ڕۆژی#04-05-2023#، بەسەرۆکایەتی وەفدێکی یەکێتی، #لاهور شێخ جەنگی# لە شاری #هەولێر# سەردانی هەر یەک لە #سەڵاحەدین بەهادین# ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی و #عەلی باپیر# سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کرد. پێشتریش لاهور شێخ جەنگی سەردانی عومەری سەید عەلی ڕێکخەری دەست لەکارکێشاوەی #بزووتنەوەی گۆڕان#ی کردبوو.
لیوا #چەتۆ ساڵح#، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەندامی شاندەکەی لاهور شێخ جەنگی بوو کە سەردانی کۆمەڵ و یەکگرتوویان کرد. لە دوای سەردانەکەیان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ”لەسەردانەکانیان بەردەوام دەبن و بەم نزیکانەش بەشێوەیەکی فەرمی سەردانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# دەکەن”.
وەک ئاماژەدانێک بەبەهێزی پەیوەندییەکانی لاهور شێخ جەنگی و #مەسرور بارزانی#، لیوا چەتۆ ساڵح ڕایگەیاند کە لەسەر ئاستی جێگری سەرۆکی پارتی پێشوازیان لێدەکرێت.
دوای چەند ڕۆژێک لە لێدوانەکانی لیوا چەتۆ، #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆکی حکومەت سەردانی مەسرور بارزانی کرد، بەڵام لەو کاتەوە لاهور شێخ جەنگی هیچ جوڵەیەکی سیاسی نەکردووە. لەکاتێکدا بڕیار بوو سەردان و گەڕانەکانی لاهور شێخ جەنگی بەردەوامیان هەبێت.
گرنگیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە لاهور شێخ جەنگی لەو کاتەدا بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەدیاریکراویش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ یەکێتی و قوباد تاڵەبانی لە کێشەدا بوو.
مەسرور بارزانی، پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ یەکێتی، لە ڕێی لاهور شێخ جەنگییەوە پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی نۆیەم پڕبکرێتەوە، بەڵام #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی هەرێم ڕێگەی نەدا ئەو هەوڵە سەرکەوتوو بێت و پێی وابوو کە ئەم کارە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە نەک چارەسەریان بکات.
جگە لە فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەکێتی و پارتی تا بگەن بە ڕێککەوتن، هۆکارێکی سەرەکی بۆ گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەهێزی پەیوەندییەکانی لاهور شێخ جەنگی و مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوەو قوباد تاڵەبانی ترسی هەبووە کە لاهور شێخ جەنگی بە ناوی یەکێتیییەوە تەواوی پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی نۆیەم پڕ بکاتەوە. [1]