ناونیشان: چارەنووسی شاسوار
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #13-05-2019#
یەکێک لە ئیشە زۆر خراپەکانی ماوەی ڕابردووی حوکمڕانیی یەکێتی لە #سلێمانی# بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی دار و دەستەکەی شاسوارە. قسەیەک کە سەرۆکی نەوەی نوێ زۆر دووبارەی کردووەتەوە، لێکچواندنی ڕەفتارەکانی دەسەڵاتی سلێمانییە بە ڕەفتارەکانی بەعس، خەریکە ئەوەی یەکێتی لەگەڵ تۆمەتبارە هێشتا لە دادگا حوکمنەدراوەکانی نەوەی نوێ کردی، ئەو قسەیە لە ڕاستی نزیک بکاتەوە.
لە سلێمانی پێشینەی هەبووە کە ئەوانەی وەک نەیاری یەکێتی خۆیان دەناسێنن، بکەونە ژێر هەڕەشە و هێرش. دەستپێکی تەلەڤیزیۆنەکەی شاسواریش بە سووتاندن و، جگە لەوەش هێزکۆکردنەوە و هەڕەشە زۆر و زەوەندەکان لە گردەکە و نانبڕاوکردنی ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان، هەموویان ئەو ڕووداوانەن کە لە ڕابردووی نزیکدا ڕوویانداوە و ڕوونیانکردووەتەوە کە سۆسیال- دیموکراسییەکەی یەکێتی تا کوێ بڕدەکات. هەروەها چۆن یەکێتی پایتەختی ڕۆشنبیری دەکاتە شوێنی گێچەڵکردن بە ڕای جیاواز و ناکۆک لەگەڵ دەسەڵات، هێنانی دەستوپێوەندەکەی شاسوار بۆ سەر شاشە هەرچەندە وەک ئەوانی دیکە نایاساییە، بەڵام ئاماژەیەکی مەترسیدارترە لەوانەی پێشتر.
گریمان ڕاستە و ئەوانەی دەستگیرکراون بەڵگەیان پێگیراوە کە تاوانی ڕێکخراویان کردووە. با واشی دابنێین کە نازانین هەنگاوی دوای ئەوه، ئەگەر بۆ یەکێتی بچێتە سەر، دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید دەبێت. بەڵام ئایا ڕێگەی ڕاست چاوەڕوانکردنی بڕیاری دادگا و ڕێگەدان بە داکۆکی لەخۆکردنی تۆمەتباران و زەلیلنەکردنی خۆیان و کەسوکاریان نییە لەسەر شاشە؟ یەکێتی متمانەی بە بڕیاری دادگا و دادوەران نییە کە وایکردووە ناچاربێت ئەو ڤیدیۆیانە بڵاوبکاتەوە یان حیسابیان بۆ ناکات و پێش دادگا بڕیاریداوە چارەنووسی ئەوانە و شاسوار و جووڵانەوەکەی چی دەبێت؟
قسەیەکی دیکەش کە گرنگە بکرێت، ئەوەیە کە ئەو کولتووری قێزەونکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنانی لە دژی یەکدی بۆ ملشکاندنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، شاسوار داهێنەری نەبووە و هەموومان دەزانین چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا بە پشتیووانی کەسە دەستڕۆیشتووەکانی سلێمانی بووە بازاڕێکی بەهەڕمێن و پڕ داهات بۆ درووستکردنی جنێوفرۆش و گەرمکەرەوەی ئاگردانی ئیرهابی فیکری، کە هەم لە دژی پارتی و هەم لە دژی لایەنە ناکۆکەکان لە حوکمڕانیی سلێمانیدا بەکارهێندران. بۆیە ڕەنگە بکرێت هەر بە هەمان مادەی یاسایی و پاساوی مۆڕاڵی کە یەکێتی بۆ سڕینەوەی نەوەی نوێ پەنای بۆ بردووە، هەر لە سلێمانی خەڵکی لە شاسوار گەورەتر و مامۆستاکانیشی بدرێنە دادگا و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت. [1]