بەرپرسی یاسایی بەشی هەڵبژاردنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# ڕایگەیاند، لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی کۆدەبنەوە.
هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای پارتی وت: لەم ڕۆژانە لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی کۆدەبێنەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی فراکسیۆنی هەردوولا لە پەڕڵەمانی کوردستان ئامادە دەبن.
هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە. دواتر سەرۆک بارزانی دەستپێشخەرییەکی بۆ لایەنە سیاسییەکان کرد، لەوبارەیەوە، هاوار محەمەد دەڵێت: دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بەدواداهات، ئێستا ئێمە لە بەشی هەڵبژاردنی هەردوولا دەستکراوەتر دەبین و ڕێککەوتنمان ئاسانتر دەبێت.
بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: گفتوگۆکانمان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان دەبێت. [1]