ناونیشانی بابەت: ناکرێ پێشمەرگە یەکبخرێ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #27-05-2019#
یەکێک لە تەحەداکانی پێش سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەبێت، کە بە بڕوای من هێندەی گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان سەخت دەبێ و ڕەنگە لە چوار ساڵی داهاتوودا مەحاڵیش بێت. هۆیەکەشی ئەوە نییە کە نەکرێ چوارچێوەیەکی یەکگرتووی فەرماندەییان بۆ دابنرێت، بەڵکوو زۆر هۆکاری دیکە هەن کە ئیشەکە قوورس دەکەن.
جارێ پێش هەموو شتێک ئەوە ڕاستە کە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەی ڕۆژاوایی مەبەستیانە و وەک ئامانجێکی ستراتیژیی خۆیان دەیبینن کە پێشمەرگە ببێتە سوپایەکی یەکگرتوو. بۆیەش بەو ئاڕاستەیەدا هەوڵدەدەن و ئەو پەیامەیان هەم داوەتە پارتی و یەکێتی و هەم بە گۆڕانیشیان گوتووە. بەڵام نە ئێران و نە تورکیا و نە بەغداش پێیان خۆش نییە و هەوڵیشی بۆ دەدەن کە پێشمەرگە یەکنەخرێت.
ڕەنگە پارتی کەمترین کێشەی لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا هەبێت. هۆیەکەشی ئەوەیە کە هەم بە دەنگدەر و جەماوەر و هەم بە دیوەکانی دیکەشدا هەژموونی بەسەر پایتەختی هەرێمی کوردستاندا هەیە و سوپایەکی یەکگرتوو قەت بە زیانی پارتی تەواو نابێت. بەڵام بۆ یەکێتی چیرۆکەکە بەشێوەیەکی دیکەیە. لیواکانی #مام جەلال# و کۆسرەت ڕەسوڵ و هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزەکانی سەر بە مەحموود سەنگاوی و ئەوانەی پشدەر و بیتوێن و ناوچەکانی دیکە، هەریەکەیان ئامرازێکن بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی کەسێک و باڵێکی نێو یەکێتی. بۆیەش نەمانی ئەوانە بەمانای نەمانی نفووزی ئەو کەس و ماڵباتانەیە کە ئەو هێزانەیان بەناوەوە بانگ دەکرێن. لەسەر ئاستی زۆنی سەوزیش ئەو هێزانە لەلایەکەوە وادەکەن مووچەخۆری سەر بە یەکێتی بۆ هێشتنەوەی قووتی ژیانی دەنگ بە یەکێتی بدات و لەلایەکی دیکەشەوە لەکاتی پێشکەوتن و گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی وەکوو گۆڕان یان نەوەی نوێ، بتوانێ ئەگەر پێویستی کرد بە زەبری هێز دەسەڵاتی یەکێتی بەسەر ئەو ناوچانەدا بهێڵێتەوە.
لەو نێوانەدا گۆڕان زۆرترین کەڵک لە یەکخستنی پێشمەرگە وەردەگرێت. بەتایبەتیش ئەگەر لەنێو حکومەتدا بێت و بتوانێ لەنێو جەماوەرەکەی جارانیدا قاچەکانی لە زەوی بچەقێنێتەوە، یەکخستنی پێشمەرگە دەبێتە دەستکەوتێک کە لە سەرەتاوە مەتڵەبی بزووتنەوەکە و ڕێبەرە کۆچکردووەکەی بووە.
جا کێشەکە ئەوەش نییە کە هێزەکان یەکبخەیت و شتێک بەناوی یەکەکانی حەفتا و هەشتا نەمێنێ. بەڵکوو کێشەکە ئەوەیە کە بە کام میکانیزم دەتوانیت ئەو هێزە بە یەکگرتوویی بهێڵیتەوە. لەدوای ڕاپەڕین سوپایەکی یەکگرتووی سەر بە #وەزارەتی پێشمەرگە# درووستکرا، بەڵام پارتی و یەکێتی بە سیستمی فیفتی بە فیفتی دایانمەزراند و زۆرتر لەوەی وەک یەک هێز دەرکەون، ببوونە دوو هێزی هاوماڵ. کاتێکیش شەڕی براکوژی هەڵایسا، لە هەندێک لەو هێزانەدا لوولەی تفەنگەکان ڕوویان لە یەکدی کرد. هۆیەکەشی ئەوەبوو فەرماندەکانی ئەو هێزانە هەر ئەو فەرماندە و بەرپرسانەی حیزبەکان بوون کە لە شاخ چەندینجار شەڕی براکوژییان لە دژی یەکدی کردبوو، هەر بەو عەقڵییەتەشەوە هاتبوونە نێو دەوڵەتدارییەوە. لە چەندین قۆناخی دیکەشدا هێزی هاوبەش درووستکران و کۆتاییەکەی هەر هەڵوەشانەوە، چونکە بنەماکەیان فشۆڵ بوو.
بۆیە پێم وایە #نێچیرڤان بارزانی# و تیمەکەی ئەرکێکی زۆر قوورسیان لەپێشە و نابێ چاوەڕوانیی گەورەمان لەو دۆسێیەدا هەبێت. مەگەر ئەوە بچەسپێنن کە دەبێ خزمەتی سەربازی بۆ ساڵێک یان دووساڵ بە ئیلزامی بێ و ئەوکات سوپایەک درووستبێت کە لەسەر بنەمای ئینیمای حیزبی نا، بەڵکوو لەسەر بنەمای مێژووی لەدایکبوون پێشمەرگایەتی تێدا بکرێت. بەڵام هەرواش دەبێ بپرسین: بەو ناسینەی بۆ کۆمەڵگەی خۆمان هەمانە، ئەمە ئاسانە و دەکرێ؟ [1]