ناونیشانی بابەت: شینەکە بۆ پارێزگارە یان بۆ گەنمی سووتاو؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #20-05-2019#
ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە کەرکووک و #خانەقین# و #مەخموور# بەسەر جووتیارانی کورد هێنرا، بەدڵی یەکێتییە. ئامانجەکەش ئەوەیە گوشار لەسەر پارتی درووست بکەن بۆ ئەوەی پەلە بکات لە ڕازیبوون بە بەربژێرێکی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک. کە دەڵێم بەدڵی یەکێتییە، مەبەستم ئەوە نییە کە یەکێتی خۆی گەنمی ئەو خەڵکە بێکەس و بێدەرەتانە کوردەی ئەو ناوچانە دەسووتێنێ، بەڵکوو ئەوەیە کە هەر کەسێک دەیسووتێنێ بەدڵ و ڕەنگە بە چاوانووقاندنی یەکێتییەکان لەو ناوچەیە ئەو کارە بکات.
بەڵگەش ئەوەیە کە پارێزگارە سەپێنراوەکەی کەرکووک لە نوێترین لێدوانیدا دەڵێت لەگەڵ یەکێتی هاوبەشییەکی سەرکەوتووانەی هەیە! بەڵام لەگەڵ پارتیدا نییەتی. جا لە کەس شاراوە نییە کە لەو ڕۆژەوەی ڕاکان جبووری بووەتە پارێزگار، هەڵمەتێکی نوێی تەعریبکردنی بێویژدانانەی نوێ بەرانبەر کورد لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەودا بەڕێوەدەچێ. بەڵگەیەکی ئەو پەیوەندییە باش و سەرکەوتووانەیەی جبووری لەگەڵ یەکێتی هەیەتی و شانازیی پێوەدەکات، ئەو بەڵگەنامەیەیە کە گوایە بەناوی پێکهاتەکانی کەرکووکەوە واژۆ کراوە و تێیدا داوا دەکرێت پارێزگاری سەپێنراو تاوەکوو کاتی هەڵبژاردن بمێنێتەوە، هیچ نەبێت وەک جێگری پارێزگار. هەڵبەت یەکێتی باش دەزانێت کە ئەگەر لەگەڵ پارتی پێکهات، ئەو بەڵگەنامەیە هیچ نرخێکی نامێنێ، بەڵام بۆ هاندانی پارتی بۆ پەلەکردن لە یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار و بۆ ڕازیکردنی ڕاکان جبووریش ئەو پێشهاتە شتێکی باشە هەبێت.
ئەگەر ڕاستیتان دەوێت دەبێ پەلە بکرێت لە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک، بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکی ئەو ناوچانە هەست بەو بێکەسییە نەکەن و دۆخەکەش بەرەو ئاڵۆزبوون نەچێت. ئێمە دەزانین کێشەی زەویوزار و کۆمەڵایەتی لەنێو کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەشدا بابەتی هەستیارن و ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێن ڕەنگە سەربکێشن بۆ شەڕی نێوان ئەو پێکهاتانە، بەڵام ئەوەی کە بتەوێت لەسەر حیسابی دەغڵودان و قووتی مەمرە و مەژیی جووتیارێکی #گەرمیان#ی گوشار درووستبکەی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو کەیسە و وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، ئەمە شوورەییە.
لەکاتی شەڕی #داعش#دا بۆ کاری ڕۆژنامەڤانی بە زۆر لەو ناوچانەدا گەڕاوم کە ئێستا ئەو کێشانەیان تێدایە. میوانی دانیشتووانی گوندی مێخاس بووم لە نزیک خانەقین، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەغڵودانەکانیان ئاگری تێبەردرا. دەزانم دۆخی بژێویی ئەو خەڵکە چەندە خراپە و دەشزانم چۆن کاتێک زانییان داعش بووەتە هەڕەشە و کەس فریایان ناکەوێت، هەر خەڵکی گوندەکە چەکیان هەڵگرت و شەڕیان لە دژی داعش کرد و خۆیان پاراست. بۆیە بەدووری مەزانن دیسان گوندییەکانی گەرمیان بەرانبەر ئەوانەی دەچنە سەر ماڵ و حاڵیان ئەم کارە بکەن و ئەنجامەکەشی خراپ بێت و شەڕێکی ماڵوێرانکەر لەو ناوچانەدا هەڵبگیرسێت.
مەترسییەکی دیکەی سەر ئەو ناوچانە، بەهێزبوونەوەی ئەو هێزانەیە کە خۆیان وەکوو داعش دەناسێنن. ئەمە زۆر گرنگتر و پێویستترە کە زووتر لە مەسەلەی پارێزگاری کەرکووکیش یەکلایی بکرێتەوە. شەڕی ئەو هێزانە لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا تەنیا بە هاوبەشی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئێراق دەکرێت. هەر ئەو کارە هاوبەشەش دەتوانێت ڕێگە لە ئاڵۆزیی دیکەی نێوان پێکهاتەکان و بەردەوامبوونی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی کورد بگرێت. بۆیە ئەگەر یەکێتی بەڕاستی خەمی خەڵکی ئەو ناوچانەیەتی و شینەکەی بۆ هەریسەکە نییە، دەبووایە لە سەرۆککۆمارەکەیەوە تا دەگاتە پەڕڵەمانتارە کەرکووکیەکانی، لە بەغدا گوشاری ئەوەیان درووستکردبایە کە جارێکی دیکە پێشمەرگە بەشداربێتەوە لە دۆسیەی ئەمنیی ئەو ناوچانە. پاراستنی دەستوور و یەکپارچەیی خاکی ئەو ئێراقەش کە ئەوانە لە ماوەی ڕابردوودا زۆریان لەسەر گوت، هەر بەوە دەکرێت کە ڕێگری بکەن لە هەڵایساندنی ئەو جۆرە شەڕانەی دەبنە هۆی ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکانی ئێراق. [1]