ناونیشانی بابەت: خارە ترەمپ پێیدەکرێ؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #25-06-2019#
کاتێک گۆشەی ئەم هەفتەیەم دەنووسی، سەرۆکی ئەمریکا قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی دەکرد و بە ڕوون و ئاشکرایی دەیوت نەک ڕووخاندن، بەڵکوو بەتەمای لێدانی سەربازییش نییە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەوەش بەدڵی زۆر کەس نییە و زۆری سەیری پێکەوە کۆکردوونەتەوە، لەوانەش بەشی زۆری کوردی دەستەبژێری لەسێبەردا ڕۆنیشتووی هیچنەکردووی ڕۆژهەڵات؛ هەروەها تووندئاژۆکانی تاران و هی واشنتنیش.
خەڵکی هەولێر کە کەیفیان بە یەکێک بێت، پێیدەڵێن خارە فڵان. دوای دەرچوونیشی، ترەمپ بە و قسانەی دەیکات و دەیکردن وایکردبوو کورد کەیفیان پێبێت و هەندێک کەس دووکانەکانیشیان بەناوی ئەوەوە ناوبنێن، بەڵام لەوەتەی بووەتە سەرۆک، خارە ترەمپ سەری لە هەمووان (بە کوردیشەوە) شێواندووە و قسەی ئەمڕۆی لەگەڵ هی سبەی یەک نییە.
ئەو کەمتر لە دوو ساڵی ماوە بۆ هەڵبژاردن و بەتەمای سەرلەنوێ خۆکاندیدکردنەوەیە. بەڵێنی سەرەکیی جاری ڕابردووی هەڵبژاردنی ئەوەبوو کە چیدیکە ئەمریکا پۆلیسی دنیا نابێ و هێزە ئەمریکییەکان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و ئەو بودجەیەی لەوەدا خەرج دەکرێت، لە گەورەکردنەوەی ئەمریکا خەرج بکرێت. کەچی لەو دوو ساڵ و نیوەدا کە سەرۆکە، تیمەکەی خۆی لە ستافێکی لاشەڕی پراگماتیستەوە گۆڕیوە بۆ تیمێکی تێکەڵ لە شەڕانی و لاشەڕ. ئەو خۆی بازرگانە و سیاسەت و دیپلۆماسیش بە چاویلکە بازرگانییەکەی تەماشا دەکات و لێی تێدەرگات. زاواکەی، کە کەسی دەستەڕاستییەتی و وەک خۆی دیدگای بازرگانیی هەیە بۆ هەموو شتێک، لاشەڕە و لەگەڵ کردەوەی سەربازیدا نییە و هەوڵدەدات هەرچییەک ئەمریکا لە دنیادا و بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیکات بۆ گوشار خستنە سەر دوژمنەکانی، لە ڕێگەی ئابوورییەوە بیکات. نموونەش شەڕی دژی هواوی (چین) و قوورسترکردنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێرانن. ترەمپ هەمیشە بە تاران دەڵێت ئەگەر ڕادەست نەبن، بە چەک نا بەڵکوو بە ئابووری بەچۆکتاندا دەهێنم.
ئەمە هیچ بەدڵی جۆن بۆڵتنی ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ترەمپ نییە. بۆیە ترەمپ ئێستا بەئاشکرا لە تویتەکانی و هەڤپەیڤینەکانییدا باسی بۆڵتن دەکات و دەیدرکێنێ کە ئەو بەردەوام لەگەڵ لێدان و شەڕدایە. بەڕاستیش ئەوەی بۆڵتن لە دژی ڤەنزوێللا و ئێران دەیکات، مۆبیلیزەکردنی سەرۆکەکەی و شەقامی ئەمریکا و دۆستەکانیانە لە جیهاندا بۆ تەدەخولی سەربازی. پۆمپێیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەکرێ وەک ماستەرمایندی تیمی شەڕانیی ترەمپ بناسێنرێ و وەک نیویۆرک تایمز نووسیبووی، ئێستا وەک دیپلۆماتێک تەنانەت زمانی قسەکردنیشی گۆڕاوە و زۆرتر ئەو دەستەواژانە بەکاردەهێنێت کە ژەنەڕاڵ و کەسانی سەربازی بەکاریدەهێنن. ئەمانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ترەمپیان هێنایە ئاستێک کە ڕازی بێت بەوەی گورزی سەربازی لە ئێران بدرێت، بەڵام دیاربوو زاوا زێڕینە زوو فریاکەوت و بیریهێنایەوە کە لەم بەرەبەری هەڵبژاردنەدا چەند هەڵەیە ترەمپ بچێتە شەڕەوە لەگەڵ ئێران.
ڕاستییەکەی هەموو ئەوانەی دژی ئەمریکان و ئەوانەش کە دۆستی ئەمریکان، بەڵام دژی ترەمپن، حەزدەکەن شەڕ لەگەڵ ئێران ببێت. بەرپرسانی تارانیش هەروا و پێیانخۆشە ترەمپی بەر لە هەڵبژاردن شەڕیان لەگەڵ بکات نەک ترەمپی پاش هەڵبژاردنەوە. چونکە دەزانن ئەوکات، وەک ترەمپ خۆیشی گوتی، شەڕەکە دەبێ و گاڵتەش نابێت. بۆیە ڕاستییەکەی هەرچەندە ترەمپ ئێستا خۆی نایەوێت شەڕ ببێ و شەڕیش بۆ ئەو باش نییە، بەڵام دیار نییە ئەو ئیستیفزازانەی ئێران دەیکات و ئەو دنەدانەی تیمەکەی و لۆبیی دۆستان و پاڵنەرەکانی دیکە دەیکەن، خارە ترەمپ ناچاردەکەن ئیمزای شەڕەکە بکات؟ جا بێگومان ئەمەش هیچ لە حاڵی کوردی ڕۆژهەڵات ناگۆڕێ و بۆ هیچ شتێک ئامادە نین. بەپێچەوانەوە، وەک سەرکردەیەکی ڕۆژهەڵات دەیگوت، ڕژێمی ئەمجارەش لاواز بێت یان بڕووخێت، وەک ئەوەی شا هەر بەسەر کوردی نائامادەدا دەڕووخێت. [1]