ناونیشان: کۆمەڵ و یەکگرتوو بێ پرەنسیپن؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #02-04-2019#
بەو داواکارییە نوێیە ناواقیعییانەی لە رۆژانی ڕابردوودا یەکێتی بۆ پارتی ناردی، جارێکی دیکە هاتنی ئەو حیزبە بۆ نێو ڕێککەوتنە فراوانەکەی گۆڕان و پارتی لەسەر حوکمڕانی بووەوە وشکەگرێ.
لەو چەند مانگەی ڕابردوودا چەندینجار شایەتی ئەو حاڵەتە بووین و ئەوەی گومانی مابێتەوە لەوەی کە یەکێتی پەرۆشی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە، نیشانەی ئەوەیە نایناسێت. بەردەوامیش لەو دۆخانەدا کە پڕۆسەی سیاسی تووشی چەقین دەبێت، پێویستە لایەنە خۆ بە بەرپرسزانەکان تەکانێک بدەن و چیدیکە چاوەڕێی لایەنی کاڵەکخۆری نابەشدار لە ڕەنجبەری نەکەن. گۆڕان و پارتی بە جووڵاندنی دۆسیەی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان درووست ئەو کارەیان کرد و لەئێستاشەوە دیارە ئیشەکەیان ئاخیری خێر دەبێت. لەو نێوانەدا هەڵوێستی هەریەکە لە یەکگرتوو و کۆمەڵ نابەرپرسیارانەیە و هەڵوێستی نەوەی نوێش کۆمێدییە.
یەکێتی (حەی عەلەلسەڵات) گوتوویەتی کە کێشەی لەگەڵ پڕۆژەکەی پارتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو پەڕڵەمانەوە نییە، بەڵکوو ئەوان وەک دووکانێکی سیاسی کێشەی ئەوەیان هەیە کە پارتی ئەو هەڵوێست و پشتیووانییەیان بە چەند لێدەکڕێ. واتە ئێستا هەڵوێستێک بە پارتی دەفرۆشنەوە و موزایەدەی بەسەر گۆڕاندا پێدەکەن کە خۆیان لە خولی ڕابڕدوودا خۆیان لێکردبووە خاوەن و دواتر لەترسی پارتی بەخشکەیی لێی پەشیمان بوونەوە و هەموو شانەکانیان لە سەری گۆڕاندا شکاند. یەکگرتوو و کۆمەڵیش بەهەمانشێوە هەڵوێستێکمان پێدەفرۆشنەوە کە لە خولی ڕابردوودا خۆیان تیۆریسیەنی بوون و لەگەڵ گۆڕان و یەکێتیش زۆرتر لە جارێک لەسەری ڕێککەوتن کە بیسەپێنن بەسەر پارتیدا، کەچی ئەم جارە کە پارتی هاتووەتە ڕایێ، ئەوان بوونەتە ئاسکی سڵ! بۆیە لە دوو ئەگەر زیاتر نییە: یان ئەو حیزبانە ڕاستگۆ نەبوون لە خولی ڕابردوودا و بەڕاستیدان نەبوو کە دەیانەویست سەرۆک لە پەڕڵەمانەوە هەڵبژێردرێت، یانیش زۆرتر مەبەستیان دژایەتیی کاک مەسعود بوو، ئێستا کە ئەو نابێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەلایانەوە گرنگ نەماوە سەرۆک چۆن هەڵدەبژێردرێت. بە هەردوو باریشدا عەیب و شەرمێکی گەورەیە کە حیزبی ئیماندار بەو دووڕووییەوە نوێنەرایەتی دەنگدەرە ئیماندارەکانی بکات و سیاسەتیان پێوەبکات.
لەو نێوانەدا هەڵوێستی نەوەی نوێ کۆمێدییە. ڕاستیشتان پێبڵێم هەرچەندە ئەوانیش لە پەڕڵەماندا هەن و باشترە حیسابیان بۆ بکرێ، بەڵام من تا ئێستاش تێنەگەیشتووم چییاندەوێ؟ بۆ نموونە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەندێکیان باسی ئەوەیان گەرمکردبوو کە دەبێ سەرۆک لەنێو خەڵکەوە هەڵبژێردرێ، کەچی لەپڕ بە هەمان خێرایی بایاندایەوە و پێچەوانەی ئەوەیان داوا کرد.
بەداخەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان تووشی ئەو حیزب و ئاڕاستە بێ پرەنسیپانە بوون کە هیچ هێڵێکی سووریان نییە و پێکەوە لەسەر هەموو شتێک معامەلە دەکەن و نرخ دادەنێن. ئەگینا دەبووایە لە هیچدا پەلەیان نەبووایە لە چەسپاندنی ئەوەدا پەلەیان کردبووایە کە زوو شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک لە پەڕڵەمانەوە بچەسپێنن، چونکە وەک گوتمان ئەوە مەتڵەبێکی چەندین ساڵەیان بووە و بەوە دەنگیان کۆکردووەتەوە و بانگەشەیان کردووە و هەوڵیانداوە پارتیی پێ ڕازی بکەن، کەچی ئێستا کە پارتی ڕازییە، ئەوان دڕدۆنگ بوون. ئەمەش ئاماژەیەکی خراپە و وادەکات بپرسین: ئەو لایەنانە بۆ پرسێک کە خۆیان باوەڕیان پێبووە وا بێ پرەنسیپ بن، سبەی چۆن تەوافوقیان لەگەڵ بکرێ و دەستووریان لەگەڵ بنووسرێتەوە. [1]