر هیچ شتێکی کۆنکرێتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ڕێکنەکەوتووە. ئەمەش وایکردووە کۆسرەت ڕەسوڵ وەک پیاوی ڕێککەوتن و قسەڕۆیشتوو دەربکەوێ و بەمە تەنیا دەستکەوت بۆ خۆی و دەوروبەرەکەی بچنێتەوە. ئەمەش درووست ئەو شتەیە کە لە گۆشەی هەفتەی ڕابردوومدا وەک خاڵی دڵەڕاوکێ باسمکردبوو. لەوێ گوتبووم گرنگ ئەوەیە ئەمجارەش پشتی کۆسرەت ڕەسوڵ بەرانبەر بارزانی لەلایەن باڵێکی نێو یەکێتییەوە لە زەوی نەدرێت.
کێشەیەکی دیکە کە لەم هەفتەیەدا زەقتر بووەتەوە یەکلانەبوونەوەی نێوخۆی یەکێتییە لەسەر کاندیدەکانیان بۆ ئەو پۆستانەی بەریاندەکەون. چونکە بۆ هەر پۆستێک هەم کۆسرەت ڕەسوڵ کاندیدی هەیە و هەم ماڵباتی تاڵەبانیش هەیانە. بۆیە ئەگەر گریمان ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتیش هەڵنەوەشایەوە، پێویستیان بەوەیە لەنێوخۆشیاندا ڕێککەوتنێک بکەن و هەمووان پێیەوە پابەندبن و کەسیان لەپڕ موفاجەئەیەک نەکات کە ڕیسەکە بکاتەوە خوری. ئەگەر ئەو دوو ڕێککەوتنەش هەڵنەوەشانەوە و یەکێتی هەم لەنێوخۆیدا و هەم لەگەڵ پارتیش ڕێزی ڕێککەوتنەکانی گرت، ئەوکات دەبێ ڕێگەیەک بدۆزێتەوە کە بۆ ئیدارەدانی زۆنی ڕەنگاوڕەنگ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش ڕێککەوتنی پێنجەم واژۆ بکات و ئەم جارە جێبەجێشی بکات. ئەمەش دیسان کاتی دەوێت و وەک دیارە یەکێتی بۆ هەموو ئەمانە هێشتا ئامادە نییە.
جا پرسیارەکە ئەوەیە کە پارتی و گۆڕان و خەڵکی کوردستانیش تا چەندی دیکە دەتوانن چاوەڕوانی ئەو حیزبە بن تا ئامادە دەبێت؟ پرسیاری گرنگتریش ئەوەیە کە ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەوروبەری کوردستان ڕوو دەدەن و لە ڕۆژانی داهاتوودا پریشکیان دەرگاتە لای ئێمەش، چەندە ڕێگە دەدەن هەمووان چاوەڕوانی یەکێتی بن و ئەویش یاری بە کات بکات؟
من بم لەجیاتی پارتی لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەدا کە بڕیار وایە لەگەڵ یەکێتی بیکات، بەڕاشکاوی و ڕوونی ماوەیەکی دیاریکراو دەستنیشان دەکەم بۆ خۆیەکلاکردنەوەی یەکێتی و ڕێگەنادەم ئەو موماتەڵەیەی ئەوان دەیانەوێ بیکەن بەهۆی دانووستاندنەکان و داهێنانی داواکاریی ناواقیعییەوە، کاریگەریی هەبێت لەسەر تەواوکردنی پڕۆسەی نوێکردنەوەی حوکمڕانی لە کوردستان.
ئەگەر یەکێتی لەو ماوەیەدا خۆی یەکلاکردەوە باشە، ئەگەرنا دەکرێ پارتی و گۆڕان و ئەو لایەنانەی دیکە کە بەشداردەبن لە حکومەت، پۆستەکانی یەکێتی بەشێوەیەکی کاتی پڕبکەنەوە و دووپاتیشی بکەنەوە کە پابەندی ڕێککەوتنەکەیانن لەگەڵ یەکێتی و کەی ئەو حیزبە کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر کرد، پۆستەکانی ڕادەست دەکرێن (هەرچەندە هێشتا دیارنییە بە دیاریکراوی چی و چییان بەردەکەوێ) . ئەوکات با یەکێتییەکان بە نەفەسێکی درێژ لەنێوخۆیاندا خەریکی خۆیەکلاکردنەوە بن و خوای دەکرد چوار ساڵیان پێدەچوو!
ڕاستییەکەی دانانی سەرۆکی پەڕڵەمانێکی یەکێتیش بۆ ئەم قۆناغە بێ ڕیسک نییە و ڕەنگە باشتربێت هەندێک ڕێوشوێنی یاسایی لە پەڕڵەمان تەواوبکرێن و سەقامگیر بکرێن ئینجا پۆستەکە ڕادەست بکرێت. ئەمەش هەم بۆ خەڵکی کوردستان و هەم بۆ پارتی و حیزبەکانی دیکەش باشترە و هەمیش گوشاری زوو خۆیەکلاییکردنەوە لەسەر یەکێتی ناهێڵێت. [1]