ئەگەر تۆ لەو کەسانەیت لە دوا نیوەڕوان تا ئێوارە حەز بە سەرخەو شکاندنێک دەکەیت، پێویستە بزانیت ئەمە تا چەند تەندرووستە و کاریگەریی لەسەر جەستە و مێشکت هەیە و ڕەنگە مەترسیداربێت بۆ تەندرووستی دڵت بە پێی توێژینەوەیەکی نوێ.
چەند توێژەرێکی ئیسپانی لێکۆڵینەوەیەکیان کرد و ئەنجامەکەیان لە کۆنفرانسی زانستی کۆمەڵەی ئەوروپی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ لە ئیسپانیا پێشکەشکرد، کە دەربارەی پەیوەندی نێوان سەرخەوشکاندن و تەندرووستی دڵ بوو.
لەو توێژینەوەیە 20 هەزار و 348 کەس بەشداریانکرد، زانیارییە کەسییەکانی وەکوو (تەمەن) ، وە خوی ڕۆژانەیان وەکوو (جگەرەکێشان، وەرزش و خواردنەوەی قاوە...) ، هەروەها باری تەندرووستی وەکوو (نەخۆشییەکانی شەکرە، پەستانی خوێن..) ی تێدابوو، لەسەر ئەم بنەمایە توێژینەوەیان ئەنجامدا و دابەشکران بۆ سێ گرووپ، ئەو کەسانەی ڕۆژانە کەمتر لە 30 خولەک دەخەون، یان زیاتر لە 30 خولەک دەخەون، لەگەڵ ئەو کەسانەی هیچ ناخەون لە ڕۆژدا.
لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەرکەوت، ئەو کەسانەی ڕۆژانە زیاتر لە 30 خولەک دەخەون، مەترسی تووشبوونیان بە ناڕێکی لە لێدانی دڵ، نزیکەی دوو هێندەی ئەو کەسانە بووە کە کەمتر لە 30 خولەک دەخەون.
دکتۆر جیسس دیاز، کە یەکێک بوو لە توێژەرانی ئەو توێژینەوەیە ڕایگەیاند، پێویستە خەوی ڕۆژانە سنووردار بکرێت بۆ کەمتر لە 30 خولەک، بۆ ئەوەی لەرزین لە دەمارەکان ڕوونەدات.
هەروەها وتیشی، کاتی گونجاوی سەرخەو شکاندن لەنێوان 15 بۆ 30 خولەکە، ئەگەر بەمشێوەیە بکرێت سوودی تەندرووستی دەبێت وەکوو دابەزینی بەرزی فشاری خوێن، وە بە پێچەوانەوە ئەگەر لە 30 خولەک زیاتر بێت، دەکرێت کاتژمێری بایۆلۆژی جەستە تێکبدات. [1]