ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی #18-05-2023#، بەردی بناخەی وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دادەنرێت و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و ئێراق.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەمەنیدا چەندین هەنگاوی گەورەی بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی وزەی سووتێنەری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەڵگرتووە.
توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە، 25 مێگاوات کارەبایە و ژمارەیەکی زۆر پەنەڵ لەخۆ دەگرێت و دەکەوێتە گوندی منارەی دەوروبەری #هەولێر#. وێستگەکە ژینگەدۆستە و ئەو کارەبایەی بەرهەمیدەهێنێت بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبەسترێتەوە.
ئێستا 20٪ بۆ 30٪ی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان لە وزەی خۆرە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت ڕێژەکەی بەرزتر بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هاوشێوە جێبەجێ دەکات.
گوژمەی پڕۆژەکە 100 ملیۆن دۆلارە و ڕووبەرەکەی 590 دۆنم زەوییە و لە ماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواو دەکرێت و هەوڵدەدەن بەزوویی درووستبکرێت.
لە هەرێمی کوردستان، دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بەخۆر هەیە، کە توانای بەرهەمهێنانی 3 مێگاوات کارەبایان هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەت بڕیاریداوە وێستەگەیەکی بەرهەمهێانی کارەبا بە گوژمەی 235 ملیار دینار و توانای بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی #سۆران# درووست بکات. [1]