ناونیشانی بابەت: پیرباڵ شایانی بەزەیی نییە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #15-07-2019#
ئەم هەفتەیە لەسەر شتێکی گرنگتر لە سیاسەت دەنووسم کە کێشەی فەرهاد پیرباڵە. دڵنیام زۆر کەس دوای بەرنامەکەی ڕەنج و ڕەنگە پاش سووتاندنی ماڵی وەفاییش لە هەولێر، بەزەییان بە و پیاوەدا هاتووەتەوە، بەڵام ئەوانە خۆیان شایانی بەزەیین. چونکە وێنەیەکی بچکۆلەیان بینیوە و وێنە زۆر گەورەترەکەیان نەبینیوە کە دەبێ ببینرێ. فەرهاد پیرباڵ یەکەم نووسەر و بەهرەدار و کەسی ناسراوی کۆمەڵگەکەی نییە کە پێویستی بە چارەسەری دەروونی هەبووبێ. ئەوەی ڕۆژێک لووتی لە فەلسەفە ژەنیبێ، ناوی سوکرات و نیتچە و جۆن ستیوارت میلی لەسەر زارە. ئەوەی باسی بلیمەتی و توانای مێشک بکات، ناتوانێ خەیاڵی بۆ ئەنیشتاین نەچێت. کەس نییە سەرە واوێک لە ئابووری بزانێ و بیری بۆ ناوی ئادەم سمیث نەچێت. هەروەها ناکرێ کۆمەڵناسیت حەز لێ بێ و میشێل فۆکۆ نەناسیت. هەموو ئەو ناوانە لە قۆناغە جیاوازەکانی پێش و پاش دەنگدانەوەی کارەکانیاندا، تووشی شڵەژانی دەروونی و خەمۆکیی قووڵ و کێشەی گەورە بوون و چیرۆکەکانیشیان زانراو بوون، بەڵام هیچیان وەک پیرباڵەکەی ئێمە لەنێو کۆمەڵگەکانیاندا سووک نەکران و هێندە خەڵک نەزانانە مامەڵەی لەگەڵ نەکردن.
فەرهاد بە بەرچاوی هەموومانەوە وایلێهات، بەڵام لەبەرئەوەی زۆرینەمان وەک ئەو کێشەی دەروونیمان هەن، کەمتر وێنەکەی ئەومان بینی. کاتێک لە نیوەی دووەمی نەوەتەکاندا خەونەکانمان پڕبوون لە دیمەنی ڕەنگاوڕەنگی جیهانە ئایدیاڵییە خەیاڵییە ئەوروپییەکە و هەوڵماندەدا بیگەینێ، فەرهاد دەگەڕایەوە هەولێرێک کە لووتکەی خۆشییەکەی باخچەی برووسک و کڵگەندێک و چایخانەکەی مەچکۆ بوو. ئەوکاتیش بەزەییمان پێدادەهاتەوە، چونکە دەمانوت بە قاچی خۆی لە بەهەشتەوە هاتووەتەوە نێو دۆزەخ! بەڵام کە وێرانەکانیمان بینی و شڵەقاندنە کولتوورییەکەی ئەوکاتیمان لە ماڵی شەرەفخان دیت و ئەو هەموو گەنجەمان بینی کە لەدەوری کۆبوونەتەوە و فێری یاخیبوونیان دەکات، زانیمان ئێمە شایانی بەزەیی بووین نەک ئەو.
لەم ساڵانەی دواییدا، نەزانە زۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێمە فەرهادیان وەک زۆر بیرکەرەوە و توانای دیکە، سووک کرد. ئەوانەی دەیانەویست کۆمەڵگە بگۆڕن، هەموو کۆمەڵگە ئیشی لەسەرکردن کە ئەوان بگۆڕێتەوە و بیانگەڕێنێتەوە دنیا بچکۆلە و تاریکەکەی جاران. لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا کۆمەڵگە سەرکەوت و دەستەبژێرەکە دۆڕا. فەرهاد یەکێک لەوانە بوو کە هەڵخلیسکا. هانیاندا بکەوێتە نێو هەندێک وردە گەمەی سیاسی، کە پەڕتووکەکانی و دنیا ڕۆشنەکەی ئەو زۆر لەوانە گەورەتر و جوانتر بوو. وایانلێکرد بە ڕۆژ قسە بە و سیاسی و بە و ڕەمزە بڵێت و بە شە و لەسەر مێزی خواردنەوەی ڕکابەرە سیاسییەکانیان وەک نوکتە و قسەی خۆش بگێڕدرێنەوە. فەرهاد لەو دنیا قێزەونە گەورەتر بوو، بەداخەوە وایلێهات.
بەڵام ئێستا پیرباڵ پێویستی بە بەزەیی پێداهاتنەوە نییە، بەڵکوو پێویستی بە چارەسەرە. چیرۆک و کەیسەکەشی زەنگێکی زۆر بەهێزە بۆ ئەوەی هەم کۆمەڵگە و هەم حکومەتیش بیبیستن و بزانن: کوردستان بەپەلە پێویستی بە سیستمێکی ڕێکوپێکی چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکانە. ئەم وڵاتە پڕە لە مرۆڤی وەک پیرباڵ کە شایانی ئەوە نین وا لەسەر شەقامەکان بن و ئازار بدرێن یان بەزەییمان پێیاندا بێتەوە. لە سووچی ماڵەکاندا و لە دووکان و شوێنی کار و سەرکردایەتیی حیزبەکان و پەڕڵەمان و حکومەتدا بەدەیان کەس هەن کە چارەسەریان دەوێ و نازانن چۆن ئەوە بکەن. ئەوانە دەبێ لە کلینیکدا بن و لێیان تێبگەین و پاش چارەسەر بیانگەڕێنینەوە نێو کۆمەڵگە.
بۆیە لەجیاتی حکومەتی نوێ بم، بەوە دەستپێدەکەم کە لە هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان کلینیکێکی زۆر پێشکەوتووی کێشە دەروونییەکان لەنێو چیا و ڕووبار و سرووشتی دڵگیری وەک ناوچەی هاوشێوەی باڵەکایەتی درووست بکەم و یەکەمین کلینیکیش ناودەنێم فەرهاد پیرباڵ. با ناوی ئەو وەک ڕەمزی ئەو گۆڕانە دروونییە بمێنێت کە بۆ دەرووندرووستیی کۆمەڵگەیەکی نەخۆش دەستیپێدەکەین. [1]