ناونیشان: تونێلی ڕۆژاڤا
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #02-07-2019#
وڵاتانی ئەوروپایی هاوپەیمانی ئەمریکا کەوتوونەتە گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێکی ئەمریکی بۆ جێگیرکردنی هێزی هاوبەشی سەقامگیری- پارێز لە باکووری سووریا (کە ڕۆژاوای کوردستانیش دەگرێتەوە و بەدەست کوردەوەیە) . ئەو وڵاتانە هەم وەک ئەندامی ناتۆ و هەم وەک ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی #داعش# و هەم چەند دانەیەکیان وەک دەوڵەتی هاوسۆز لەگەڵ کوردی ڕۆژاوا، دوودڵن لە ڕازیبوون بە و پێشنیازەی ئەمریکا و دەڵێن کاتی خۆی لە ڕێگەی تویتێکی ترەمپەوە زانیویانە ئەمریکا دەیەوێت لەو ناوچانە بکشێتەوە، بۆیە ئێستاش متمانەیان بە پلانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە نییە، بەڵام ناشیشارنەوە کە دڵخۆشن بەوەی ئەمریکا دەیەوێ هاوپەیمانەکانی لەو ناوچەیە لە دژی ئەسەد و هێزەکانی دیکە بپارێزێ.
ئەوەی کە دیارە، لە کۆتاییدا ئەو وڵاتە ئەوروپییانە ڕازی دەبن و لەگەڵ ئەمریکا هێز لەو ناوچانە دادەنێن. هەروەها ئەوەش ڕوونە کە شەڕەکانی نێو سووریا ئەمساڵ تەواو نابن و چاوەڕوان دەکرێ لە هەندێک ناوچە ئاڵۆزتریش ببن. بۆ نموونە لە ئیدلب چاوەڕوان دەکرێ تورکیا و هێزەکانی سەر بە تورکیا جووڵەی زۆرتریان هەبێ و ئەمەش پێچەوانەی ئەو پلانەیە کە دیمەشق، بە هاوکاریی مۆسکۆ و تاران بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە و گێڕانەوەی سوپای سووریا بۆی دایانناوە. ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆی درووستبوونی پێکدادانی هێزە پرۆکسییەکانیان و تەنانەت تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێرانیش. چاوەڕوان دەکرێ ئیسرائیلیش لە نیوەی دووەمی ئەمساڵەوە پەلامارەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە سووریا چڕتر بکاتەوە. ئەمریکاش بە پاساوی بەهێزبوونەوەی داعش لە هەندێک ناوچەی سووریا و بەتایبەتیش لە هێڵەکانی تەماس لەگەڵ باکووری سووریا و ڕۆژاوای کوردستان، ڕەنگە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ ئەو شوێنانەی بەدەست سوپای سووریاوەن، بەڵام هێز و ڕاوێژکاری ئێرانیی لێن، چڕتر بکاتەوە.
لە و نێوانەدا ڕۆژاوای کوردستان و ئیدارەکەی شانسی ئەوەیان هەیە کە کاتێکی دیکەی زیادکراو وەردەگرن هەم بۆ دانووستاندن لەگەڵ دیمەشق و هەم بۆ پێگەیەک لە سووریای ئاییندەدا (کە زۆر دوورە جارێ ئەو سووریای ئاییندەیە درووستبێت) . ئەو کاتە درێژکراوەیە دیار نییە تا کەیە، بۆیە نابێ کوردی ڕۆژاوای کوردستان دەستیان بخەنە ژێر سەریان و بێخەم لێی بنوون. بەتایبەتیش پەکەکە دەبێ پەندی لە ڕووداوەکانی ماوەی ڕابردوو وەرگرتبێ و بزانێ لەو زۆنەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کاتین و ئەوانەی دەمێننەوە ئەوانەن کە لە ناوچەکەدا لەگەڵیان دەژین. بۆیە وەکچۆن قۆستنەوەی هەموو دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی دانووستاندن لەگەڵ دیمەشق لەسەر مافەکانی کوردی ڕۆژاوا پێویستییە و شەرمیشی ناوێ کە بکرێ، ئاواش ڕەواندنەوەی هەڕەشەی تورکیا لەسەر سنوورەکان و درووستکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەی سەرەتا هەبوون و دواتر تێکدران، بەشێکی دیکەی قۆستنەوەی دەرفەتە و شەرمیشی تێدا نییە ئەگەر بکرێ. بەشێکی گرنگی ئەمەش بەوە دەبێت کە نێوماڵی پەرتەوازەی ڕۆژاوای کوردستان یەکبخرێتەوە و ئەو ئیدارەیەی کە هەیە بۆ هەمووان بێت و بەهاوبەشی بەڕێوەببردرێت، تا تورکیاش بیانووی هەڕەشەی کەمتر بێت.
شانسێکی دیکەی زێڕین کە لەم کاتە زیادکراوەدا کوردی ڕۆژاوا هەیەتی، بوونی #نێچیرڤان بارزانی#یە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. ئەو پێشینەیەکی هەیە لە لێکنزیککردنەوەی پەکەکە و ئەنقەرە و جووڵاندنی پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا. لە ماوەی ڕابردووشدا هانی کوردی ڕۆژاوای دا کە لەگەڵ دیمەشق بکەونە گفتوگۆ. بۆیە دەتوانێ لەم ماوەیەدا ڕۆڵی هەبێ و هاوکار بێت بۆ دەرچوونی ڕۆژاڤا لەو تونێلەی هێشتا دیوەکەی دیکەی دیار نییە. [1]