بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، شەڕەفخان کوڕی شەمسەدینی میری #بەدلیس# بووە، لە ساڵی 1543 لەدایک بووە، لە تەمەنی 12 ساڵیدا بووە بە میر. شەڕەفخان یەکێک بووە لە زانا گەورە و ناودارەکانی سەردەمی خۆی، لە ساڵی 1597 پەڕتووکی بەناوبانگی (#شەرەفنامە#) ی بە زمانی فارسی نووسیوە. پەڕتووکەکە لەبارەی مێژووی کوردە و بە شێوەزارەکانی کوردی کرمانجی ژووروو و کرمانجی خواروو و زمانەکانی (فارسی، عەرەبی، فەڕەنسی و ڕووسی) چاپ کراوە. بە نووسینی شەرەفنامە، زانیاریی لەمەڕ جوگرافیا و ژیانی ڕامیاری و دەسەڵاتی کورد و زمان و ڕووە هەمەجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردیی ئەودەمە تۆمار کردووە.
لە پەڕتووکی شەڕەفنامەدا، زۆر نەخشە و تابلۆی ڕەنگاوڕەنگ هەن، کە بەدەست کێشراون و هەندێکیان لە مۆزەخانەکانی ئەوڕوپادا پارێزراون. #شەرەفخان# لە ساڵی 1604دا کۆچی دوایی کردووە و گۆڕەکەی لە بەدلیسە، دوای سەدان ساڵ لە کۆچی دوایی کردنی، تا ئێستا ناوەکەی بەزیندوویی ماوەتەوە.
شەڕفخانی بەدلیسی (1005ک - 1596ز) وای ڕاگەیاندووە، کە کورد لە باری کۆمەڵایەتی و زاراوە دەبێتە چوار بەش، واتە (کرمانج، لۆڕ، کەلهوڕ، گۆران) . سنووری کوردستان، بە خەتی ڕاست لەسەر کەنداوی فارسەوە تا بڕانەوەی مەلاتیا و مەرعەش دەچێ، ئالی باکووری ئەم خەتە وڵاتانی فارس و ئێراقی عەجەم و ئازرباینجان، ئەرمنستانی گچکە و ئەرمەنستانی گەورە، لە باشووری ئێراقی عەڕەب و ناوچەکانی مووسڵ و ئامەدە.
پاشایان و میرانی ئازای کوردستان بە ناوی هۆزیان ناسراون، وەک (هەکاری، سۆری، بابانی، ئەردەڵانی) . هەندێکیشیان ناویان وێڕای شار و قەڵاکانیان هاتووە، وەک: (میرانی حەسەن کێف، بەدلیس، جزیرە، حەزۆ، ئەکیل) و هیتریش...
$فەرمانڕەواکانی کوردان، لەلای بەدلیس چوار دەستەن:$
یەکەم سەربەخۆکان، کە مێژوونووس ناویان بە پاشا نووسیوە.
دووەم، ئەوەی تەواو سەربەست نەبووە، بەڵام دراویان لە سکە داوە و لە وتاری هەینی ناویان هێنراوە.
سێیەم، فەرمانڕەواکانی کوردستان.
چوارەم، فەرمانڕەوای بەدلیسی.
سەرچاوە: - نەخشەی کوردستان لە سەردەمی شەڕەفخاندا، شەڕەفنامە، مێژووی ماڵەمیرانی کوردستان، میر شەڕەفخانی بەدلیسی. وەرگێڕانی مامۆستا هەژار، چاپی سێیەم 2006 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس.[1]