ناونیشان: گۆڕان تەڵەکەی تەقاند
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #22-04-2019#
هەریەکە لە پارتی و گۆڕان لە ڕۆژی پاش واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەیانەوە دەیانزانی ئەمە زۆر کەس و لایەن نیگەران دەکات و هەوڵی لەباربردنی دەدەن. ڕاستە یەکێتی بەزەقی ئەو هەوڵەی دا، بەڵام کۆمەڵ و جووڵانەوەکەی شاسوار و هەندێ لایەنی نێو پارتی و گۆڕان و تەنانەت یەکگرتووش گرەویان لەسەر ئەوە کردبوو کە ئەوەی لەنێوان پارتی و گۆڕان هەیە مانگێکی هەنگوینی دەبێ و زوو کۆتایی دێت. پێداگیریش لەسەر مەسەلەی زیادکردنی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەڵەیەکی یەکێتییانە بوو، بەڵام سەرکردایەتیی گۆڕان بە زیرەکانە لەگەڵ پارتی تەقاندیان.
ئەم هەفتەیە هیچ پاساوێک بۆ یەکێتی نەماوەتەوە تا لەوە زیاتر پڕۆسە سیاسییەکە بە چەقیوی بهێڵێتەوە. پارتیش و گۆڕانیش دەزانن بۆ ئەم قۆناغە و بۆ ئاییندەی درێژخایەنیش چەندە بۆ یەکدی پێویستن و چەندەش باشە کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا هەردوولا متمانەیان بۆ یەکدی درووستکردووە لەبارەی ئەوەی ڕێککەوتنەکەیان پتەوە و درێژخایەن دەبێت. کاتێک مەسەلەی زیادکردنی جێگرەکە هاتەپێشەوە، گۆڕان دڵەڕاوکێی قووڵی هەبوو لەوەی کە پارتی ئەوان بە یەکێتی بگۆڕێتەوە و لە کۆتاییدا وەک کارتی گوشار بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی بەکاریانبهێنێ. بەڵام ئێستا بەو هەڵوێستەی لە هەفتەکانی ڕابردوودا لە ناوەندی بڕیاری پارتییەوە بینیویەتی، تێگەیشتووە کە هەرچەندە بۆ پارتی ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ یەکێتی پێویستە، بەڵام ڕێککەوتنێکی هاوشێوەش لەگەڵ گۆڕان (کە هەیە و وادیارە پارتی پەرۆشی جێبەجێکردنییەتی) پێویستییەکی گەورەی قۆناغە سیاسییە نوێکەیە لە کوردستان. وەک لە دۆستانی نێو گۆڕانەوە زانیومە، بەو تێگەیشتنەوە سەرکردایەتیی گۆڕان گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو متمانەیەی لەنێوان ئەوان و پارتیدا درووست بووە و قازانجی کوردستان و هەردوو حیزبی تێدایە، زۆر لەوە گەورەترە لەسەر زیادکردنی جێگرەکە بۆ یەکێتی تێکیبدەن.
گۆڕان لەوەشدا زیرەکیی کرد کە هەر زوو لە پەیامی شەقام و دەنگدەری کوردستان تێگەیشت و ڕێگەی خۆی لەو حیزبانە جیاکردەوە کە پێیانوابوو لە قۆناغە نوێیەکەشدا پۆپوولیزم گەورەیان دەکات. بۆ زانیاریی خوێنەری ئەم گۆشەیە، لە زۆر شوێنی دنیا کێرڤی پۆپوولیستەکان ڕووی لە هەڵکشان کردووە و دوایین نموونەشی هۆڵەندایە. بەڵام لە کوردستان لە دوایین هەڵبژاردندا ئەو حیزبانەی پێشتر ئەو جۆرە خیتابەیان هەبوو، دەنگەکانیان لەسەر ئاستی کوردستان کەمیکرد و بەشێکی بۆ نەوەی نوێ ڕۆیشت، کە خاوەنی میدیایەکە لە #سلێمانی# تەماشای دەکرێت. بۆیە وێنەکە بەوشێوەیەیە کە ئەگەر حیزبێکی پۆپوولیست بیت، زۆربەی کوردستان دەنگت ناداتێ و دەبێ تەنیا ڕوو لە بازنەیەکی هەڵبژاردنی پڕ لە یاریزانی وەک سلێمانی بکەیت کە خەڵکەکەی بەهۆی پشتگوێخستن و خراپ ئیدارەکردنییەوە نیگەرانن و بەشێکیان حیزبەکانی دیکەی وەک یەکێتی و تەنانەت گۆڕانیش بە دەنگدان بە نەوەی نوێ و حیزبەکانی دیکە سزا دەدەن. بەڵام وەک لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەرکەوت، چەندە ڕێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان و دوای ئەو یەکێتیش پتەوتر بێت، هێندە دۆخی نێوخۆی حیزبە خاوەن خیتابە پۆپوولیستییەکان زۆرتر دەشڵەژێ. هۆیەکەشی ئەوەیە کە خەڵک لە قسەی زل تێربووە و کردەوەی دەوێت، کردەوەش بەوانە دەکرێت کە شتیان بەدەستە و ئیشیان پێدەکرێ. گۆڕان لەمە تێگەیشت و چاکیکرد کە هاتە نێو حوکمڕانییەوە، پارتیش چاکیکرد کە نەیهێشت گۆڕان تەڵەی یەکێتی و ئەوانیدیکەی پێدا بتەقێ و بەوهۆیەوە ژینگەی پۆپوولیزم لەبارتر بێت. چونکە بینیمان چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێتی سلێمانیی پشتگوێدەخست، کەچی تیری خیتابی پۆپوولیستی (لەسەرووی هەمووشیانەوە هی گۆڕان) ڕووی لە پارتی بوو.
[1]