ناونیشان: هەڵەی شاسوار
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #29-04-2019#
هەرچەندە ئەم هەفتەیە گرێکوێرە شەش مانگییەکەی جێبەجێکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی کوردستان دەکرێتەوە و زۆر شتی پشتی پەردە هەن کە دەبێ بزانرێن و بگوترێن، بەڵام ئەو گرێیەی لە جووڵانەوەکەی شاسواردا درووستبووە سەرنجڕاکێشترە بۆ نووسین. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەو ڕووداوە بۆ پارتی و یەکێتی و گۆڕان و حیزبەکانی دیکەش بایەخی زۆری هەیە.
ڕاستە لە هەموو دیموکراسییەکدا فرەحیزبی هەیە، بەڵام کولتووری سیاسەتکردن لە وڵاتاندا وەکوو یەک نییە. بۆ نموونە لە ئەمریکا هەرچەندە حیزبی بچکۆلەش هەن، بەڵام ئەو حیزبانەی هی حوکمڕانی و ڕێبەڕایەتیکردنن دووانن، بەڵام لە وڵاتانی ئەوروپا (جگە لە بەریتانیا) مۆدێلی زۆرتر لە دوو حیزب و سێ حیزب هەیە و ڕۆژێکیان سۆسیال دیموکراتەکان حوکمڕانی دەکەن و ڕۆژێکی دیکە کریستیان دیموکراتەکان و ڕۆژێکی دیکەش لیبراڵەکان.
لە و دیموکراسییانەدا حیزبە بچکۆلەکان گاڵتە بە عەقڵی دەنگدەر ناکەن و ناڵێن ئەو حیزبانە دەڕووخێنین کە مێژوویەکی درێژیان لە حوکمڕانیدا هەیە. بۆیەش ئەوە ناکەن چونکە دەزانن ئەو حیزبانە لەو هەموو ساڵانەدا هەم ئەزموونی زۆری سیاسەتکردن و بەڕێوەبردنیان کۆکردووەتەوە و هەم هێزی مرۆیی پێویستیشیان درووستکردووە بۆ ئەوەی بتوانن پۆستەکان پڕبکەنەوە و حکومەتداری بکەن. هەندێکجار لەو دیموکراسییانەدا دیاردەیەکی وەکوو ماکرۆن هەڵدەکەوێ، بەڵام ئەویش بۆ حوکمڕانی پشت بە میرات و توانای مرۆیی حیزبە کۆنەکان دەبەستێ.
لە پەنای حیزبە گەورە و حوکمڕانەکاندا، بەتایبەتی لە ئەوروپا، بە بەردەوامی حیزبی نوێ دەردەکەون کە ئامانج و بایەخیان لەسەر یەک گرووپی نێو کۆمەڵگە یان مژارێکی دیاریکراوە و پێیاندەڵێن Single-Issue Party. بۆ نموونە حیزبێک هەیە بۆ داکۆکی لە مافی ئاژەڵان، یەکێکی دیکە هەیە بۆ پاراستنی مافی ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی 65 ساڵە و یەکێکی دیکە هەیە تەنیا بایەخ بە موسڵمانان و کێشەکانیان دەدات. ئەو جۆرە حیزبانە دەنگی ئەو کەسانە بەدەستدەهێنن کە بایەخ بە و بوارەی ژیان دەدەن لە کۆمەڵگەدا و دەچنە پەڕڵەمانەوە.
دوایی ئەو حیزبانە لەنێو پەڕڵەماندا لەگەڵ ئەو حیزبە گەورانەی بۆ حوکمڕانیی وڵات لە پەڕڵەمانن و کورسیی زۆریان هەن، ڕێکدەکەون کە لەبەرانبەر پشتیووانیکردن لە بۆ نموونە مافی ئاژەڵان و گونجاندنی بیرۆکەی ئاژەڵدۆستانە لە یاساکانی پەڕڵەمان و سیاسەتی حکومەتدا، ئەو حیزبانەش دەنگ بە سیاسەت و ئەجێندای حیزبە حوکمڕانەکان بدەن.
لە کوردستان لە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە تا نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکێتی و گۆڕان و پارتی، هەموویان خۆیان وەکوو حیزبی ئامادە بۆ بەدەستەوەگرتنی حوکمڕانی ناساندووە. ئەمەش فێڵکردنێکی گەورە بووە هەم لە خۆیان و هەم لە خەڵکیش. چونکە هەموومان دەزانین ئەو حیزبانەی دەتوانن لەو واقیعەی ئێستادا حوکمڕانیی کوردستان بکەن دوو حیزبن (پارتی و یەکێتی) و ئەگەر گۆڕانیشیان لەگەڵ حیساب بکەین دەبنە سێ. بەڵام ئەوانیدیکە ئەگەر سبەی هەموو سیستمەکەشیان ڕادەست بکرێت، نە ئەزموونی بەڕێوەبردنیان هەیە و نە هێزی مرۆیی پێویستیشیان هەیە بۆ ئەوە.
بۆیە بۆ نەوەی نوێ لەجیاتی ئیدیعاکردنی ڕووخاندنی حوکمی بنەماڵەکان و موزایەدەکردنی پۆپوولیستانەی وەک ئەوەی پردەکەی سماقوڵی، باشتر دەبوو لە چوار ساڵی داهاتوودا بووبانە داکۆکیکەری چاوەڕوانی و داواکانی (نەوە نوێیەکەی کوردستان) و بە پێکهاتن و گوشاردرووستکردن وایان کردبایە پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەم چوار ساڵەدا زۆرترین شت بۆ گەنج و نەوە دڵشکاو و تووڕەکە بکەن. ئەوکات دڵنیام وەک ئێستا کەس بەگومانەوە تەماشای شاسواری لەپڕ دەوڵەمەندبوو و جووڵانەوە سەیر و سەمەرەکەی نەدەکرد و ڕەنگە ئەوەشی بەسەر نەهاتبووایە کە بەسەریهات. [1]