ناونیشان: پەکەکە چ دەکا؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #29-07-2019#
بڵاوبوونەوەی دانپێدانانەکانی تۆمەتبارانی ڕووداوەکەی هۆققەباز زۆر پرسیاری نوێی لەبارە و لەسەر پەکەکە درووستکردووە. هەستدەکرێ وردەوردە قۆناخی سێیەم لە سووڕی ژیانی ئەو حیزبە دەستی پێ کردووە کە لە دوو قۆناخەکەی پێشووی جیاوازە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەرچەندە زەقناکرێتەوە، بەڵام مەترسیی سەرلەنوێ هەستانەوەی #داعش# لە ناوچەکەدا بەهێز بووە و هەندێک نێوەندی کاریگەریی ئەمریکی لەوبارەوە هۆشدارییان داوەتە ئیدارەی ترەمپ. هەندێکیشیان پێشنیازی پشتگیریکردن لە هێزە عەرەبییەکانی نێو هەسەدە و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا (بە ڕاگرتنی پشتیووانی لە یەپەگە) دەکەن.
باندۆری ڕووداوەکەی هۆققەباز، ئەگەر لە هۆققەبازی ئیستەنبوڵ کرابووایە، جیاواز دەبوو لەوەی لە هەولێر کرا. ئەوکات دنیا دەیوت تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمدواییەیدا لە سیدەکان و ناوچەکانی دیکە گورزی گەورەی لە سەرکردایەتیی پەکەکە داوە و پەکەکەش لە قووڵایی تورکیادا گورزی گەورەی وەشاندووەتەوە. هەرچەندە بەویشیان هەر دەوت تیرۆر، بەڵام هێندەی تیرۆرەکەی هۆققەبازی هەولێر بەخراپی بەسەر پەکەکەدا نەدەشکایەوە. وەک شارەزایانی ئەمنیش باسیدەکەن و لەزاری تۆمەتبارانیشەوە بیستمان، کردەوەکە هێندە بێ سەروبەر ئەنجامدراوە کە بیر لە ئەنجامدانی کراوەتەوە، بەڵام باش بیر لە دەربازکردنی ئەنجامدەرانی نەکراوەتەوە. ئەمەش نیشانەی لاوازیی ڕێکخراوێکی مونەزەمی گەریلایی و خاوەنی بڕیاری ناوەندییە کە لە ڕابردوویدا نموونەی دیکەی هاوشێوەی تیرۆری هۆققەباز تۆمارکراون.
لێدوانی یەکێک لە بەرپرسانی پەکەکە لەسەر ڕووداوەکە، کە ڕەتیکردەوە کاری ئەوان بووبێ و هاوکات دڵخۆش بوو بە ئەنجامەکەی، درووست پێچەوانەی ئەوە بوو کە لە قسەکانی دووران کالکان خوێنرایەوە و هەڕەشەی جێبەجێکردنی کاری دژە تورکیایی کرد لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هەر ئەو دوو لێدوانەش گومانەکانی زۆرتر کرد لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە قۆناخی سێیەمی ژیانی پەکەکە دەستی پێ کردبێ. قۆناخی یەکەم ئەوکاتە بوو کە ئۆجەلان لە لووتکەی دەسەڵاتی حیزبەکەیدا بوو و بە ستایلی ڕێبەری ڕۆحی حیزبەکەی بەڕێوەدەبرد. لەو قۆناخەدا پەکەکە بریتی بوو لە قسە و ئیرادە و خواستی ئۆجەلان. قۆناخی دووەم ئەوکاتە بوو کە ئۆجەلان گیرا و پاش هەندێک سەرگەردانی و جیابوونەوەش، بەڵام کۆنسەیەکی لەسەرەتادا کاریگەر و دواتر کەمتر کاریگەر بە پەیامەکانی ئیمراڵی وایانکرد لە پەکەکەدا ناوەندی بڕیار بمێنێتەوە. لە قۆناخی سێیەمدا کە ئاماژە سەرەتاییەکانی دەرکەوتوون، هەستدەکرێ کۆمەڵێک بڕیاری پەکەکەییانە، بەڵام بە ئاڕاستەی دژبەیەک دەردەچن. ئەمە لە دووەمین هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبوڵ و لە ڕووداوەکەی هۆققەبازیشدا دەرکەوت.
ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێرانی لە ماوەی ڕابردوودا نمایشێکی گەورەیان لە شاری ئەشرەفی سێ کرد کە لە ئەلبانیا و بە پشتیووانیی ئەمریکا و ئەوروپییەکان بۆیان درووستکراوە. ئەو ڕێکخراوەش هاوشێوەی پەکەکە بەڕێوە دەبردرا و وەکوو ئەوانیش لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بوون، بەڵام وەک لە گۆشەی ڕابردووشمدا نووسیبووم، لە ڕۆحی زەمان تێگەیشتن و سەرەڕای دیارنەمانی کەسی یەکەمیان، بەڵام خۆیان لەگەڵ واقیعە نوێیەکەدا گونجاند. هەستدەکرێ لە ڕۆژاوای کوردستان هەوڵێکی وڵاتانی ڕۆژاوایی هەیە بۆ ئەوەی هەسەدە و یەپەگە و پەیەدەی لەبنەڕەتدا پەکەکە وەک مۆدێلی موجاهیدین بگونجێنرێن لەگەڵ ستایلێکی لەڕووی نێودەوڵەتییەوە قبووڵکراو. ئەمەش ئەوکاتە دەکرێت کە پەکەکەی قەندیلی یان خۆی بگۆڕێت یان پەیوەندیی بە پەکەکەی ڕۆژاڤایی لەلایەن ئەمریکاوە پارێزراوەوە نەمێنێ. بۆیە پێناچێ زۆر لە سەرکردە شەڕانییەکانی قەندیل ئامادەبن بۆ ئەو گۆڕانکارییە و دەشزانن ئەمە کۆتایی ئەوانە. هەروەها واش بیردەکەنەوە کە هەولێرێکی سەقامگیر و گەشەسەندوو، ئەو پڕۆسەیە خێراتر دەکات و پارچەکانی پەزڵەکە دەگەنە یەکدی و ڕەنگە پەکەکەیەکی جیاواز (تەنانەت بە موبارەکەی ئۆجەلانیش) لەدایک ببێت. بۆیەش بە ناسەقامگیرکردنی هەولێر، بەئاشکرا دەڵێن: یان ئێمەش بە و ستایلە کۆنەی دەمانەوێ ئازاد دەبین، یان نابێ ئێوەش بە و ستایلەی هەتانە ئازادبن. ئەوەش لە شوێنێکەوە دەڵێن کە ئازادیان نەکردووە و بەزۆر تێیدا دانراون و چەندین فرسەخ لەو خاکەوە دوورە کە دەیانەوێ ئازادی بکەن. [1]